١

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (سوارە)
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 9 دقیقه  1948 مشاهده

― گوێ بگرن، هەمووتان ئاگاتان لێیە کە ئەمن چەند جارم ناردووە لای بایزخان و خوازبێنی شەمم کرد بەڵام ئەو گاڵتەی بە من کرد، پیاوەکانی منی بە سووکی ڕەوانە کردەوە، ڕای سپارد کە ئەحمەد بۆ زاوای من نابێ: ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە تێی بگەینم کە کێ پیاوە!؟ ئەزانن کە شەڕێکی قورسمان لە پێشە، بایزخان زۆر بەهێزە هەموو عەشیرەتەکان لایەنگری ئەون، بەڵام من ناترسم، ئەگەر لەشکری هەموو دونیای کۆ بکاتەوە، هەر هێرش دەکەمە سەریان و تێکیان دەشکێنم،

― ئێمەش هەموومان ئامادەین.

― ئێمەش ئامادەی گیان بازین.

― سپاستان دەکەم ئەگەر ئەمرۆ ئەم سوکایەتییە هەموار کەین، سبەینێ سووکیەتێکی دیکەمان بەسەر دێنن و لەناو هەموو کەسا ئابڕوومان ئەچێ، ئەبێ نیشانی بدەین کە نووکی ڕمبی کێ لە خوێنخواردن بەکارە؟ و شیری کێ باشتر زەرێ دادەدڕێ!؟ بڕوانن، ڕووبەڕوومان وەستاون:

― فەرمان بدە بچینە پێشەوە:

― فەرمانمان دەیە هێرشیان کەینێ:

― کە وەهایە بۆ پێشەوە بۆ کوشتن و مردن یاڵڵا...

***

ئافەرین پیاوە ئازاکانم بیانکوژن... شوەریی بە خوێن بشۆنەوە، نیشانیان بدەن کە ئێوە کێن؟ ئافەرین.

― ئاگات لە خۆت بێ قوربان، لەپشتەوە خەریکن دەورەت بدەن.

― هـ... ها بگرە ئەی ناپیاو... بیانکوژن بە قوربانی هێرشی پیاوانەتان بم... تاقیان دەرمەکەن... یاڵڵا...

― ئەوە خەریکن هەڵدێن... مەیدانیان بەجێ مەهێڵن... مەیڵن بڕۆن...

― ڕێ یان کەون... ئەهۆی ڕێوی ترسنۆک بۆ کوێ ڕادەکەی... بۆ کوێ... یاڵڵا دەی شەڕەکەی مەغلوبەتر کەن...

***

― چییە مێردی خۆشەویستم، ماوەی سەعاتێکە ئەمن لەلاتم تۆ هیچ قسان ناکەی! هەر دێی و دەچی و بیر دەکەیەوە:

― ساڵێک زیاتر بەسەر شەڕێ من و باوکتا تێ پەڕیوە، بەڵام ئێستا کە بیر دەکەمەوە تێ دەگەم کە شەڕێکی بێسوود بوو، ئوهـ... شەم نازانی چەند کەس کوژرا؟ جۆگەی شەڕگە پڕبووبوو لە خوێن، ناڵە و هاواری بریندار و ئامانخواز پڕ بەو دۆڵە دەنگی دەدایەوە، من خوێن بەری چاومی گرتبوو دەستوورم ئەدا بکوژن، چونکە باوکت منی بە کەم زانیبوو.

― شەڕ تەواو بووە، تۆ و باوکم ئاشت بوونەتەوە منیش ئێستا ئی تۆم، ئیتر پەرۆشی ناوێ.

― ئاهـ... شەم، داخی من ئەمەیە کە بە هەڵە چووم. لام وا بوو کە ئەوین وەک دەسەڵات وایە کە بکرێ بەزۆر بە دەستی بهێنی، ئێستا تێ دەگەم کە تۆی بێ ئەوین، ئەم هەموو کوشتارەت نەدەهێنا، ڕاستە تۆ هی منی، بەڵام تۆی بە تەنیا، تۆی بێ ئەوە کە دڵت هی من بێ بە کاری چی دێی!؟ ها شەم

― کێ بە تۆی گووتووە کە ئەمن دڵم هی تۆ نییە.

