٢

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (سوارە)
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 14 دقیقه  1378 مشاهده

... ئاهـ... ئێرە جێیەکی باشە، ئەبێ شێرەکە هەر لەم نزیکانە بێ! ئەم دۆڵ و چیا و دەشتە بۆ من ناسراو و ئاشنایە، بست بستی گەڕاوم یا بۆ ڕاو یان بۆ کوشتار، ئاخ چەندە... خۆشە کۆڕەژنی ئەسپی سەرکێش کاتێ لە شەڕا نەرمەزین لەبەر ئارەق و خوێنا تەڕ ئەبێ و نووکی شمشیر تک تک دڵۆپی خوێنی دوژمنی لێ ئەتکێ، مەیدانی شەڕ پاش هەرای پیاوانی شەڕانی، پاش حیلەی ئەسپی بریندار و ناڵەی تێکۆشەرانی سەرەمەرگ، بێدەنگ و خامۆش ئەوەستێ، لێرە و لەوێ کەلاکی بێ گیان و بۆنی خوێن و مردن پیاو کاس دەکا. ئەمن هەمیشە لەو کاتەدا وەک هەڵۆی بەرزەفڕی چیا دڵم دەخوازێ باڵ بگرم و هەردوو هەور و نەوی بەجێ بهێڵم و وەک خاڵێکی ڕەش سینگی ئاسمانی شین بنەخشێنم، و لەو سەرەوە گاڵتە بە دێوی مەرگ بکەم و بڵێم دیت، دیت ئەی مەرگ تەنانەت تۆشم بەزاند ئاهـ... بەڵام ئەمڕۆ... ئەمڕۆ لەگەڵ هەستێکی بێگانەدا ڕووبەڕوو بووم من هەرگیز نەترساوم، بەڵام ئێستا ئەترسم، لام وایە ترسی ئێڵەکەم کاری کردۆتە سەرم. جاران کە ئەوان نەدەترسان، منیش نەمدەزانی ترسان یانی چییە ئەوان بە من پشتئەستوور بوون و منیش بە وان، ئەمە ئەفسوونی دەستی بەهێزی گەلە ئێستا کە ئەوان ورەیان بەرداوە منیش ئەترسم، بەڵام نا... نا ئەحمەد تۆ نابێ بترسی، بەڵێ من ئەبێ بمرم بەڵام نابی بترسم، ئاخ... ئەوە دەنگی شێرەکەیە، ئەم بەستەزمانە ئەگەر بزانی ئەمرێ لەجیاتی گۆشتی نەرمی نێچیر، دەمی تیژ و سەختی شمشیری من چاوەڕوانیەتی، هەرگیز ڕوو ناکاتە ئەم لایە هەرگیز ئەهـ... دەنگی زۆر لە نزیکەوە دێ... با بزانم لە کوێیە!؟ نابێ ببزووم، چونکە ئێستا لەمانە لەپشت سەرمەوە لەسەر ئەو گاشە بەردە ڕاوەستابێ هەر بجووڵێمەوە ئامبازم دەبێ... ئاهـ... ئەوەتا ڕووبەڕووم وەستاوە، بەڵام ئێستا چاوی بە من نەکەوتووە، باشترە شمشیرەکەم ئامادە بکەم- با بەردێک بخەمە بەردەمی... با سەری لێ بشێوێنم... ئاهـ باش بوو... ئەم جارە پشتی لە منە هەلێکی باشە. هـ... ئاهـ... ئافەرین ئەحمەد، چاکت هەنگووت، تۆ سەرکەوتی گەر چی ڕەنگە هەر بەم برینانە بمری، بەڵام گرنگ نییە گرنگ ئەمە بوو کە نیشان بدەی ترسان لە مردن خراپترە، من سەر کەوتم، من سەر کەوتم

م... ن... س... ە... ر... ک... ە... و... ت... م

― ئاخ... خوایە، ئەحمەد خان لە بەیانییەوە ڕۆیشتووە، ئێستا ئەوە ئێوارێیە و هەواڵێکی نییە، نازانم ڕوو بکەمە کوێ؟ خودایە پەنام بە تۆ.

― خاتوونی بەڕێز بێهوودە خۆت نارەحەت مەکە هێشتا ڕوون نییە کە خان چی بەسەر هاتووە، ئایا شێرەکەی کوشتووە یان.

