٥

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (سوارە)
اثر:
سواره ایلخانیزاده (1937-1976)
 12 دقیقه  1741 مشاهده

لاس سەری هەڵگرت و ڕۆی، ڕووی کردە هەرێمێکی کوێستان کە زۆر لە باڵەکایەتی دوور بوو، کاتێ گەیشتە وێ تەماشای کرد کە بێری خەریکی مەڕدۆشینن وە پیاوێک کە وا دەرئەکەوێ گەورەی خێڵەکە بێ لەگەڵ دەست و پێوەندەکانی ڕاوەستابوو.

― کوڕینە من ئەو لاوەم لێرە نەدیبوو!؟ لام وایە ئاپورە بێ، ئەبێ بانگی کەن بزانم کاری چییە، بانگی کەن!

― ئەهای کوڕە وەرە ئێرە خان کاری پێتە.

― سەلام قوربان

― سەلام کوڕم سەلام، بڵێ بزانم خەڵکی کوێی؟ کارت چییە لێرە؟

― قوربان گەنجێکی غەریبم، لە کار ئەگەڕێم، کەمێکیشم خوێندووە.

― ئەها... زۆر باشە کوڕم، ئەمن ڕاتدەگرم ئەتکەم بە میرزای خۆم.

― خودا ڕاوەستاوت کا گەورەم.

― کە وەهایە هەر ئێستا بڕۆ سەر کار بڕۆ... ڕاستی بڵێ بزانم ناوت چییە؟

― ناوم لاسە قوربان.

― لاس؟ زۆرباشە.

― بڵێ بزانم خەڵکی کوێی؟

― خەڵکی باڵەکایەتیم گەورەم.

― کە وەهایە ئەحمەد خانی مەزن ئەناسی!؟

لام وایە تۆش بە شانازی لاسی کوڕی ئەحمەد خانەوە ناویان ناوی لاس... بەڵێ؟ بەڵێ قوربان

― زۆر باشە، زۆر باشە، باشە هەر ئێستا بڕۆ سەر کارت، خەریکی کارت بە بڕۆ.

― بەسەر چاو گەورەم.

***

― دایە ئەتۆ ئەو کوڕەت دیوە کە تازە بۆتە میرزای باوکم!؟

― بەڵێ کچم دیومە، لاوێکی یەکجار جوان و باڵابەرز و پێکەوتووە.

― من زۆر تاریفی لاسی باڵەکایەتیم بیستووە بەڵام باوەڕ ناکەم ئەویش لە جوانییا بگاتە ئەم لاوە، بەهەڵکەوت ناویشی لاسە دایە گیان، و خەڵکی باڵەکایەتیشە.

― کچم تۆ خۆت ئەزانی من هەمیشە مەحرەمی نەهێنی تۆ بووم، تۆ لە باوەش مندا پەروەردە کراوی، جگە لەوەش من خزمەتکاری بنەماڵەی ئێوەم هەڵبەت نامەوێ تۆ نارەحەت بی بەڵام کچم وام هەست کردووە دڵت داوە بەم لاوە.

― مەگەر ئیرادێکی هەیە دایە!؟

― ئەرێ کچم، تۆ کیژی خانی، و ئەو کوڕێکی هەژار و بێخانەدانە، ئێوە بۆ یەک نابن، و باوکت هەرگیز ڕازی نابێ تۆ بدا بەو کوڕە.

― دایە دڵی ئەوینداری کەی لەم شتانە دەفکرێ، باشتر نییە لە باتی ئەوەی ئامۆژگاریم کەی، کارێ بکەی لاس لە ئەوینی من ئاگادار بێ.

― ئاگات لە خۆت بێ کچم، تۆ خەریکی کارێک ئەکەی کە هەم سەری ئەو و هەم ئابڕووی بنەماڵەکەتی تێدا دەچێ.

― دایە گوتم کە من بە فەرمانی دڵم ئەجوڵێمەوە و لە هیچ کەسێکیش باکم نییە.

― زۆر باشە کچم بزانم چم لە دەست دێ.

***

― سەلام میرزا، ئەوە لێرە چی ئەکەی؟

― ئەهـ ئەوە تۆی دایە،؟ دە فەرموو دانیشە فەرموو، خەریکی خوێندنەوەی لەیل و مەجنوون بووم.