تۆ سەروەری منی، مێردی منی

― ها... شەم سەروەر یانی چی؟ من نە دەمەوێ سەروەری ئێلات و پیاوانی شەڕانی بم، نە سەروەری خێزانم، من دڵی تۆم دەوێ کە بەداخەوە نیمە. ها... شەم لە بیرتە، ڕۆژی هەوەڵ چۆن لەگەڵم بزووتیەوە من ناچار بووم سوێند بخۆم هیچ کات، خۆم نەمەوێ ببمە باوکی مناڵی تۆ مەگەر ئەو کاتە...

― ئەو کاتە تۆ منت بەزۆر هێنابوو، سەر شۆڕیت بەسەر باوکم هێنابوو، نەمدەتوانی لەگەڵت ڕووخۆش بم.

― من نازانم کە ئەمەی تۆ باوکت بەلاوە بەڕێزتر بوو کارێکی باشە یا خراپ، بەڵام ئەوەندە دەزانم کە کەسێک کە ئەوینی بەلاوە سووک بێ و هەموو کەسی نەکاتە پێناو بۆ ئەوە نابێ ئەو هەموو پیاوەی لەسەر بکوژرێ.

― من و تۆ هەزار جارمان ئەم باسە هێناوەتەوە گۆڕێ و لێی دواوین و هیچ کاتیش بە ئاکام نەگەیشتووین، تۆ بڕوا ناکەی کە من ڕۆژی هەوەڵیش هەر تۆم خۆش ئەویست بەڵام تێکشکانی باوکم وەهای کار کردبووە سەر دڵم بۆ ماوەیەک ئەوینی خۆم وەلانا، ئێستاش پەشیمانم، چونکە تۆ و باوکم دوژمنایەتیتان نەماوە، و لەم نێوەدا خراپە هەر بە من بڕا...

― نا... نا... شەم تۆ خراپ نی، ڕەنگە تاوانی خۆپەسەندی من بێ کە نەمتوانی لەم مەبەستە بگەم، سوێندم خوارد، ئێستا من کەمێکم کار هەیە ئەبێ بڕۆم، تۆش بیری لێ بکەوە دەتوانی بچییەوە ماڵی باوکت، تۆ هێشتا وەک خونچەی نەپشکوتوو وای زۆر کەس داواکارت دەبێ، بێوەژن نی کە بڵێن ئەگەر باش بوایە مێردەکەی تەڵاقی نەدەدا، هەموو کەس وا بیر ئەکاتەوە کە من مێردایەیتم تەواو نەبووە...

― نا... نا... هەرگیز، هەزار ساڵیش بەم چەشنە بمێنمەوە بەجێت ناهێڵم، من تۆم خۆش دەوێ، لێم ڕوونە ڕۆژێک ئەبێ تۆش تێ بگەی...

― بەدوعا شەم، من دەڕۆم٠ کارم هەیە...

***

― قوربان ئەبێ چارەیەک بدۆزینەوە، دەنا ئەو شێرە یاخییە ئاژەڵمان بە دەستەوە ناهێڵێ تا ئێستا دە مەڕی خواردووە پشتی ٦ گاجووتیشی شکاندووە...

― لەمێژ بوو لە شەڕی ئادەمیزاد دڵم سارد ببۆوە، هەموو بە هێرشی هەوەڵ لەبەرم ڕایان دەکرد ئێستا هاوشەڕێکی دڕەندەم بۆ پەیدا بووە وابزانم کەمێک کڵ و کۆی من دامەزرێنێ، بەتاسەوەم کە خۆم لەگەڵ ئەو شێرە ڕووبەڕوو بم.

