٣

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (سوارە)
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 16 دقیقه  927 مشاهده

― ئاهـ... تۆی کوڕم، وەرە کەمێ بەلای دایکتەوە دانیشە.

― دایە گیان حاڵت چۆنە!؟ کەمێک نارەحەت دیاری!؟

― لەو کاتەوە بیستوومە باوکت ئەیەوێ تۆ بنێرێ بۆ شەڕی نەبی، هیچ هۆشم لە خۆم نییە. نەبی کابرایەکی دز و بێبەزەیییە.

― ئە... هـ دایە گیان، کوڕی تۆش هێندە دەستەوەستان و خوێڕی نییە، من بە نەبی و هەموو ئەو کەسانەی لایان وایە خوێندەواری و زانست لەگەڵ ئازایەتی نایەتەوە نیشان ئەدەم بە هەڵە چوون، زانا و وێژەوان ڕاستە کە لاشەڕن، بەڵام کاتێ شەڕ بەری دەرگای پێی گرتن بە گیان و دڵ بە شەڕ دێن، چونکە ئەوان بەپێچەوانەی کەسێک کە بە شەڕکردن خووی گرتووە، ئەزانن بۆچ بە شەڕ دێن و چ ئەپارێزن! من بۆ ناوبانگی خۆم و باوکم و ئێڵەکەم شەڕ ناکەم، بۆیە شەڕ دەکەم کە نامووسی خەڵک بپارێزم، بەرگریی لە خوێنڕژین و چەپەڵی و زۆرداری بکەم، من بۆ پاراستنی جوانی و خاوێنی دەچمە شەڕ.

― بە هیوام سەر کەوی ڕۆڵەی شیرینم.

― من سەر ئەکەوم. پاکی بەسەر پیسیدا سەر ئەکەوێ، جا یا بە دەستی من یا پاش مردنی من بە دەستی کەسێکی تر کە هاواڵی منە و لەسەر ڕێگای پیاوەتیا ئەڕوا، دڵنیا بە دایە گیان خۆمان ئەیبەینەوە.

― کوڕم ڕاستە تا ئادەمیزاد ئەجەلی نەهاتبێ نامرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا کەمێکت ئاگات لەخۆت بێ، پیاو دەبێ کاری خۆی باش بەڕێوە بەرێ جا ئەوجا پشت بە خودا ببەستێ.

― ئافەرین دایە گیان ئافەرین، سەعدی شاعیری گەورەی فارسی ئەڵێ: ڕاستە کەس بێ ئەجەل نامرێ بەڵام تۆ خۆت مەخە ناو گەرووی ئەژدیهاوە.

― شاعیرێکی تریش ئەڵێ: ئەمە ئیتر قسەی چارەنووس و شتی وا نییە کەسێک خۆی لەسەر بانێکەوە هەڵدێرێ و بڵێ قەزا و قەدەر وا بوو.

― خوا بتپارێزێ کوڕی زانا و دلێرم.

― دەی جا دایە گیان، من ئەڕۆم، چاوەڕێم بە زۆر زوو ئەگەڕێمەوە لات.

― بە خوات ئەسپێرم لاس.

― خودا حافیز دایە گیان.

― خودات دەگەڵ.

― ها... لاس ئەبینم کە بەرگی شەڕت پۆشیوە. زۆر سەیرە تۆ لەم حاڵەشدا کە سەراسەری لەشت ئاسن و پۆڵایە قەڵەمدان و کتێبت لە بیر نەچووە کوڕم!؟ پێم بڵێ بزانم ئەمانە لەم سەفەرەدا بەکاری چی دێن!؟ ها... ئەم کتێبە چییە کوڕم؟

― کتێبی عەلی حەریرییە بابە، ئەمانە بۆ شەڕ نین، بۆ ئەوەن کە پیاو بزانێ بۆ چی بەشەڕ دێ- دەی سەروەرم بەماوەتان من و مەراد لەپێشا ئەڕۆین، جارێ نیازم بە سپاوە نییە.

― خودات لەگەڵ کوڕم سەر کەوی.

― دەی جا مەراد با بڕۆین...