― من ئەو بەسەرهاتەم بیستووە، و کاتێ کە خەزاڵ مناڵ بوو هەموو شەوێ ئەم داستانەم بۆ ئەگوت تا خەوی لێ دەکەوت.

― ئاخ... هـ... خەزاڵ... خەزاڵ... شازادەی جوانی

― چییە میرزا وا دیارە ڕەنگت هەڵبزرکا؟

― ئۆهـ نا... نا دایە شتێک نییە، وەرە دانیشە با بۆت بگێڕمەوە کە لەیل و مەجنوون چۆن ئاشقی یەکتر بوون.

― ها ئەوە دانیشتم دەی جا فەرموو!

― کوڕێکی عەرەب بوو بە ناوی قەیس لە خێڵی عامر. زۆر بەدەسەڵات بوو لاوچاک بوو... لەو کاتەوە کە لاس ڕۆی، ٥ ساڵ تێ ئەپەڕێ هەموو لە دۆزینەوەی لاس هیوابڕاو بوون: برا چکۆلەکەی لاس کە ناوی هەباس بوو تێ گەیشت خووڕەوشتی تەواو وەک باوکی ئەحمەد خانە، بەهێز و بێبەزەیی و پیاوی شەڕ و مەیدان لەو ماوەیدا شەمی خێزانی ئەحمەدخان نەخۆش کەوتووە کە خانی داوا کردوە پێش مەرگی زەماوەندێک بۆ هەباس ڕێک بخا.

ئەحمەد خان پیاوی بەهەموو لایەکا ناردووە، لە ئاکاما خەزاڵی کچی ئەو. خانەی پێ باش بووە کە لاس بە نۆکەریی لەلایەتی... خان و هەباس و دەست و پێوەندێکی زۆر ساز بوون بچن خەزاڵ دیاری کەن...

― زۆر بەخێر هاتن... سەر فەرازت کردم، من بچووکی تۆم قوربان، فەرمانت لەسەر سەرمە.

― تۆ برای منی خان، سپاست دەکەم ئەم چەند ڕۆژە میواندارێکی باشت کرد، بەڵام پێم خۆشە بزانی من بۆچ هاتووم!؟

― ماڵی بچووکی خۆتە گەورەم، ئەمر کە فەرموو.

― هەباسی کوڕم کاتی ژنهێنانیەتی، کوڕێکی باشیشە ئەمەوێ بە بچووکی خۆتی قەبووڵ کەی و خەزاڵی کچتی بدەیەی.

― سەروەرزادەی منە قوربان، بۆ من شانازییە کە کوڕی خانی مەزن بە کچی من ڕازی بێ.

― زۆر مەبارەکە، زۆر مەبارەکە، کە وەهایە هەباس بڕۆ دەستی خەزوورت ماچ کە.

― بەسەر چاو قوربان...

― ها... پیرۆز بێ، پیرۆز بێ

― ... تق... تق...

― لاس قەی ناکا وەرە ژوورێ.

― مەبارەکت بێ خەزاڵ.

― مەبەستت چییە لاس!؟ من شتێکی تازەم نەکڕیوە.

― نا شتێکی تازەت نەکڕیوە، بە مێردێکی تازە فرۆشراوی.

― ئەم قسانە چییە لاس!؟ مەگەر لە بیرت چۆتەوە من و تۆ پەیمانمان بەستووە!؟

― ئەمەوێ دڵنیا بم گیانەکەم پێم بڵێ بزانم تۆ منی هەژاری نۆکەری باوکت هەڵئەبژێری یان کوڕی خانی مەزنی باوکت... ها!؟

― من کارم بەسەر ئەمەوە نییە کە ئەو کوڕە کێیە؟ و باوکیشم کێی پێ خۆشە، چونکە لەپێشا بەڵێنم داوە بە تۆ، مەگەر دڵ ئەکرێ بە چەند کوتەوە لاس؟

― با ڕاکەین خەزاڵ، لێرە بڕۆین، بچینە شوێنێک کەس نەمانناسێ.

― ڕاکەین؟ ئاخر بۆ کوێ مەگەر ئەگونجێ؟

― ئۆهـ... نا... نا گیانەکەم، من نازانم ئەڵێم چی لێم ببوورە.

― ئەگەر تۆ پێت خۆشە، من قسێکم نییە، ئامادەم بۆ هەر کوێ بڵێی لەگەڵت بێم.