― ئاخ... مەراد چۆن ئەتوانم نارەحەت نەبم، چۆن ئەتوانم دڵخۆشی خۆم بدەمەوە- ئەگەر سەرکەوتبایە هەتا ئێستا گەڕابۆوە...

ئوهـ ئەوە چییە!؟

خاتوونی بەڕێز گوێت لەم دەنگەدەنگە هەیە؟ لام وایە هەواڵێکی خانیان پێ بێ. با ئەمن بچم بزانم چییە زوو ئەگەڕێمەوە خزمەتت.

― ئاخ خوایە، ئەزانی کە من لەو پەڕی سەرلێشێواوی و کڵۆڵیدام، خۆت ئەزانی جگە لە تۆ هیچ پەنایەکم نییە، بەزەییت پێمدا بێتەوە بەزەییت پێمدا بێتەوە...

ئوهـ... چییە مەراد؟ بۆ قسە ناکەی؟ خان چی بەسەر هاتووە!؟

― ئوخ... بەداخەوەم خاتوون، خان بەجێی هێشتین، ئێڵەکەی هەتیو کرد یانی... یانی خان... ئوخ خودایە هـ... ە

― بەڵێ ئەمڕۆ... بەڵام بە ئێمەی نیشان دا کە مردن بە شەڕەفەوە زۆر لە ژیانی بە ترسەوە باشترە... تکایە مەگری خاتوون تکایە... لەگەڵ چارەنووس هیچ ناکرێ...

― مەراد بە دەستووری من هەموو کەس دەبێ سۆرانی دەخەم گرێ، کیژان مل بەکوێن بن و یاڵ و کلکی ئەسپان لەهەش نێن، مەرگم خان بۆ ئێڵەکەمان هەروا سووک و هاسان نییە...

― ئوهـ... بەسەر چاو خاتوونی بەڕێز بەسەر چاو.

― ئاهـ... ئەگەر من حەڵاڵێکی خودام لە خۆم حەرام نەکردبایە، ئێستا خاوەنی منداڵێک بووم کە ئەیتوانی جێگای بابی بگرێتەوە.

― خاتوون فەرمایشێکت بە من نییە!؟

― نا مەراد نا بڕۆ، با منیش کەمێک لە تەنیایی و پەژارەدا بگریم.

― بەسەر چاو خانم بەسەر چاو.

― ئاخ... بەڵام گریان دەردی من دەوا ناکا، باشترە لە بیری تۆڵەدا بم، ئەو شێرە دڕەندیە کە مێردەکەمی خواردووە، ئەبێ یا منیش بخوا یان بیکوژم، ئەحمەد خان لەنێوان ژیانی پڕ ترس و مردنی بە ئازایەتیدا مردنی هەڵبژارد، منیش ژنی ئەوم ئەبێ وەک ئەو ڕەفتار بکەم، پاش ئەحمەد خان ژیان بۆ من سوودی چییە؟ بەڵێ هەتا درەنگ نەبووە ئەبێ بڕۆم. ئەبێ بڕۆم.

***

ئێ- ئاهـ... ئەبێ هەر لەم نزیکانە بێ، باوەڕ ناکەم کەس وێرابیەتی لێرە نزیک بووبێتەوە، من زۆر لە مردن بەپەلەم، چونکە هەر بەم چەشنە ئەتوانم لە مێردی خۆشەویستم نزیک ببمەوە... ئۆهـ بڕوانە ئەم ڕەشایییە چییە؟... با بچمە پێشەوە... ئوهـ... خودای گەورە خۆ ئەحمەد خانە لەسەر پشتی شێرەکە کەوتووە، بەڵام هیچ- ناجووڵێتەوە، شێرەکەش کوژراوە، ئەم شەڕە سەرکەوتووی نەبووە هەردووک لا تێدا چوون خودایە... ئەحمەد خان سەروەری هەموو ئێلات، سواری نەبەز و دلێر، ئەمە تۆی لەسەر پشتی ئەم دڕەندیە بە لەشی زامارەوە داکەوتووی؟ تا دوێنێ دڵی دوژمنان بە بیستنی ناوت ئەکەونە لەرزین ئاخ بەڵام ئەمڕۆ، ئەمڕۆ ناوی تۆ ئەسرین ئەهێنێتە سەر چاوی دۆستانت. تۆ پیاو بووی ئەحمەدخان، سەرپشتی شێر تابووتی تۆیە، ئافەرین مێردی دلێرم، نە ژیانت ئاسایی و نە نزم بوو مردنت. مەرگ و ژیانت پیرۆز بێ... پیرۆز بێ ئاهـ... هـ... ڕاستی چۆنە بزانم ئەحمەد بۆ چ هەرگیز نەیویست ببێتە باب ئایا لە پیاوەتی شتێکی کەم بوو!؟ کە وا حەڵاڵی ژن و مێردایەتی لە خۆی حەرام کردبوو یا هەر لەبەر سوێندێکا کە خواردبووی نەیدەتوانی... بەڵێ... بەڵێ ئەبێ من بزانم...

