٤

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (سوارە)
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 14 دقیقه  834 مشاهده

― ڕاوەستە بزانم کێی!؟

― کوڕم هەواڵێکی گرنگم بۆ نەبی خان هێناوە، ئەبێ هەر ئەمشۆ پێی بگەیەنم.

― بڕۆ پیرێژن بەیانی وەرەوە، خان ئێستا خەوتووە ناکرێ خەبەری کەینەوە.

― بەڵام کوڕم هەواڵەکە زۆر گرنکە، ئەترسم کات بەسەر بچێ ئاخ.

― بەڵێ بزانم ئەم هەواڵە چییە!؟

― گوێت بێنە پێشەوە!... با پێت بڵێم...

― ئەها... زۆر باشە تۆ هەر لێرە ڕاوەستە تا من هەواڵ بدەم بە خان و ئەگەڕێمەوە.

― ئەم پیرێژنە بەم شەوە لێرە چی دەکرد!؟ وا دیار بوو شتێکی بە نیگابانەکە گوت... نەکا بە ڕازی ئێمەی زانیبێ و بیەوێ بە نەبی خەبەر بدا. ئەگەر وا بێ من و مەراد تێدا دەچین... وا باشە بچمە ناو ئەو ماڵە کە وا نەبی تێدایە... ئاهـ... ئێرە زۆر باشە ئەوە پیرێژنەکە چووە ژوورەوە... ئاهـ... با ئەمنیش بچمە ناو داڵانەکە ڕاوەستم...

― دەی تۆ بڵێ بزانم تۆ دڵنیای کە ئەو کوڕە لاسی کوڕی ئەحمەد خانە!؟

― بەڵێ قوربان، ڕاستە کە من پیر بووم، بەڵام ئاوەزم باش کار دەکا، لە پشت دەرگاکە خۆم گرتبوو بەم گوێیانەی خۆم بیستم کە پیاوە نەخۆشەکە بە کوڕە لاوەکەی ئەگوت سەروەرم.

― ئەمە بەڵگە نییە پیرێژن، بزانم چی تریان گوت؟

― گەورەم، لاوەکە گوتی کە نەبی خان ئەیەوێ هێرش بکاتە سەر باوکم، باوکیشم خۆی ئامادە نەکردووە بڕیاریان دا کە پیاوە نەخۆشەکە بەرێتە ئاواییەکی تر وە خۆشی بگەڕێتەوە لای ئەحمەد خان، وە ئەم هەواڵەی بداتێ. دەزانی قوربان من خۆم بە کەنیزی تۆ دەزانم، هەڵبەت نەمدەتوانی ئەم هەواڵە بە تۆ ڕانەگەیەنم. بەڵێ گەورەم، من کەنیزم... کارکەرم...

― ئاهـ... تۆ لەڕادەبەدەر زۆر بڵێیی دەکەی، بەڵام ئەم هەواڵەشت بەکەڵک بوو، ئەبێ کارێک بکەم ئەحمەد خان لەسەر مەیتی کوڕەکەی دانیشێ، بەڵێ سەری لاس ئەبڕم و ئەینێرمەوە بە دیاری بۆ ئەحمەد خان. ئاخر من و ئەو دۆستی لە مێژینەین، هەر ئەبێ دیاریەکی وا باشی بۆ بنێرم... ها... ها... ها...

― قوربان کارێکت بە من نییە!؟

― نە پیرێژنی فەرهادکوش کارێکم پێت نییە بگرە ئەمەش دەستخۆشانەت.

― سپاست دەکەم گەورەم، سپاست دەکەم.

***

― ئێرە... زۆر باش بوو، بەڕاستی زۆر باش بوو، ئەم جارە وا دیارە هاتمەوە، ئەحمەد خان بە دیتنی سەری بڕاوی کوڕەکەی سەری لێ ئەشێوێ منیش بە یەک هێرشی کوتوپڕ لە ناوی ئەبەم... ها... ها... هـ

― خان ئەتۆ زۆر زوو لە سەرکەوتنی خۆت دڵنیا ئەبی، ئەمە بۆ پیاوی شەڕانی باش نییە.