― نا خەزاڵ نا، باشترە چاوەڕێ بین بزانین چی پێش دێ جارێ بە دوعا گیانەکەم...

― بەدوعا لاس...

***

― ئاخ، تا ئێستا کێ گیری وای کردووە؟ براکەم بۆتە بەرهەڵستم، بەڵام ئەو چووزانێ، وا دیارە من بە هیچ بارێکا ڕاحەتیم نییە، ئەمەش نەهاتێکی تر... ئەهـ... ئەو پیاوە منی دی، ئەگەر بزانێ لە هۆدەکەی خەزاڵ دێمە دەرێ کارەکە بە تەواوی خراپ دەبێ با خۆم بشارمەوە...

― ئەو پیاوە کێ بوو!؟ من بە چاوی خۆم دیم لە هۆدەکەی کچی خان هاتە دەرەوە... بۆ کوێ چوو ئەبێ بگەڕێم و بیدۆزمەوە...

― ئەی خۆ ئەوە پیاوەکەی باوکمە خەریکە بمدۆزێتەوە... باشترە بە مستێک بێهۆشی کەم با کەمێکی تریش بێتە پێشەوە... ئاهـ ئەو جار چاکە.

... بمبوورە ناچار بووم... ئێستا چی بکەم!؟ باشترە بە کۆڵ خۆمی دادەم و بیبەمە هۆدەکەی خۆم هەتا دێتەوە سەرەخۆ...

― ئاخ... ئاخ من بۆ لەم هۆدەیەم!؟

― تۆ لەلای منی عەزیز.

― تۆ قوربان، تۆ!؟ تۆ لێرە چی ئەکەی؟ ئەی خودایە زۆر شوکر کە چاوم بە تۆ کەوتەوە.

― س س ست، هێواشتر، عەزیز بەسەرهاتی من زۆرە، ئێستا هەمووت بۆ دەگێڕمەوە، گوێ ڕاگرە! کاتێ من لە باڵەکایەتی وەدەرکەوتم...

***

― بیستوومە لاوێک لە باڵەکایەتییەوە هاتۆتە لات و ناوی لاسە. ئەمە ڕاستە!؟

― بەڵێ سەروەرم، بەڵێ، کوڕێکی یەکجار باشە من ڕامگرتووە کردوومە بە میرزای خۆم.

― ئۆخ خودایە بڵێی ئەمە لاسی کوڕی من بێ.

― خان پێم خۆشە بیبینم، لام وایە ئەبێ لە دایک و باوکی تۆرابێ.

― قوربان بە چەشنی خۆی ئەڵێ، دایک و باوکی مردوون، هیچ کەسی تریشی نییە.

― ئەها...

― من دیومە گەورەم، لاوێکی لاواز و بێدەنگە لام واش نییە خەڵکی ئەو باڵەکایەتییەش بێ، چونکە من نەمناسییەوە.

― ئاهـ ئەو هیوایەشم بە هیچ دەرچوو، زۆر باشە، زۆر باشە عەزیز کەوایە قەیدی نییە.

― «باش بوو بانگی نەکرد، دەنا لاس وای دەزانی من ڕاستیم پێ گوتووە».

― قوربان گەنجەکان ئەیانەوێ بچن بۆ ڕاو، هەباسیش ئامادەیە، ئایا ماوە ئەفەرموون!؟

― هەڵبەت هەڵبەت خان، بۆ لاوەکان هیچ شتێ لە هەڵپەڕکێ و ڕاو خۆشتر نییە.

― سپاس میرم کە وەهایە کوڕینە سوار بن با بڕۆین.

***

― ئەهای کوڕینە ڕاو بەسە ئیتر بەرەو ماڵ ئەبینەوە ئەگەڕێینەوە بۆ ماڵ، بەڵام نا... نا ڕاوەستن بزانم ئەو کابرایە کێیە کە ئەو گوڵە کێوییانە ئەچنێ و چەپکەچەپکەیان ئەکا... ئەها کوڕە وەرە بزانم ئەو گوڵانەت بۆ چییە؟ وەرە بزانم.

― خودایە هەباس چەند گەورە بووە، بۆتە پیاو، بڕوانە هەروەک باوکم فەرمان ئەدا، بەڵام خوا بکا بەم چەشنەی کە من خۆم گۆڕیوە نەمناسێتەوە.