***

― مەراد، با لێرە دابەزین، کەمێک ئەسپەکان بحەسێنەوە، بۆخۆشمان کەمێک لەو کانییە ئاو بخۆینەوە.

― بەسەر چاو قوربان با دابەزین.

― ئەمڕۆ لەڕادەبەدەر گەرمە، بڕوانە ئەسپەکانمان لە ئارەقدا ڕەش بوون، ڕاستی ئادەمیزاد بۆچی هێندە دڵڕەق و بێبەزەیییە!؟

― گەورەم هەموو گیاندارێک خودا بۆ ئەوەی دروست کردووە کە ئادەمیزاد کەڵکی لێ وەرگرێ.

― مەراد!

― بەڵێ

پێم بڵێ بزانم، تۆ بەرانبەر بە شەڕ و کوشتار بڕوات چییە!؟ لات وایە کە ئێمە ناچارین شەڕ بکەین!؟

― هـ... هـ... ها... قوربان من تەمەنم لە پەنجا تێ پەڕیوە، هەرگیز بیرم لەو پرسیارە نەکردووە کە تۆ لێم دەکەی: تەنیا ئەوەندە ئەزانم باوکت فەرموویەتی ئەبێ شەڕ بکەین و منیش بە قسەم کردووە، ئێستا من ئەمەوێ لێت بپرسم کە تۆ چۆنە ئەم پرسیارە لە من دەکەی؟ خۆت ئەزانی گەورەم کە شەڕکەر هەرگیز نابێ گوێ بداتە ئەمە کە بۆچ بەشەڕ دێ!؟ یان شەڕەکەی لەسەر چییە! ئێمەی نۆکەر و گیانفیدا کارمان چییە کە ئەم شەڕە لەسەر چی ئەکرێ!

― هـ... هـ... ها... ناء مەراد ناء پیاو چ فەرمانبەر و چ فەرماندەر ئەبێ بزانێ بۆچ بەشەڕ دێ!

بزانە لەم شەڕەدا ئەگەر سەر کەوێ چ بە دەست دێنێ و ئەگەر شکست بخوا چ لە دەست دەدا؟

― قوربان وا نییە، بفەرموو ئێمە ئەوەندەش ئەزانین کە لە شەڕێکا ببەزین ماڵ و نامووس و ناوبانگمان تێدا دەچی و ئەگەر سەر کەوین ماڵ و گیانی دوژمن لە دەست ئێمەدا دەبێ.

― کەوایە ئێوە جیاوازیتان لەگەڵ ڕەوەبەراز چییە!؟ ئەوانیش پشتی یەک دەگرن و لەگەڵ دڕندەی تر و ئادەمیزادیش بەشەڕ دێن، ئێوەش نازانن بۆچی شەڕ دەکەن وە ئەوانیش هەروا.

― بێ قەزا بی گەورەم، تۆ ئێمەت کردە ڕەوەبەراز. ڕاستەکەی ئەوەیە ئەمن لە هەموو شتێک ناشارەزام ئەزانم شەڕ خۆشە هەتا گەرمتر و بەتینتر و بەترستر بێ خۆشترە، من تەنیا ئەوە ئەزانم کە لە کۆڕی شەڕ لە پێشدا دەبێ گیانی ئاغام و پاشان گیانی خۆم و هاواڵەکانم بپارێزم.

― هەمیشە زانین لە نەزانین باشترە مەراد پیاو تەنانەت دەبێ بزانێ هەناسەکێشانیشی بۆ چییە!؟

― بەڵێ گەورەم. فەرمایشەکانت دروستە...

― ئەها... وریا بە مەراد، وریا بە مار. مار... های... هۆی... ها چیی بوو مەراد پێیەوە دای!؟ ئەوەتا هەڵدەکشێ بۆ ژێر ئەو پەنجکە دڕووە! هەر ئێستا ئەیکوژم... کوشتم، بڵێ بزانم بەکوێیەوە دای... ها

― بە پەنجەی پێمەوەی دا، ئاخ خودایە چەندە ژان ئەکا...

― ڕاوەستە، ڕاوەستە، بە شتێک برینەکەت بۆ ببەستم، با ژەهرەکەی هەڵ نەکێشێ و نەچێ بۆ سەرتر... بێنە با بیبەستم...