― تۆ!؟ تۆ لێرە چ دەکەی!؟

― مەگەر فەرامووشت کردووە من نۆکەری تایبەتی تۆم، هەر کاتێ بمەوێ ئەتوانم بێمە لات.

― ها... کە وایە ئێستا دەستوور دەدەم بتگرن.

― ئەم... گەورەم ئاڵۆز مەبە، ئێرە جگە لە من و تۆ کەسی لێ نییە.

― ئە ئەمان نا ئەمن خۆم ئەتکوژم... ها بیگرە قوڕوەسەر... ها... هـ...

― ئەها ئەمجار بووی بە پیاو، وەرە پێشەوە وەرە پێشتر... نا... دیارە کەمێک لە شمشێر سەرت دەردەچێ... بەڵام ئیتر بەستە... ها... بگرە...

― مۆڵەتی مەدە گەورەم بیکوژە...

― نامەراد... نا... وەرە دەستی ببەستە با بیبەینە لای باوکم... دەی مەراد...

― نا گەورەم... ئەم مارە وا باشترە زوو سەری پان کرێتەوە، ماوە بفەرموو سەری لە لەشی جیا کەمەوە و جا سەرە بڕاوەکەی ئەبەینە لای خان...

― نا مەراد چۆنی پێم گوتی وا بکە... یاڵڵا زووکە.

― بەسەر چاو گەورەم، بەسەر چاو... دەست بێنە پێشەوە بەرازی پیس... دەست.

― بەئەدەب بە مەراد بەئەدەب بە.

― دەست بێنە پیری لامەسەب...

― با دابەزین مەراد نەبی خان زۆر ماندوو بووە.

― ئۆهـ قوربان گورگی باران دیتووە، بەمانە ماندوو نابێ.

― ئە مەراد، تۆ بە هیچ جۆرێ تەربیەت فێر نەبووی، چەند جار پێم گوتی زمانت بە قسەی ناشیرین پیس مەکە.

― ئە ببوورە گەورەم ببوورە.

― من زۆر ماندووم، زۆریشم تینووە.

― لەو نزیکانە چاوە کانییەک هەیە لەوێ دائەبەزین بەڵام بە مەرجێ، نەبی خان بیری هەڵاتن لە مێشکی خۆی دەرکا!

― من بەدەستی بەسراوەوە بۆ کوێ ڕادەکەم

― کە وایە لێ خوڕین

― زۆر باشە با لێ خوڕین...

ئەحمەد خان: نەبی، من زۆرم چاکە بۆ تۆ هەبوو، چەند جار لە مەرگ ڕزگارم کردی، بەڵام تۆ ئەمەکنەناس بووی، لەشکرت لێ کردم، پێم بڵێ نەبی لەبەر چی وات کرد!؟

― من پیاوم لەبەرانبەر پیاویشەوە قسە ئەکەم تۆ ئەتەوێ کە ئێستاکە ئەسیری تۆم، بۆ دڵۆپێ خوێن بپاڕێمەوە و داوای لێبوردن بکەم!؟ نا... نا خانی مەزن نا، نەبی ئەو نزمییە قەبووڵ ناکا، تۆش چۆنت پێ چاکە وا بکە؟

― ئافەرین نەبی ئافەرین سەد ئافەرین بە ڕاستی نەترسی، کە وەهایە بۆ مەرگ ئامادە بە. مەراد.

― بەڵێ قوربان!

― فەرمانی من ئەوەیە کە نەبی لە چینی دیوار بگرن، پیاوی پیاو مەرگی پیاوانەشی دەوێ.

― بەسەر چاو گەورەم بەسەر چاو.

― دەستوور بدە هەر کەس کە ئەیەوێ نەبی لەم حاڵەدا ببینێ ئازادە، با تێ بگەن پیاوی وەک نەبی گاڵتە بە مردن دەکا.

― ئۆهـ سپاست دەکەم خان، پیاو قەدری پیاو ئەزانێ، منیش پێم خۆشە ڕواڵەتی پیاوانەی من لە سەرەمەرگیشا دەست و پێوەندەکانی تۆ بترسێنێ، وە بزانن دوژمنی گەورەیان چ پیاوێکە!؟

― سەروەرم ئەم جارەش بیبەخشە، من هەست ئەکەم پەشیمان بووبێتەوە.