― های لەگەڵ تۆمە کوڕە... وەرە ئێرە مەگەر کەڕی؟... بڵێ بزانم ناوت چییە؟

― ناوم لاسە گەورەم.

― ها... هـ... بێ جات کرد کە ناوت لاسە، لاس تەنیا لاسەشۆڕی باڵەکییە، ئەویش برای منە.

― بۆ من شانازییە کە هاوناوی برای ئێوە بم.

― ئەم... ئەو گوڵانەت بۆ چییە؟

― گەورەم دەیبەمەوە بۆ دەزگیرانم.

― ها... هـ؛ گوێتان لێیە کوڕینە، ئەمەش دەزگیرانی هەیە... ها... ها بڵێ بزانم دەزگیرانەکەت ناوی چییە!؟

― «ئەو کوڕە بۆ وا بێئەدەب بووە کاتێ من هاتم وا نەبوو».

― بۆچ لاڵ بووی؟ پرسیم ناوی چییە؟

― ئۆ... ناوی خەزاڵە گەورەم.

― ئوهـ خودایە کارەکە خەریکە خرا دەبێ.

― هـ... گوتت ناوی خەزاڵ!؟ خەزاڵ ناوی دەزگیرانی منە.

― گەورەم ناو هەمووی ئی ئادەمیزادن، بە بەژنی کەسێکی تایبەت...

― ها... دەمت ببەستە چەپەڵ، های کوڕینە وەرن، وەرن خێرا کەن لەبەر چاوم گومی کەن لێی بدەن کوڕینە.

***

― گەورەم، من ئامادەم ڕووبەندێک بە ڕووما دادەم و دەچمە مەیدان.

― ڕووبەندت بۆ چییە کوڕم؟

― قوربان نامەوێ بمناسن، ئەڵێم نەکا خانی مەزن پێی ناخۆش بێ نۆکەرێکی تۆ دەچتە مەیدانی کوڕەکەی.

― بەڵام کوڕم ئاگات لە خۆت بێ، هەباس هەم پاڵەوانە هەم زۆر بێبەزەیییە، ڕاستە ئەمە بۆ تاقیکردنەوەیە، بەڵام ئەگەر ڕقی هەستێ لەوانەیە بتکوژێ.

― دڵنیا بە گەورەم. ئاگام لە خۆمە، دەی جا ئەگەر ماوە بفەرمووی من بڕۆم.

― خوا ئاگادارت بێ بڕۆ

― ها کێ هەیە لەگەڵ من دەست و پەنجەیەک نەرم کا؟ کەس نییە؟

― من ئامادەم، ئەوەش شمشیرەکەم.

― ها... هـ... ها... مەگەر تۆ دزی کە خۆت لەژێر ئەم ڕووبەندەدا شاردۆتەوە؟ ها...

― دەمت ببەستە و باسکت بخە کار، هێندەش پێ مەکەنە ئەترسم لەدواییدا بگری!

― ئۆهـ زۆر بە خۆت دەنازی، بەم ڕووبەندەتەوە هاتوویەتە مەیدانی من! خۆت بگرە بۆ شمشیرەکەی من... ها... وەرە بزانم...

― ها... من نامەوێ بریندارت کەم...

― تۆ منت شکست دا، ها بمکوژە

― نا... تۆ برای منی هەستە... هەستە من ناتکوژم، ئەمە یارییەکی دۆستانە بوو، بەڵام ئامۆژگاریم ئەوەیە دەست لە خەزاڵ هەڵگری، ئەمەش شمشیرەکەی من بۆ تۆ...

***

― عەزیز، من دەنگی ئەو پیاوە چارەپۆشراوە کە هەباسی شکست دا زۆرم بەگوێ ئاشنا هات، خورپەی خستە دڵمەوە، ئەتگوت دەنگی لاسەشۆڕی کوڕمە، دەست و بوردیشی هەر لەو ئەچوو.

― چیت عەرز کەم قوربان، لاس شەش ساڵ ئەبێ بێ سەر و شوێنە، باوەڕ ناکەم ئەو بێ، بەڵام...