― قوربان ئەمە کارێکی پڕ مەترسییە! پیاو چۆن ئەتوانێ بەرانبەر بە شێر خۆی بگرێ؟ پیاو بەرانبەر بە هەموو شتێک خۆی ئەگرێ مەراد، بەڵام بە شەرتێ بە ڕاستی پیاو بێ ڕەنگە شێرەکەش هەر وەک تۆ بیر بکاتەوە لای وابێ کەس نییە خۆی لەبەر بگرێ: بۆیە وەها شووڵی لێ هەڵکێشاوە ورەدار بووە، ئەبێ بزانین ددانی ئەو لەشی من هەڵدەدڕێ یان شمشیری من سینگی ئەو ئەکاتە کالان!؟

― ...هـ... قوربان وا دیارە دیسان شتێک قەوماوە... ئەوە شوانی خانە بەرەو ئێرە دێ!

― ...ها... چییە کوڕە... بۆچ ڕا دەکەی؟

― گەورەم شێر... شێر... شێرەکە... شێر

― بڵێ بزانم شێرەکە چی؟

― قوربان شێرەکە هێرشی کردە سەر مەڕەکە و چەند کەلاکی لێ خستن!... ڕەسووڵی هاواڵم خەریک بوو پێشی پێ بگری، بەڵام پشتی ڕەسووڵیشی شکاند، پەلاماری منیشی دا، بەڵام ڕام کرد.

― پێم بڵێ... ئەوە چییە بە قەدتەوە! ها ئەوە چییە هەڵت هاوەسیوە؟... هـ... ئەمە... ئەمە... ئەمە... ئەفەرمووی ئەمە شمشیرە قوربان

― ئەم شمشیرەت بۆ چییە!؟

― ئاشکرایە قوربان بۆ پاراستنی خۆم...

― تۆ ئابڕووی پیاوەتیت بردووە ترسەنۆک ئەم شمشیرە. بە شوورەیی دەزانێ بەلا قەدی تۆوە بێ، خێرا کە لە خۆتی بکەوە خێرا کە، چۆن لە ڕووت هات دۆستی خۆت لەبەر دەم و چنگی شێرا بەجێ هێشت و خۆت دەرباز کرد؟ ئەی چەپەڵی نەگبەت، بڕۆ لە باتی ئەم شمشیرە بەرەڵبێنەیێک لە خۆت دە... بڕۆ

― بەسەر چاو گەورەم... بەسەر چاو...

― لاچوو لەپێش چاوم ناپیاوی خوێڕی یاڵڵا.

― قوربان ئەو شوانە هەژارە تاوانی نەبوو گیان خۆشەویستە.

― ئەگەر شەرەفە نەما، گیان بەکاری چی دێ مەراد، ئەگەر یەکیەتی نەما، ئەگەر بیری پاراستنی دۆست نەما، باشترە گیانیش نەمێنێ، من دەبێ بچم قسە بۆ خەڵکەکە بکەم بزانم چۆنە وا ترس بەسەریانە زاڵ بووە، مەراد، تۆش وەرە لەگەڵم.

― بەسەر چاو ئاغا، بەسەر چاو.

― دەبی جا با بڕۆین.

― هەمووتان گوێ ڕاگرن... بێدەنگ بن ئێوە شەڕتان زۆر دیوە، بریندار و کوژراوتان زۆر چاو پێ کەوتووە، هەرگیز ورەتان بەر نەداوە، لام سەیرە چۆن ئەوە لە ترسی شێرێکی یاغی پەست بوون!؟ هەواڵی چەند ساڵەتان بەجێ دەهێڵن و ڕادەکەن، تا نێوی ئەو دڕەندە بێ، ترس و سام بەسەرتانا زاڵ دەبێ، من بۆ ئەوە پێتان نیشان دەم کە مردن لە ترسان باشترە، ئەمڕۆ دەچمە داوێن ئەو کێوە کە وا شێرەکەی پێوەیە.

― قوربان باشترە چەند کەس بچن و بەیەکەوە ئەو شێرە بکوژن.