― عەجەب مارێکی ژەهردار بوو، باوەڕ ناکەم بە بەستن چاری بکرێ!؟

― ڕاوەستێ. ڕاوەستێ با بە خەنجەر جێ دەمەکەی هەڵدڕم... ژەهرەکەی دێتە خوارەوە... تۆ خۆت ڕابگرە... دەتوانی خۆت ڕاگری؟

― ئەی... ئەی بێ بەڵا بی، من پێم ئەڵێن مەرادی پۆڵاخۆر، یانی لەبەر ئەم برینە بچووکە خۆم ڕانەگرم، هەرچی ئەتەوێ بیکە...

― باشە، باشە، کەوایە بەناوی خودا...

― ئەی... ها... هـ... خەنجەرەکەت زۆر تیژە گەورەم هەر بەخۆم نەزانی، خوا بکا ئەو خەنجەرە بکەوێتە سەر گەردنی نەبی.

― ئاهـ... تۆ لەم حاڵەشدا هەر بیرت وا بە لای دوژمنەوەیە مەراد.

― من نەمدەویست بەم چەشنە بمرم، خۆم دانابوو لە مەیدانی شەڕا بکوژرێم

― نا مەراد تۆ نامری، دڵنیا بە چاک ئەبیتەوە جارێ دەبێ کەمێک ڕاکشێی، لاقت بەردەیەوە خوارێ تا ژەهری مارەکە بێتە خوارەوە... ئا... باشە بەم چەشنە...

― ئاهـ وەی وەی وەی... سەروەرم من تازە کارم تەواوە، تۆخۆت مەخە مەترسییەوە ئایش... ئەگەر بتناسن، پارچەپارچەت ئەکەن سەروەرم، من ئەمانە باش ئەناسم، تۆزێ ڕەحم و بەزەیییان لە دڵا نەماوە، تکایە من بە جێ بهێڵە تۆ کارێکی گەورەترت لەپێشە گەورەم.

― نا مەراد... نا هەرگیز من بەجێت ناهێڵم.

― ... تکایە بەجێم بێڵە گەورەم، ژەهری، مارەکە بە تەواوی لە لەشمدا گەڕاوە، من ئەمرم گەورەم.

― ئاهـ... بەسیەتی ئیتر، پێم گوتی کە ناتوانم لەم حاڵەدا بەجێت بێڵم، ئەگەر کەمێک سەبرت هەبێ ئەتبەمە ناو لەشکری نەبی، کارێک ئەکەم دەرمانت کەن، بەڵام پێویستە لەسەرەخۆ بی.

― فەرمووت ناو لەشکری نەبی!؟ ئەمە زیاتر لە کاری شێتان دەچێ، ئەبوری کە بەم چەشنە ئەدوێم، بەڵام خان منی ناردووە ئاگام لە تۆ بێ نەک ببمە هۆی تێداچوونت نا... نا من هەرگیز نایەم.

― خان لای وایە من مناڵم،! تۆش هەروا بیر ئەکەیەوە! بەڵام هەردووکتان بە هەڵە چوون ئێستاش هەر ئەمەیە کە گوتم.

― من لەگەڵت نایەم... بە هیچ بارێک نایەم... مەرگ بۆ من باشترە لەمە کە تۆ بکەوییە بەردەستی دوژمن.

― من ئەتبەم، ئەگەر بەخۆشی نەییێ بە زۆر ئەتبەم!؟ گەرما و ئازار مێشکی تۆی لەکار خستووە نازانی ئەڵێی چی!؟ یاڵڵا هەستە وەرە لەگەڵم.

― من نایەم

― یاڵڵا هەستە وەرە.

― نایەم، من نایەم.

― ئێستا کە نایەی مەجبوورم بەزۆر دەتبەم... ها... بگرە... دەی.

― ئای... های.

