پەیامی ون بوو

از کتاب:
تریفەی هەڵبەست
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  1096 مشاهده
ژیان: هێشتا کرچ و کاڵ بوو
زمانی ئەیگرت و لاڵ بوو.
گەردوون: تەمەنی مناڵ بوو.
خۆر: تازە چاوی ئەپشکووت.
مرۆڤ: تازە بیری ئەبزووت
پێغەمبەرانی خوا ناردوو
ژمارەیان ئێجگار کەم بوو.
ئاسمان و ئەستێرە و دەریا
چیا و درەخت و گژوگیا
تازە ئەبوون و ئەخوڵقان
بە سروشتەوە ئەلکان.
زەمین هێشتا
هاڵاو لە لەشی هەڵئەستا!
کە - ئاوێستا -
لە ئاسۆی بیری زەردەشتا
بۆ کورد هەڵهات.
کە پەیامی ئاهورامزدا
لە لووتکەوە بانگی هەڵدا
بۆ گشت دنیا
بوو بە ئاوات!.
***
تا کورد خاوەن ئاوێستا بوو
خۆریشی لەژێر دەستا بوو.
هەتاکوو چرای ئاوێستا
دائەگیرسا
بەرچاوی بیرمان ڕووناک بوو
سەرچاوەی دەروونمان پاک بوو
بەڵام کە ئاوێستا، برا،
دزرا و گۆڕدرا
بە نینۆکی ڕق و کینە
وشەی پیرۆزی لێ ڕنرا
مۆری بێگانەی پیانرا
ڕووناکیمان کەوتە کزیی
بەربووینەوە بەرەو نزمی
کە لە دەستمان چوو ئاوێستا
دەم و دڵ و بیرمان بەسترا
لەوساکەوە هەتا ئێستا!.