― کوڕم پەشیمان بوونەوە لە کاتێ وەهادا یانی ترسان و خوێڕیبوون، نەبی ئەگەر پەشیمان بێتەوە ئەیکوژم، چونکە پێم شوورەیییە دوژمنێکێ ترسەنۆکم هەبێ، ئەگەر پەشیمانیش نەبووبێتەوە هەر ئەیکوژم، چونکە پیاو لە دوژمنی ئازا ئەبێ بترسێ، جا ئێستا لە خۆی بپرسین کوڕم، بڵێ بزانم نەبی تۆ کام لەم مەرگانە هەڵ دەبژێری!؟

― مەرگی پیاوانە خان.س

― بەڵام تۆ قوربان لە هەردوو حاڵدا ئەیکوژی ئەمە ڕەوا نییە.

― بڕۆ دەرەوە لاس دوو شێری پیر باشتر لێک تێ ئەگەن مەعتەلی چی لاس؟ بڕۆ دەرەوە.

― بەسەر چاو، بەڵام تۆش لەگەڵ نەبی زۆر جیاوازیت نییە.

― ئاهـ لاس، لەبیرت نەچێ چیت گوت ئێستا بڕۆ دەرەوە.

― خودای گەورە ئەمانە چ جۆر ئادەمیزادێکن؟ بڕوانە چۆن بە هەڵپە سەرنجی نەبی ئەدەن. بێچارە لەم بەر خۆرەتاوە، تا پشتێنی لەناو دیواردایە. نەبی ئێستا حاڵی چ بێ؟... نا ئەمن ناتوانم ئەم ڕوانگە ناحەزەم چاو لێ بێ،... با بچمە پێشەوە... تکایە گوێ بگرن! ئەگەرچی پیاو نابێ لەگەڵ ئێوە کە بە جارێ بوون بە دڕندەی کێوی بەئەدەب قسە بکا ئێوە بۆچ لێرە کۆ بوونەتەوە!؟ ها ئەمە چ شانازیێکی تێدایە کە دوژمنیکی ئەسیر لەم حاڵەدا سەیر ئەکەن؟ ئایا هیچ کامتان لە خۆتان ڕائەمینی دەست بداتە شمشیر و بچنە مەیدانی نەبی خان؟ نا... نا... ئێوەی ترسەنۆک هەر لەمە ئازان سەیری دوژمنی داماو بکەن و پێی پێ بکەنن، شوورەیییە، بە ڕاستی شوورەیییە ئێستا ئێوە گوم بن لەبەر چاوم.

― مەعتەلی چن؟ بڵاوەی کەن یاڵڵا...

― نەبی خان، ئەمشۆ چاوەڕوانی من بە دێم ئازادت دەکەم.

― ئاهـ...هـ من نامەوێ بە دەست کوڕی دوژمنم ئازاد

بم، مردنم لا باشترە.

― من کوڕی شەرەف و ویژدانم، نەبی خان کوڕی دوژمن نیم، شەوێ چاوەڕێم بە ئێستا بەدوعا، تا شەوێ خۆت ڕابگرە.

― لەناو ئەو هەموو کێشکچی و نۆکەرەدا، لاوێکی ڕووبەند لە ڕووی چارەپۆشراو دێت و نەبی لە چینی دیوار دەربهێنێ و دەستی هەموو پیاوەکانی من ببەستێ! ئاهە سەرشۆڕیی لەمە زیاتر چۆن ئەبێ!؟ مەگەر ئێوە کەو بوون کەروێشک بوون، مەراد... مەراد...

― بەڵێ قوربان، بەڵێ سەروەرم فەرموو.

― مەگەر تۆ مردبووی؟ پێم بڵێ لەو کاتەدا لە کام جەهەننەم بووی مەراد!؟

― گەورەم ئەو پیاوە کە هاتبوو نەبی ڕزگار کردووە پیاوێکی ئاسایی نەبووە، وەک کێشکچییەکان ئەڵێن هەر لە ماوەیەکی کورتدا شمشیری هەموویانی لە دەست دەرهێناوە، ئەڵێن پیاوێکی باڵابەرزی بەهێز بوو، و هیچ دەنگیشی لێوە نەهاتووە قوربان.