― بەم چەشنە لەگەڵ خۆم دەتبەم، ببوورە مەراد من مەجبوور بووم بێهۆشت کەم ئاهـ ئێستا دەبێ زووتر بتگەینمە ناو ئەو ئاوایییەی کە وا سپای نەبی تێدا کۆ بۆتەوە... خوا بکا تا دەگاتێ و مەراد باش نەبووتەوە نەمانناسن، بەڵام بەم سەر و بەرگەوە هەر ئەمناسن، باشترە جلوبەرگەکەم لەگەڵ شوانێ، سەپانێ کەسێکا بگۆڕمەوە، دەڵێم باوکمە و مار پێوەی داوە، با جارێ بیگرمە کۆڵ و سواری ئەسپەکەی کەم.

― باش بوو با لیباسەکانم لەگەڵ ئەو پیاوە بگۆڕمەوە... هۆی کاکە... برادەر... بۆ ڕەزای خودا یارمەتیم بدە، باوکم مار پێیوە داوە، حاڵی باش نییە.

― من حەکیم نیم، چ یارمەتێکم لەدەست دێت!؟

― ئەگەر حەکیمیش نەبی، خۆ موسوڵمانی، شارەزای ئەو ئاوایییەی، ئەزانی کێ ماران گازی پێ چاک دەبێتەوە!؟ تکایە برادەر یارمەتیم بدە.

― کوڕە بڕۆ کاکە، من کارم بەسەر ئەو کارانەوە چییە کوڕە بڕۆ...

― سەلام گەورەم سەلام.

― چییە کوڕە، ئەم لاوە چی ئەوێ!؟

― وا دیارە ئێوە پیاوێکی گەورەن! تکایە یارمەتیم بدەن.

― بڵێی بزانم ئەم پیاوە بێهۆشە کێیە؟ وادیارە مار پێوەی داوە!؟ پەنجەی پێی، ماسیوە وایە هەر وایە!؟

― قوربان باوکمە، ئەمڕۆ لەم دەشتە خەوتبووین مار پێیەوە داوە منیش غەریبم کەس لەو دەوروبەرە شک نابەم، بیستم نەبی خان لەو دێیە، گوتم بچم یارمەتی لێ وەرگرم، ئەمزانی پیاوێکی گەورە هەرگیز خاوەننیاز بە ناهومێدی بەڕێ ناکا!

― من نەبیم ئافەرین کوڕی باش، تۆ باش ئەدوێی بڵێ بزانم ناوت چییە؟

― قوربان... نا... ناوم... لا... لاسە، ببوورەکە لەپێشدا ئێوەم نەناسی.

― ئم- لاس!؟ ئەبێ ئەم ناوەت بە ناوی لاسەشۆڕی باڵەکییەوە کرابێ... ها!؟

― من خۆم نازانم بۆ چی ناویان ناوم لاس، ڕەنگە باوکم بزانی بەداخەوە ئەویش ئێستا بێهۆشە!

― نەبی لەبن لێویەوە دەڵێ: « چەندە کوڕێکی قۆز و شۆخ و شەنگە»...

بڵێ بزانم کوڕی باش، ئەگەر من دەستوور بدەم باوکت ببەنە لای حەکیم و چاکی بکەنەوە ئەبی بە نۆکەری من!؟

لاس لەبن لێویەوە « ئەی سەگەچەپەڵ...» قوربان من ئێستاش هەر نۆکەرم.

― ئەزانم. ئەزانم، بەڵام مەبەستم ئەمەیە کە- بتکەمە نۆکەری تایبەتیی خۆم و هەمیشە لەلای خۆم بمێنیەوە!

― بەشانازییەوە گەورەم.

― زۆر باشە... پێم بڵێ بزانم تۆ هیچ سەرت لە شەڕ دەردەچێ!؟

― بەڵێ قوربان تا ڕادەیەک تیرئەندازی و شمشیربازی و زۆرانیگرتن ئەزانم.

― ئە زۆر باشە، کەوایە بگرە. ئەم شمشیرە، شمشیری تایبەتی خۆمە ئەگەر بە یەک جار ئەم چەنارە ساوایەت لەت کرد شمشیرەکە دەدەم بە خۆت.

