نزای درەخت
از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
2 دقیقه
1507 مشاهده
برای مرۆڤ، منی درەخت هەتاکوو ئەمرم
بەری خۆشی و بەختیاری بۆ ئێوە ئەگرم:
بۆ هەر وەرزێ، بۆ هەر پلەی تەمەنێ کە دێ
جۆرێ تام و جۆرێ سوودی خۆمتان ئەدەمێ
لە کڕێوە و سەرماوسۆڵەی سەختی زستانا
کەڵەپشکۆی ئاگردانم لەناو ماڵانا
تینی گەرمام، کڵپەی گڕی زوقم ڕەوێنم
بۆ چیرۆکی داپیرە گیان هەر خۆم هەوێنم
هەر منیشم ئاگری نەورۆز دائەگیرسێنم
مژدەی بەهار بە گوێتانا زوو ئەچرپێنم
لەژێر سایەی دڵنیاییی مندایە دڵدار
سکاڵاکەی هەڵئەڕێژێ بێترسی بەدکار
بۆ دیلانێی منداڵانتان، پەت لە مل ئەخەم
لەگەڵیانا یەم و ئەچم دڵخۆشیان ئەکەم
خۆشەویستی کوڕی لادێ و کیژی ناو شارم
چەپکێ دڵخواز، مایەی شادیی خاڵەی جووتیارم
قرچەی گەرماش، سێبەرێکم ڕێی هەتاو ئەگرم
ئارەقی پاش هیلاکبوونی ماندوێتی ئەسڕم
من کۆڵەکەی خانووبەرەی ژووری ژیانتم
گوڵی دەست و، دەرگای کونجت و، چرای گیانتم
تا تەورەکەت جێدەستەکەی، تا کەشتیت منم!
کە بوویت لانکم، کە مردیشیت، تەختەی شتنتم
قەڵەمی بیر، گاڵۆکی شوان، مێزی خوێندنم
بۆ شەوگاری پشوودانت، تەختی نووستنم!
نزای منیش، پاڕانەوەی ڕوو لە ئێوەنان
هەر ئەوەیە هەڵیمەبڕن بۆم دەستی تاوان
مەیبڕنەوە، چڵ و لق و پۆپم مەشکێنن
تو خوا ئەگەر گەشەی ژینم لێ بشێوێنن!