― ئەمانە قسەی پووچن مەراد، من دەستوور ئەدەم هەموو ئەو کێشکچییانە بکوژن،... مەراد بڕۆ بزانە لە دەرێ چ باسە!؟... ها چبوو؟

― قوربان یەکێک لە کێشکچییەکان بوو، ئەم دەسرە هەورییەی هێناوەتە خزمەتت ئەیگوت کابرا بەم دەسرەیە دەستی ئەوی بەستووە.

― بێنە بزانم...

― فەرموو قوربان، فەرموو.

― ئهـ... ئەم دەسرەیە!؟... لاس!؟ ئەهای لاس؟...

― بەڵێ گەورەم.

― ئەم دەسرەیە دەناسی کوڕم؟

― بەڵێ گەورەم هی منە. دەسرەی بەرخەنجەری منە.

― ئەکرێ پێم بڵێی چۆن بووە بە دەسرەی تۆ دەستی ئەو پیاوە بەسراوە؟

― ئەو پیاوە من بووم! ئەوی کە نەبی ڕزگار کرد من بووم.

― تۆ؟ بۆچی؟ تۆ وەڵامت نییە بیدەیەوە؟ ئۆهـ لاس، خۆم ئەزانم چونکە لات وایە من و نەبی جیاوازییمان نییە! هەردووکمان پیاوکوژ و خوێنمژین، بەڵام لاس هەرچی بێ من باوکی تۆم، مەراد... مەراد

― بەڵێ سەروەرم... بەڵێ

― دەستی ئەو بێئەمەکە ببەستەوە و بیبە دەرەوە.

― هەمووتان بچنە دەرەوە هەمووتان یاڵڵا گووم بن یاڵڵا بڕۆن... ئۆهـ کڵۆڵی و چارەڕەشی چەندە بە ئاواتەوە بووم خودا کوڕێکم بداتێ، کوڕێک لە من و لە شەم لەسەر پشتی شێر و ئێستا ئەو کوڕە لەگەڵ دوژمنی من بۆتە هاودەست،... بەڵام، بەڵام من ئەزانم ئەبێ چ بکەم، خۆم ئەزانم ئەبێ چی بکەم.

― قوربان هەر دە کەسەکە ئامادەن، دەستوور چییە؟ لاسەشۆڕیشی لە مەیدانە.

― بڕۆین مەراد، ئەمڕۆ گۆڵمەزێکی خۆشمان بەدەستەوەیە... بڕۆین

― فەرموو با بڕۆین...

― گوێ بگرن، ئێوە دە کەس بوون و نەتانتوانی ئەسیرێک بپارێزن، لاس کوڕی من دوژمنی لە بەند ڕزگار کرد، کە وەهایە پێویستە ئێوە بە تێکڕایی دەگەڵ لاس بەشەڕ بێن، ئەگەر بیکوژن لاس بە سزای خۆی گەیشتووە، ئەگەر ئەویش ئێوە بکوژێ، ئێوە ئاکامی خوێڕییەتیی خۆتان وەرگرتۆتەوە... دەی جا ئێستا دەست پێ بکەن...

― ئەوانە برای منن شمشیر لە من ناکێشن و ئەمنیش خۆینی ئەوان ناڕێژم.

― ئەمە دەستووری ئەحمەدخانە، ئەبێ بەڕێوە بچێ، یاڵڵا... دەست پێ بکەن

― وەرنە پێشەوە بمکوژن، بەڵام من ناتانکوژم.

― تۆ ترساوی لاس، کوڕی سەر پشتی شێران نابێ بترسێ.

― نا گەورەم من ناترسم بەڵام لە براکوشتن بێزارم... گای ئێوە ترسەنۆک بۆ ڕزگاربوونی خۆتان خەریکن من ئەکوژن ها...؟ باشترە ئێمە شەڕ نەکەین، با خان هەموومان بکوژێ

― نا... دەستووری خانە ئەبێ بەڕێوە بچێ بگرە سەروەرم...

― ها کە وایە ناچارم بیکەم... جا... ها بیگرە...

― ئاهـ... هـ...

― هانێ ئەوەش بۆ تۆ...