― مەرحەمەتی کە سەروەرم « خودایە گیانی مەراد بەم کارەوە بەستراوەتەوە باسکم بەهێز کە»

― ئافەرین لاس، لەمە بەدوا تۆ نۆکەری ژێردەستی خۆمی، ناویشت لاسەشۆڕە با ئەحمەدخان تێ بگا کە ئەگەر ئەو کوڕی ناوی لاسەشۆڕە من نۆکەرم ناوی لاسەشۆڕە.

― سپاست دەکەم قوربان کە وەهایە دەستوور بفەرموون باوکم بەرنە لای حەکیم

― زۆر باشە، ئەهای کوڕە!

― بەڵێ قوربان

― وەرە زوو ئەم پیاوە بەرە لای حەکیم، بڵێ زۆر باش دەرمانی بکا، هەتا چەند ڕۆژی تر دەبێ چاک ببێتەوە.

― بەسەر چاو گەورەم.

― خێرا کە زووتر.

― نەبی خان دەستووری داوە، تا باوکت بە تەواوی چاک دەبێتەوە لە ماڵی من بێ و ئاگاداری لێوە بکەم. لام وایە ئەمڕۆ کەمێک باشتر بێ.

― سپاست دەکەم دایەپیرە، هەڵبەت ئێمە باشی تۆمان لە بیر ناچێ و پاداشت دەدەینەوە.

― ئۆ کوڕم ئەم قسە چییە، من بۆ پاداش ئیش ناکەم تەنیا دەمەوێ خودا لێم ڕازی بێ.

― دیسانەوە سپاست دەکەم. خودا لەو کەسانە ڕازییە کە بە هاواری لێقەوماوانەوە دەگەڵ، لەگەڵ ئەوەشا پێم خۆشە ئەم دیارییە بێبایەخە لە من وەرگری فەرموو.

― ئیتر ها... ئاخ خودایە ئەم هەموو ئەشرەفییە، بەڵام کوڕم من کارێکم بۆ ئێوە نەکردووە کە ئێوە پاداشم دەنێ.

― تکایە دایەپیرە شەرمسازمان مەکە هەڵی گرە.

― خودا تەمەنت درێژ کا کوڕم، من قەبووڵم نەدەکرد، بەڵام تۆ هێندە میهرەبانی کە ناکرێ دەستت بدەمەوە دوا!

― هەڵبەت تۆ خۆت لە من باشتر دەزانی کە باوکم نیازی بە ئاگالێبوون هەیە پێویست نییە بە ڕاسپێری من هەر کات پارەت ویست بە من بڵێ.

― بەسەر چاو گەورەم، دەی ئێستا با بڕۆم خەریکی چێشتلێنان بم، باوکت دوو سێ ڕۆژە هیچی نەخواردووە.

― ئا بڕۆ دایەپیرە بە خودام هەسپاردی، تا تۆ دێیەوە من ئاگام لێ دەبێ. مەراد، مەراد،

― هـ... ما

― چۆنی؟ من لاسم، چاوت بکەوە.

― قوربان لەمێژە حاڵم باشە، پێم خۆش بوو بزانم تۆ چیت بەمانە گوتووە و چۆنت خۆت ناساندووە، هەتا منیش هەروا بڵێم، گوتم نەکا قسەی من و تۆ یەکتر نەگرێتەوە و درۆکەمان ئاشکرا بێ.

― تۆ باوکی منی و مار پێیەوە داوی، منیش ناوم لاسە و لەو وڵاتەش غەریبین، پێت چۆنە؟

― ناوت لاسە، جا بۆچ لاس؟ مەگەر ناوی دیکە نەمابوو ناوی خۆت گوتووە؟

― بەسەر زارم داهات، بە هەڵکەوت، خراش نەبوو، نەبی منی کردۆتە نۆکەری تایبەتی خۆی بەشانازییەوە دەیگوت ئەگەر ئەحمەد خان کوڕی هەیە ناوی لاسە، منیش نۆکەرم بەم ناوە هەیە لەمەش سەیرتر ناوی ناوم لاسەشۆڕ.

― خودا بتپارێزێ سەروەرم، دەستت داوەتە کارێکی پڕ مەترسی.

― ئا... نەتبیستووە ئەڵێن گۆم هەتا قووڵ بێ مەلەی خۆشترە.