***

بەڵێ، ئەحمەدخان نەمردبوو، تەنیا شەکەت و بێهێز بوو، کاتێ شەم لێ بڕا سەر لە ڕازی دەربهێنێ لە خەوی گران پاش ماندوویی ڕاپەڕی و بەم جۆرە سوێندی شکاو و سەرپشتی شێر بوو بە پەردەی بووک و زاوا و بەم چەشنە نوتفەی لاس گوورا لە باوکێکی شێرکوژ و دایکێکی ئازا.

***

― دایکی لاس، من زۆرم بیر لەو کوڕە کردۆتەوە بە هیچ بارێ نازانم بۆچ وای بەسەر هاتووە ئاخ ئەگەر بمزانیایە کوڕی من کوڕێکە کە هیوادار بووم ڕۆژێک جێی من بگرێتەوە بەم چەشنەی بەسەر دێ هەرگیز ئەو کارە کە وا من و تۆی کردە ژن و مێردی بە ڕاستی نەمدەکرد، نازانم چی بڵێم؟ ئەوەندەش قسەزان و بلیمەتە کە من بە وتە چاری ناکەم. تۆ بڕوات چییە شەم!؟

― سەروەرم، سایەی سەرم ئەگەر ئاڵۆز نەبی عەرزت دەکەم کە لاس باشترین کوڕی دونیایە، خوێندەوار و زانا و بەغیرەت، بەڵام چەشنی بیرکردنەوەی لەگەڵ تۆ جیاوازە، ئەمەش بەلای منەوە نابێ ببێتە هۆی نارەحەتی تۆ.

― ئا... ئەمن نابێ نارەحەت بم کە کوڕەکەم لە جیاتی شمشیر و نێزە و چەکی شەڕ قەلەمدانی بە لاقەدییەوە بێ!؟ خودایە. من چەندە بێزارم لە ڕواڵەتی میرزایانە، من کوڕم بۆیە گەورە نەکردووە کە نامەم بۆ بنووسێ هەڵبەستم بۆ هۆنێتەوە، وەسەر بە کتێبی کۆنی پەڕزەرد دابنێ، من ئەمەوێ ڕاداتە مەیدان شمشیری وەک برووسکەی هەوری مردن لاشەی دوژمن بکاتە خۆڵەمێش...

― بەڵام گەورەی پیاوانی دلێر، لاس لە پاڵەوانیشدا کەمایەتی نییە.

― ئاخ... ببوورە- ببوورە شەم کە من دەنگم بەرز کردەوە، ئەزانی چییە گیانەکەم، من باوکم پێم خۆشە کوڕەکەم نیشانەی منی پێوە بێ، پێم خۆشە بە سام و شکۆدار و مەزن بێ، تەنانەت لە منیش پێش کەوێ، خۆت ئەزانی کاتێ باوکم مرد ئێمە عەشیرەتێکی بێهێز و بچووک بووین، دەنگیان ئەداین بۆ شەڕکردن و بێگاری. ژێرچەپۆکە بووین، ئەوپەڕی ئاواتمان ئەمە بوو کە خانی مەزن یانی باوکت لە لەشکری خۆیدا بە ناوی دەست و پێوەند ڕامان بگرێ. بەڵام ئەمن بە کۆششی زاڵ و بێوچانم هەموو ئێلەکانم هێنا ژێر فەرمانی خۆمەوە، تەنانەت خانی مەزنیشم تێکشکاند وە تۆم بە زۆر لەو هەستاند، لەو دەمەوە ناوی ئێمە بەرز بۆتەوە، بەڵام وەک ئەبینم لاس کەسێک نییە کە بتوانێ ئەم ناوە بەرزە بپارێزێ. ئوهـ... ڕاستە کە لە شەڕیشا بێوێنەیە، بەڵام بیری بەلای شتێکی ترەوەیە شەم...