― بەڵام چی عەزیز؟ تۆ شتێک لە من ئەشاریەوە ئەو ڕۆژەش کە ئەو کوڕە لەگەڵ هەباس شەڕە شمشیریان بوو. تۆ زۆر ئاڵۆز بووی، من باشم ئەزانی کە بیرت بەلایەکی ترەوەیە، تکایە، تکایە عەزیز، ئەبینی کە من تکات لێ ئەکەم، باوکێکی دڵسووتاو کە هەرگیز تەنانەت بۆ چارەنووس سەری دانەنواندووە تکات لێ ئەکا، عەزیز تکایە ئەگەر شتێک ئەزانی بە منی بڵێ!؟

― قوربان تۆ سەروەری منی... نا... من ناتوانم لە تۆی بشارمەوە، ئەو گەنجە لاوە کوڕی تۆیە.

― ئاخ خودای گەورە، خودای گەورە سپاس بۆ تۆ، سپاس بۆ تۆ خودای گەورە، ئەدی عەزیز بۆچ ئەمەت زووتر بە من نەدەگوت؟ ئێستاش خێرا کە با بڕۆین، ئەمەوێ لاس لە باوەش گرم پێی بڵێم کە دایکی لە ڕووی ئەوا چ ڕەنجێکی کێشاوە.

― بەڵام قوبارن شتێکی تریش هەیە کە ئەبێ پێت بڵێم.

― نا... نا... عەزیز نا... ئێستا کاتی هیچ قسەیەک نییە زوو کە بابڕۆین.

***

دەستت خۆش گیانەکەم، باشت تەمبێ کرد من لە پەنجەرەوە ئاگام لێ بوو.

بەڵام پێم خۆش نەبوو. ئەو گەنجە، بریا ئەم کارە ڕووی نەدەدا.

― تۆ ئەڵێی چی لاس؟ مەگەر هەر ئەو لاوە بێشەرمە نەبوو دەستووری دا نۆکەرەکانی دارکاریت کەن؟ تۆ بۆچ دڵت بۆی ئەسووتێ؟

― نازانم گیانەکەم، خۆشم نازانم...

― ها... تۆ... تۆ لەلای دەزگیرانی من چی ئەکەی!؟ پیاوی بێشەرم ها...؟

― تووڕە مەبە هەباس، ئێمە هەردووکمان هەین لە خۆی ئەپرسین، لێی دەپرسین بزانین کاممان هەڵئەبژێرێ؟

― من لاس هەڵئەبژێرم

― هەی کچی پەست

― من بەدڵەوە ڕقم لە تۆیە

― بگرە ئەوەش سزای تۆ...

― پیاوی پیاو هەرگیز خۆی لە ئافرەتی بێهێز ناگەینێ بەڵام وا دیارە تۆ لە پیاوەتی هیچ بەشێکت نییە.

― ئێستا تێتئەگەینم کە کێ پیاوە

― ئەبینی کە من شمشیرم پێ نییە و لەگەڵ تۆش نامەوێ بەشەڕ بێم.

― بۆ من فەرقی نییە، هەر ئەتکوژم... ها بگرە

― شمشیرەکەت بەردە دەنا دەستت ورد دەکەم

― بەری نادەم هەر دەتکوژم

― جارێک بەس نەبوو ها!؟

― ها- های دەستم بەر دە... ئاخ

― ئافەرین براکەم ئافەرین ئێستا بووی بە کوڕێکی باش.

― دەست ڕاگرن... دەست ڕاگرن... لاس دەست ڕاگرە.

― ئاخ خودایە باوکمە... عەزیزیشی لەگەڵە وا دیارە هەموو شتێکی پێ گوتووە...

― کاتێکی باشە، ئێستا ئەبێ بەم شمشیرە بیکوژم ها، بگرە...

― ئاخ... ئاخ... ئاخ

― چیت کرد ماڵوێران، لاسی برای خۆتت کوشت لەعنەت لە تۆ هەباس.

― لاس... لاس... لاسی برام... لاس... لاس برا گیان...

― کوڕەکەم لاس... چاوت بکەوە من... منم باوکی کڵۆڵت... لاس... هێشتا تۆ زۆر گەنجی، تکایە لاس جێمان مەهێڵە... بڕوانە لاس... بڕوانە من باوکتم... عەزیز... تەواو بووە

― لاس... لاس چاوت بکەوە...

― پرشنگی ژیان لە چارەیا نەماوە... ئۆف چەندە چارەنووسێکی تاڵ بوو مەرگی برایەک بە دەستی برایەک...

― لاس براکەم لاس... چاوت بکەوە... من تۆم کوشت لاس...

― عەزیز دەستوور بدە بە گوڵاو مەیتەکەی بشۆن.