― هـ... هە بەڵام ئەم گۆمە هێندە قووڵە لەوانەیە بمانخنکێنێ قوربان.

― کارێکە و کراوە، پیاو ئەبێ بیر لە داهاتوو بکاتەوە، ئەگەر کەوتە مەترسییەوە بزانێ بە چ ڕێگایەکدا ئەکرێ خۆی ڕزگار بکا!؟ دەنا بیرکردنەوە لە باری ئەمەوە کە خۆم خستۆتە ئەم مەترسییەوە زیاتر سەر لە پیاو دەشێوێنێ.

― بە ڕاستی ئەتۆ کوڕی سەرپشتی شێری من لەگەڵ ئەم هەموو تاقیکاری و شەڕەدا کە دیومە ناچارم خۆم بدەمە دەست تۆ.

― ئاهـ... هـ ئەوە پیرەژنەکەیە کە هاتەوە دیسانەوە تۆ باوکی من کوڕ... دەی بابە گیان دیارە حاڵت باشترە!؟

― نەهارم بۆ هێناون هیوادارم بەدڵتان بێ!؟

― بابە ئەم دایە پیرە، لەڕادەبەدەر میهرەبانە، لەم ماوەیەدا کە تۆ بێهۆش بووی، هەر لە ژوور سەرت بووە و ئاگاداری لێوە کردووی.

― زۆر سپاست دەکەم، خودا پاداشتت بداتەوە.

― من ئەبێ سپاسی ئێوە بکەم برادەر، بە ئومێدی خودا زوو چاک دەبییەوە و ئەچییەوە لای ژن و منداڵەکەت ئەو دەمەی یادێکیش لەم دایەپیرە بکەن.

― هەڵبەت هەر وایە ئێمە فەرامووشت ناکەین.

― دەبی بابە گیان من ئەبێ بڕۆمەوە لای خان نەکا فەرمایشێکی هەبێ.

― بە خودات ئەسپێرم کوڕم، بە خودات ئەسپێرم.

― خودا حافیز دایەپیرە.

― خودات لەگەڵ کوڕم.

― لاس: باوکت چۆنە حاڵی باشترە!؟

― بە سایەی ئێوەوە قوربان، لام وایە تا سێ چوار ڕۆژی تر بتوانێ جێگاوبان بەجێ بێڵێ!؟

― بەڵام با شتێکت پێ بڵێم، ئێمە کارمان زۆرە ناتوانین چاوەڕوانی باشبوونەوەی باوکت بین، چونکە ئەحمەدخان زانیویە کە ئێمە ئەمانەوێ بچینە سەری ئەگەر بکەوێتە خۆی و وریا بێتەوە چاری ناکەین. ئەبێ هەر چی زووتر هێرشمان دەست پێ بکەین.

― بەڵام گەورەم من تا باوکم باش نەبێتەوە ناتوانم لە خزمەتتاندا بێم.

― چی؟ ناتوانم!؟ ناتوانم یانی چی؟ تۆ نۆکەری منی، هەر چی من دەڵێم دەبێ وا بکەی

― لاس لەبن لێویەوە: «ئەگەر لەبەر پاراستنی مەراد نەبوایە. ئێستا حاڵیم ئەکردی»

― با ئەوەشت پێ بڵێم لەمەبەدوا کاتێ من قسەت لەگەڵ دەکەم مافی ئەوەت نییە لەبەر خۆتەوە ورتەت بێ.

― بەسەر چاو قوربان، بەسەر چاو.

― دەی ئێستا بڕۆ خۆت ساز کە ئەمشۆ دەبێ داژۆین.

― چیت کرد سەروەرم، وا دیارە، کەمێک ناڕەحەتی!؟

― ئەم چەپەڵە لێم تووڕە بوو، وە پێی گوتم دەبێ خۆم ساز کەم بۆ شەڕی باوکم دەیانەوێ ئەمشۆ هێرشیان دەست پێ بکەن.