― ها ئەوەش بەشی تۆ

― ئافەرین لاس، سەد ئافەرین

― ها بگرە ئەوەش بۆ تۆ کە دواین کەسی.

― ئافەرین لاس... ئافەرین، لاس هەر دەیانی لە مەیدان دەرکرد، بە دەستووری من هەم لاس و هەم ئەم کێشکچییانەی ئازادن، من لە تاوانیان خۆش بووم.

― لێبوردن هی گەورەیە سەروەرم، کە وەهایە با بچم ئەم هەواڵە بدەم بە لاس و بیهێنمە خزمەت خانی مەزن.

― نا مەراد پێویست ناکا بێتە لام، ئەو ئێستا زۆر ئاڵۆزە لێی گەڕێ با تووڕەیی و پەژارەی دامرکێ، ئەوجار خۆم قسەی لەگەڵ دەکەم ئەوە من ڕۆیشتم مەراد.

― فەرموو قوربان لاس لەو کاتەوە ئیتر کز و مات ببوو، لە گۆشەیەکا دائەنیشت و بیری ئەکردەوە، تەنانەت لە بارەی جوانی و هەڵبەست و زانستیشەوە قسەی نەدەکرد، لە هاودەنگەکانی کەنارەی گرتبوو، لەو ماوەیدا ئەحمەد خان هەر چی ویستی دڵی بهێنێتەوە جێ بۆی نەکرا، وردەوردە قاو داکەوت کە لاس چەشنە شێتییەکی بەسەرا هاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا وەها نەبوو، لاس خەونی بە کچێکەوە دیبوو، و لە خەوەکەدا ئاشقی ببوو- لەبەر ئەمە پێی خۆش بوو بەتەنیا بێ و بیر لەو پەرییە بکاتەوە کە شەوێک هاتبووە خەوی و دەرگای بەهەشتی باوەشی خۆی بۆ ئاواڵە کردبوو، پاشان لە کاتی ڕۆشتنیا پێی گووتبوو من لە کوێستانێکی سەرسەوز و بەهاراویدا ئەژیم بمدۆزەرەوە. لاس لەو کاتدا نزیکەی ٢٠ ساڵ تەمەنی بوو، و برایەکی چاردە ساڵەشی هەبوو کە زۆری خۆش دەویست.

― نا... هیچ سوودی نییە، ئیتر هیچ شتێک خۆشم ناکا... خودایە من بە جوانی پیرم، بەڵام نا، نابێ هیوابڕاو بم، ئەبێ بکەومە شوێنی، ئەبێ یەکجار جوان بێ، هەروەک لە خەوەکەما دیتم، باڵابەرز، کەمەرباریکە، بەناز، دوو چاوی گەش، دوو پرچی ڕەشی ئاوریشمی، پێکەنینێک وەک بزەی مانگەشەو... ئاهـ کەسێک بەرەو ئێرە دێ! بۆ من تەنیا دیتنی خۆم بەسە هەر ئەتوانم دیتنی ئادەمیزادێک هەموار کەم، ئەویش خۆمم، بەڵام بریا تەنانەت خۆشم هەواڵی خۆم نەبوایە... چەندە ناخۆشە...

― ئاهـ کوڕم ئەمەوێ قسەت لەگەڵ بکەم.

― زۆر سەیرە کوڕ و باوکێک ئەوەندە لێک دوور بن، وا نییە گەورەم!؟

― ئۆ بۆچ کوڕم بۆچ، هەم سەیرە هەم ناخۆشە، بەڵام ڕۆڵەم، ئەوەی وا دووری ئەکا تۆی.

― وە ئەوەش کە وا هیچ گوێ ناداتە ویستی کەسێکی تر تۆی قوربان.

― تۆ خوێندەواری کوڕم، ماوەی چەند ساڵ سەرت بەم کتێبە پەڕزەردە پەرپووتانەدا گرت، بەڵام ژیان کوڕم لەناو کتێبا نییە کوڕم لە دەرەوەیە، لەسەر ئەم سەر زەوییە بڕوانە کوڕم بڕوانە ئەم خۆرەتاوە هەست دەکەم، گوێم لە دەنگی ئەم مەلانەیە، تەنانەت شنەی ئەم شەماڵە لەسەر خۆیشە هەست دەکەم ئەمەیە ژیان، کە وەهایە من زیندووم، من زیندووم کوڕم، و زیندووش نیازی هەیە، بەمە کە فەرمانی ڕەوا بێ.