― سەلام لە خانی مەزن.

― ئوهـ... تۆی لاس: سەلام کوڕم سەلام

― دایە گیان! تۆ ناوت شەمە، ئەبێ ڕووناکی دڵی باوکم و کۆڕی ژیانی مناڵەکانت بی! کەچی ئەبینم کە وەک گوڵی ژاکاوی بەر خۆرەتاو سات بە سات بێڕەنگتر ئەبی، گوێ بگرە دایە گیان مامۆستا عەلی بەردەشانی ئەڵێ:

گوڵی سوور و وەنەوشە، کێشەیان لێ پەیدا بوو، هەر کام بە جوانی خۆی هەڵ دەگووت، بای پیرەشەماڵیان کردە کەیخودا، و گوتیان ئەی شەماڵی پیری وڵاتگەڕاو ئێمە کاممان جوانترین!؟

شەماڵ گوتی هەر دووکتان جوانن، بەڵام تەنیا بۆ چەند ڕۆژ، یەکتان دەگەڵ هەتاو هەڵات بە تیشکی گەرمی خۆرەتاو سیس ئەبێ وە ئەوی ترتان دەگەڵ ڕۆژ پەڕی بە هەناسەی ساردی زریان سەر ئەنێتەوە تەنیا گوڵێک کە هەرگیز ژاکان و مردنی بەسەر نایە بزەی ئافرەتی جوانە، و وەنەوشەیەک کە سیس نابێ، تای کزیەی شیرین لەیلایە.

― ئافەرین کوڕی خۆشەویست و زانام.

― شەم، من حەوسەڵەی گوێگرتنی ئەم قسانەم نییە... ئەڕۆمە دەرەوە ئێوە بەیەکەوە ئەو قسانە بکەن!

― باشە گیانەکەم فەرموو.

― کوڕینە تکایە گوێ بگرن، دوێنێ باسی ئەو مەبەستەمان کرد کە بەختەوەری چییە.

― بەڵام هەر کەسێ شتێکی گوت، وە لە دوایشدا دەرنەکەوت کە بەختەوەری بە چی ئەڵێن!

― بەڵێ زۆر مەبەستی وا هەن کە هەر کەسێ لە ڕوانگەی بیر و ڕای خۆیەوە، ئەڕوانێتە سەریان، بەختەوەریش لەم چەشنە مەبەستانەیە کە هەر کەس لە شتێکا بەدی دەکا، کەسێک لای وایە، لە سامان و دارایی زۆردایە، ئەوی تر وا ئەزانێ بە لەشی ساغە، یەکێک دەپلە و پایەدا ئەیبینێ و یەکێکی تر لە گۆشەگیری و تاریکیدا.

― ئاخر چۆن ئەگونجێ تەنیا مەبەستێک چەند ڕواڵەتی هەبێ، بێگومان بەختەوەری هەر شتێکە، بەڵام هێشتا نەدۆزراوەتەوە!

― تۆ بە هەڵە چووی، بڕوانە، ئێمە بیست سی کەسین، ئەگەر توانیت دوو کەسمان بدۆزییەوە کە ڕواڵەتمان تەواو لە یەک بچێ، ئەوجار ئەتوانی بڵێی کە دوو بیر و بڕواش هەن کە جیاوازییان پێکەوە نییە.

― ڕواڵەت و ئەندام شتێکی دیکەیە، ئێمە هەر کام لە دایک و باوکێکین، بۆیە ڕواڵەتمان جیاوازە.

― هەر وەک دایک و باوکمان جوێیە چەشنی بارهاتنیشمان جیاوازە، هەر کام جۆرێ تەریب کراوین تەنانەت دوو برا کە کوڕی دایک و باوکێکن، یەک چەشن بیر ناکەنەوە، لەبەر ئەمەیە کە هەر کەس بەختەوەری لەشتێکدا ئەبینێ.

