10- ئاوەڵنێوی «تر» و «دی»

از کتاب:
زمانی یەکگرتووی کوردی
اثر:
جمال نبز (1933-2018)
 2 دقیقه  78 مشاهده
«تر» لە هێندێ زاراوای کرمانجیی نێوەڕاستدا، ئاوەڵناوی ژمارەیە؛ وەک: «ڕۆژێکی تر». ئەم «تر»ە لە زاراوای موکریدا کە زاراوایەکە گەلێک شوێنەواری کۆن و ڕەسەنی پێوەیە، دەبێتە «دی» واتا دەگوترێ «ڕۆژێکی دی» لەجیاتی «ڕۆژێکی تر». لە زاراواکانی کرمانجیی ژوورووشدا دەبێتە «دی» یا «دن»، واتا دەگوترێ «ڕۆژەکی دی» یا «ڕۆژەکی دن».
 
«تر» لە کرمانجیی نێوەڕاستدا؛ تەنیا ئاوەڵنێوی ژمارە (صفة العددعربی) نییە بەڵکو پاشگری «اسم التفضيلعربی»یشە. بۆ وێنە: «باش- باشتر»، «خۆش - خۆشتر».
 
جا لەبەر ئەوەی «تر» لە زاراوای سلەیمانی و لەو ڕێیەشەوە لە زمانی ئەدەبیی ئێستەماندا بۆ دوو شتی جیاواز بە کار دەهێنرێ، هەروەها زۆربەی زۆری کوردزمانان «دی» بۆ ئاوەڵنێوی ژمارە بە کار دەهێنن، بە لای منەوە لە زمانی ئەدەبیدا «دی» بۆ ئاوەڵنێوی ژمارە و «تر» وەکو ئێستە بۆ پاشگری «اسم التفضيلعربی» بە کار بهێنرێ چێترە. بۆ وێنە «يوم آخَرعربی» بە «ڕۆژێکی دی» بکرێتە کوردی، نەک بە «ڕۆژێکی تر».
 
دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە زاراوای سلەیمانی، ئەردەڵان، سۆراندا، ئاوەڵنێوی «کە»ش بە کار دەبرێ. کە ئەمە کورتکراوەی «دیکە= دی+کە»یە و لە زمانی فارسیی تازەدا بە وێنەی «دیگر» دەرهاتووە.