― ئێوە لاتان وایە دوژمنی ئێمە ئەو دڕەندەیە لە کاتێکا دوژمنی ئێمە لەناو دەروونی ئێمەدایە. دوژمنی ئێمە ترسی خۆمانە، من بۆیە ناچم تەنیا شێرەکە بکوژم، ڕەنگە لەم شەڕەدا سەرنەکەوم، دەچم بەرەنگاری ئەو ترسە دەبم کە بەسەر خێڵەکەمدا زاڵ بووە، ئەبێ بە مەرگ یان سەرکەوتنی خۆم تێیان بگەیەنم کە ژیان بە ترسەوە لە مردن خراپتر و تاڵترە.

― ئێمەش لەگەڵت دێین قوربان

― نا... هەر کەس لەگەڵم بێ دەیکوژم، من بەتەنیا ئەچم، نیازم بە ئێوە نییە، بە ناوی- گەورەیەک پێتان ئەڵێم هیچ کەس نابێ بکەوێتە شوێنم یا بەسەری بڕاوی شێرەکەوە دەگەڕێمەوە یان شێرەکە بە دەم و لەوسی خوێناوییەوە ئەبینن، ئێستا ئیتر بڕۆن، یاڵڵا.

***

― سەروەرم ئەمە شمشیرەکەت لە قەدت داوە و زەرێت دەبەر کردووە، مەگەر ئەتەوێ بچی بۆ شەڕ!؟

― بەڵێ شەم، ئەمەوێ بچمە شەڕی ئەو شێرە یاغییە.

― شەڕی شێر!؟ ئاهـ... هـ... یانی ئەتەوێ بەتەنیا بچی!؟

― بەڵێ... بەڵێ هەر بەتەنیا، بەڵام بە پشتئەستووری باسکی بەهێز و شمشێری تیژم و، بە یارمەتیی ئەو کەسە کە مان و نەمانی ئێمەی بەدەستە.

― وا باشتر نەبوو چەند کەس لە نۆکەرەکانت بنێری!؟

― نا... نا... نا شەم، باشترە خۆم بچم، کەسێک بۆ گەورەیی باشە کە لە کاتی مەترسییا پێش دەست و پێوەندەکانی کەوێ.

― بەڵام... بەڵام من ئەترسم... نەکا تۆ...

... ئا... هـ ئەوانی دیکەش ژنیان هەیە شەم ژنەکانی ئەوانیش ئەترسن کە شێر پشتی مێردەکەیان بشکێنێ، مەزنی من و تۆ دەبێ لێرەدا دەرکەوێ ئەگەر ئێمەش وەک ئەوان بترسێین کێ ئەبێ بەرەنگاری مەترسی بێ!؟ ها...

― مەیلی خۆتە سەروەرم، من دوعای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.

― سپاست دەکەم، بەڵام شەم، ئەگەر من لەو شەڕەدا کوژرام تۆ نابێ ئازیەتبار بی ئەبێ زوو مێرد بکەی و ئەوەت لە بیر نەچێ کە کارێکی وا مەکە کە مێردەکەت حەڵاڵیک لە خۆی حەرام بکا، ئەبێ ببی بە دایکی مناڵ و داستانی منیان بۆ بگێڕییەوە و بەو داستانە لە خەویان کەی، داستانی پیاوێک کە چووبووە شەڕی شێرێک.

― ها... هـ... لە مەرگەوە مەدوێ سەروەرم تۆ... تۆ هێشتا زۆر گەنجی، خوا ئەم کڵۆڵییەم بەسەر نەهێنێ...

― ئاهـ... شەم، ئادەمیزاد نێچیری مەرگە، درەنگ یا زوو ئەبێ بڕوا، کە وەهایە مەرگ خەمخواردنی ناوێ. ئەوەی کە ئەبێ بۆی خەمبار بی زیندووی ترسەنۆکە کە ڕۆژی سەد جاران دەمرێ. ئیتر ئەمن ئەڕۆم شەم، دوعام بۆ بکە...

... خودایە... خودایە بیپارێزە... ئەیدەمە دەست تۆ... خودای گەورە...ە...

***