― ئەی خۆت بیروڕات چییە کاک لاس!؟

― بەختەوەری بەلای منەوە، ئەمەیە کە پیاو هەست بە ئارامی بکا، و لەوەی کە هەیەتی ڕازی بێ.

― ئەرێ وەڵڵا هەر وایە

― وەڵڵاهی ڕاست دەکەی.

― ئەمڕۆ ئەمانەوێ، باسی مەبەستێکی تر بکەین. با بزاین جوانی چییە!؟

― من لام وایە ئافرەتێکی جوان لە هەموو جوانییەک جوانترە.

― ناوەڵڵا چیایەکی بەرز کە لە کاتی بەهارا پڕ ئەبێ لە گیا و گوڵ لە هەموو شتێک جوانترە.

― چۆمێکی کە بچەلێنێ دەمەو بەهار لە هەموو شتێ جوانترە.

― ئەسپی جوان لە هەموو شتێ جوانترە.

― نەخێر گەڕی هەڵپەڕکێ.

― چ باسە!؟ تکایە مەیشێوێنن... دۆستان. ئەمانەی کە ئێوە گوتتان، هەر یەکە بەشێکن لە جوانی. جوانی خۆی شتێکی ترە! جوانی چییە؟ جوانی یانی باشی، هەر شتێ بۆ کۆمەڵی ئادەمیزاد باش بێ، ئەوە جوانە! بڕوانن یەکێکتان گوتی ئافرەتی جوان لە هەموو شتێ جوانترە. بەڵام ئەگەر ئەو ئافرەتە جوانە ڕەوشتی نزمی بوو. داوێنپیس بێ، ئایا ئەو کاتە هەر جوانە، ئایا ئەو دەمە لەگەڵ مارێکی خەت و خاڵ جوانا جیاوازی هەیە!؟

یەکێکتان گوتی چیای بە گوڵ و گیا، ئەگەر ئەو چیایە گیایەکانی ژەهراوی بێ، و بێکەڵک بن، دیسان هەر جوانە!؟

ئایا گەڕی هەڵپەڕکێ ئەگەر سەماکەرانی هەڵپەڕکێیەکە دوژمن بن، لەبەر چاومان جوانە!؟

― تۆ هەموو قسەکانی ئێمەت پەرچ داوە. خۆت بڵێ بزانین جوانی چییە!

― بەڵێ، ڕاست دەکا خۆت بڵێ بزانین چییە!

― لەپێشدا ئەمە بڵێم باشە کە جوانی زۆر- بەربڵاوترە کە ئێوە گوتتان، دەنگی خۆش، ڕەوتی جوان، لە خۆبوردن، خەبات و تێکۆشان، زانست، هەڵبەستێکی جوان، تەنانەت ڕوانینێکی میهرەبانانە، هەموو بەلای منەوە جوانن، بەڵام نەخشی جوانی هەر لە پێشدا گوتم ئەمەیە کە بۆ کۆمەڵ باش و بەکەڵک بێ، ڕەنگە یەکێک هەبێ و پرسیار بکا، جا دڵداری کچ و کوڕ چ سوودێکی بۆ کۆمەڵ هەیە!؟ لە بەرانبەر ئەو پرسیارەوە وەڵامی من ئەمەیە کە دڵداریی پاک و بێگەرد، نموونەیەکی بەرزی ڕەوشتی ئینسانە. ئامۆژگاریەکی بەکەڵکە بۆ خەڵکی تر.

― ئاهـ... بە بە بە، کۆڕەکەتان گەرمە کوڕینە! بەڵام ئەمن تەنیا وشەیەکیش لە قسەکانتان نەگەیشتم، ئێوە باسی بەختەوەری و جوانیتان دەکرد، ئەمە ئیتر کێشە و هەرای ناوێ، بەختەوەر کەسێکە بەسەر دوژمنانیدا زاڵ بێ، لەمەیدانی شەڕا تیری نەبەدی نەیپێکێ، و جوانی لە هەموو جوانانیش جوانتر شمشیری جەوهەردار و مەتاڵی پێستی کەرکەدەن و زرێ کاری وەستا خاڵە، ئاخ کوڕینە نازانن ئارەقێک کە لەگەڵ خوێنا تێکەڵ دەبێ و کراس و کەوا و زرێ دەخوسێنێ چەندە شکۆدارە جا ئەگەر لەو کاتە شەڕکەر بەبرینداری لە مەیدان ئەگەڕێتەوە، بێری چاوبەڵەک ڕێز ببەستن و تەماشای بکەن، پیاوەتی دە دەماری دەگەڕێ و تەواوی بەختەوەری دونیا ڕووی تێ دەکا.