― ئەی سەگەچەپەڵ، ئەگەر ئێستا ئەمتوانی بەسەر پێوە خۆم بگرم، بە شمشیر لەتم دەکرد، ئەبێ هەواڵ بدەین بە خان، دڵنیام ئەوان بیری ئەمە ناکەنەوە کە بەم زوانە هێرشی نەبی دەست پێ بکا، لەبەر ئەمە خۆیان ئامادە نەکردووە!

― ئاهـ... تۆ خۆت ئاڵۆز مەکە، من خۆم ئەزانم چ بکەم.

― سەلام کوڕم، ئەمڕۆ باوکت حاڵی باشترە شوکر هەر چی ویستوویە بۆم ئامادە کردووە، شەو و ڕۆژ بەسەریەوە دانیشتووم باوەشێنم کردووە.

― سپاست دەکەم دایەپیرە، ها... بگرە ئەمەش دەستخۆشانەت.

― ئەی خودا تەمەنت درێژ کا کوڕم، تۆ لەڕادەبەدەر میهرەبانی.

― دەی جا دایەپیرە بچۆ بۆ لای کارەکانت، ئێمە ئیشێکمان نییە.

― بەسەر چاو کوڕم بەسەر چاو... ئەم لاوە ئەم هەموو پارەی لە کوێ بووە!؟ ئەبێ ڕازێک لە کاریاندا هەبێ، منی بەم چەشنە لە هۆدەکە دەرکرد ئەبێ وتووێژێکی نهێنییان هەبێ، ها... باشترە خۆمیان لێ بگرم بزانم ئەڵێ چی!؟ ها... ئێرە جێگایەکی باشە کە گوێم لە قسەکانیان بێ.

― گەورەم کارێکی باشت نەکرد ئەم ئەشرەفیانەت دا بەم پیرێژنە، ئەو لێمان ئەکەوێتە شکەوە، ئەڵێ ئەم هەموو زێڕەیان لە کوێ بووە!؟

― قەیدی نییە مەراد ئەم ئافرەتە پیرە زۆری ئاگا لە تۆیە، دەبێ تۆڵەی زەحمەتەکەی بۆ بکەینەوە باوەڕ ناکەم بمانناسێ!؟

― بەهـ بەهـ کوڕەکە بوو بە گەورەم، وا دیارە ئەمەش باوکی نیییە، چونکە پێی ئەڵێ مەراد، با ڕاوەستم دیسان...

― دەی سەروەرم، نەبی ئەیەوێ هێرش بکاتە سەر بابت! من زۆر نیگەرانم نازانم ئەنجامی ئەم شەڕە بە کوێ دەگات!؟

― ئەوڕۆ پێش لەوەی تاو ئاوابێ، ئەبێ بڕۆین، تۆ ئەتوانی خۆت بەسەر ئەسپەوە بگری!؟

― بەڵێ سەروەرم ئەتوانم، یانی ناچارم بتوانم.

― هەر ئەوەندە لێرە بتبەمە دەرەوە لە ئاواییەکی دیکە ئەتشارمەوە و خۆم هەواڵەکە ئەبەمەوە بۆ باوکم.

― ها... کەوایە ئەمە لاسە، کوڕی ئەحمەد خانی مەزنە، هەلێکی باشم بۆ هەڵکەوتووە، ئەگەر ئەم هەواڵە بدەم بە نەبی کۆشم پڕ دەکا لە ئەشرەفی بەڵێ... بەڵێ هات هەر جارێک دێتە پێش، نابێ لە دەستی بدەم، ئێستا با بچمە ژوورەوە لە کاتی خۆیدا ئەچمە لای نەبی

― هاتمەوە گوتم نەکا نیازێکتان بە شتێک هەبێ؟

― من ئەمڕۆ ئەڕۆمەوە خزمەت نەبی خان تۆ ئاگات لە باوکم بێ دایەپیرە

― ئەی بەسەر چاو شەنگەلاوی بەژن و باڵاجوان وەک گلێنەی چاوم ئاگام لێ دەبێ دڵنیا بە کوڕم دڵنیابە.

― خودا حافیز بابە گیان.

― بە خودام سپاردی کوڕم، خودات لەگەڵ.

― ئێستا کاتێکی باشە، ئەبێ بچم و هەواڵ بدەم بە نەبی زۆر باشە... .

***