― هەموو کەس لێ بترسێ، پڕبەدڵ ناخۆشیان بوێ، بەڵام لە ترسان بە قسەی بکەن... ها؟ ئەمەیە مانای نیازی ژیان گەورەم!؟

― پیاوی پیاو ئەبێ دۆست و دوژمنی هەبێ کوڕم، دۆستەکانی خۆشیان بوێ و دوژمنەکانی لێی بترسێن، مەگەر نەتبیستووە دەڵێن گەورەییی پیاو بە ژمارەی دۆست و دوژمنیڕا دەردەکەوێ؟

― بەڵێ سەروەرم، بەڵام پیاو ئەتوانێ کارێ بکا کە دوژمنی نەبێ و هەموو کەس خۆشی بوێ.

― بە هەڵە چووی کوڕم، بە هەڵە چووی، لەو کاتەوە دونیا دروست کراوە ئادەمیزادێک نەهاتووە کە هیچ دوژمنی نەبووبێ، مەگەر خوێڕی و بەڕەڵڵا و پیاوی بێبایەخ کە ئەوانیش خۆیان دوژمنی خۆیانن، دوژمنی ناو و پلە و پایەی خۆیانن، ئێستا پێم بڵێ کوڕم، ئەتۆ ئەتەوێ چ بکەی.

― ئەڕۆم بابە، ئەڕۆم بۆ جێگایەکی کە هیچ کەس نەمناسێ.

― ئۆ لاس، لاس مەگەر شێت بووی. بۆ کوێ ئەتەوێ بچی؟ ئاخر من تێ ناگەم تۆ چیت کەمە کوڕم.

― من ئەوەم کەمە هێشتا نازانم کێم؟ بۆچ ئەژیم، هێشتا نازانم ژیان یانی چی، ئەچم ژیان بدۆزمەوە.

― تۆ بە جارێ ئاوەزت تێک چووە کوڕم، بۆ وەی نابی پیاو لەگەڵت بدوێ، خۆت دەزانی چۆنت پێ باشە وا بکە.

― من نامەوێ ببمە هۆی نارەحەتی تۆ گەورەم، بەڵام ناچارم سەری خۆم هەڵگرم، ڕەنگە بەختەوەری لە هەرێمێکی تر چاوەڕێی من بێ.

― بۆ هەر جەهەنەمێک ئەچی بچۆ، بەڵام لە بیرت نەچێ لاس! ئەتۆ ترسەنۆکی، ناوی بەرزی خانەدانی خۆت پێ ناپارێزرێ بۆیە ڕادەکەی، ئیتر قسەیەکم نییە لاس من ڕۆیشتم.

― بەخێر چی گەورەم.

― ئەی هەر ئەو ڕاستی ئەکرد، پیاو ناتوانێ هەموو کەس لە خۆی ڕازی کا دەی ئێستا دەبێ چ بکەم، تەنیا ڕێگام ئەمەیە کە بڕۆم بەرەو چارەنووس، ئەم هەموو چەپڵەڕێزانەی بۆیان دەکردم چەند پیاوی ورد و درشت ئافەرینیان بۆ ئەناردم بەشانازیمەوە هەڵپەڕکێیان دەکردە. هەموویان ئەمانە لە گوێمدا ئەزرینگێتەوە... ئاخ...

چی؟ هەرای پیاوانی شەڕانی، حیلەی ئەسپ و ناڵەی برینداران دێتە بەر گوێم، فەرمانی هێرشی باوکم. خودای گەورە وڵات یەک پارچە ئەبووە بە تەمومژ بە ئاگر و خوێن...

― ئاهـ.. ئەڤ... ئەڤ... ها...

― ئامانیان مەدەن... بیانکوژن... ها لەسەری منو کەوێ گەنجانی باڵەکی ڕۆژی پیاوەتییە... بیانکوژن...

― نا ئیتر ئێرە جێی من نییە، ئەبێ بڕۆم، هەر ئەمشۆ.

***