― بە خودای عەجەب بیر و ڕایەکە!

― ئەی خوادی گەورە ئەم پیاوە دلێرە چەند جوان ئەدوێ قسەکانی لە شیعری سوارۆ- دەچێ.

― بەڵام لاس کوڕی من، تەنیا قسەکردن لە جوانییەوە شتێکی لێ پەیدا نابێ، پیاو ئەبێ بە کردەوە جوانی بەدەست بێنێ، پێم بڵێ بزانم تۆ نەبی دەناسی کوڕم!؟

― بەڵێ گەورەم ئەو چەپەڵەخوێنمژە باش دەناسم.

― ئافەرین کوڕم ئافەرین، کە وەهایە تۆش ڕقت لێیەتی! نەبی بە لەشکرێکی گەورەوە خەریکە بێتە سەرمان، هەڵبەت من لێی ناترسم، چونکە تا ئێستا چەند جارم بەزاندووە. بەڵام ئەم جارە لەشکرەکەی زۆر بی ئەژمارە، دوژمنانی ئێمە هەموو لە دەووری کۆبوونەتەوە، ئەزانی ئەگەر بەسەرماندا زاڵ بێ، چ ناپیاوەتێکمان بەسەر دەهێنێ!؟

نابابە دڵنیابە، من تاماوم ماوە نادەم ناپیاوی وەک نەبی بەسەرماندا زاڵ بێ. گاهـ ئەبێ خوێندەوار پێنووسی بنێتە لاوە، و دەست بداتە شمشیر، دڵنیا بە سەروەرم شمشیرم لە پێنووسم بەهێزتر ئەبێ.

― بژی کوڕم بژی، کە وەهایە وەرە با بچین پێت بڵێم دەبێ چ بکەی!

― بەسەر چاو، فەرموو... بەدوعا کوڕینە ئێوەش ئامادە بن.

― خوات لەگەڵ.

― ئێمەش خۆمان ساز دەکەین.

― کوڕم ئێمە زۆرمان ڕەنج کێشاوە، زۆرمان برسییەتی و تینوویەتی دیوە و تاڵ و سوێرمان زۆر چێشتووە تا ناوی ئێڵەکەی خۆمانمان بەرز کردۆتەوە، ئاهـ... کوڕم جاری وا بووە مانگێک لەسەر پشتی ئەسپ دانەبەزیوین و چەکی شەڕمان لە خۆمان نەکردۆتەوە، ئەزانی چییە کوڕم؟ تا دوژمن هەیە، تا کەسێک پەیدا ئەبێ کە لە پێی سەری هەژار و بێدەسەڵات دەگەڕێ کە بیکاتە ژێرچەپۆکە، پیاو ئەبێ تەیار و وریا بێ کوڕم.

― باوکی بەڕێزم، من تەنانەت ئێستاش لە شەڕکردن بێزارم، شەڕ پەڵەیەکی ڕەشی مێژووی ئادەمیزادە، بەڵام بەداخەوە چارمان نییە، نەبی لەوانە نییە دەست هەڵگرێ.

― کوڕم تۆ دەبێ لەم شەڕەدا ڕووی من و ئێڵەکەت سپی کەیەوە. وەها سەری نەبی نەرم کەی هەتا هەتایە سەربزێوی نەکا. لام وایە تۆ لە شەڕدا تاقیکاریت کەمە، پێم خۆشە مەرادیش لەگەڵ خۆت بەری، ئەو لە هەموو شەڕێکا شان بە شانی من بە شەڕ هاتووە، دلێر و وریایە.

― بەسەرچاو گەورەم، کە وایە ماوە بفەرموو لە دایکیشم خوداحافیزی بکەم.

― زۆر باشە ڕۆڵەم، بەڵام کارێک مەکە- دایکت ناڕەحەت بێ، بڕۆ کوڕم بڕۆ- ئەسپاردەی خودا بی.

***