10- ئاوەڵنێوی «تر» و «دی»

لە کتێبی:
زمانی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 2 خولەک  81 بینین
«تر» لە هێندێ زاراوای کرمانجیی نێوەڕاستدا، ئاوەڵناوی ژمارەیە؛ وەک: «ڕۆژێکی تر». ئەم «تر»ە لە زاراوای موکریدا کە زاراوایەکە گەلێک شوێنەواری کۆن و ڕەسەنی پێوەیە، دەبێتە «دی» واتا دەگوترێ «ڕۆژێکی دی» لەجیاتی «ڕۆژێکی تر». لە زاراواکانی کرمانجیی ژوورووشدا دەبێتە «دی» یا «دن»، واتا دەگوترێ «ڕۆژەکی دی» یا «ڕۆژەکی دن».
 
«تر» لە کرمانجیی نێوەڕاستدا؛ تەنیا ئاوەڵنێوی ژمارە (صفة العددعەرەبی) نییە بەڵکو پاشگری «اسم التفضيلعەرەبی»یشە. بۆ وێنە: «باش- باشتر»، «خۆش - خۆشتر».
 
جا لەبەر ئەوەی «تر» لە زاراوای سلەیمانی و لەو ڕێیەشەوە لە زمانی ئەدەبیی ئێستەماندا بۆ دوو شتی جیاواز بە کار دەهێنرێ، هەروەها زۆربەی زۆری کوردزمانان «دی» بۆ ئاوەڵنێوی ژمارە بە کار دەهێنن، بە لای منەوە لە زمانی ئەدەبیدا «دی» بۆ ئاوەڵنێوی ژمارە و «تر» وەکو ئێستە بۆ پاشگری «اسم التفضيلعەرەبی» بە کار بهێنرێ چێترە. بۆ وێنە «يوم آخَرعەرەبی» بە «ڕۆژێکی دی» بکرێتە کوردی، نەک بە «ڕۆژێکی تر».
 
دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە زاراوای سلەیمانی، ئەردەڵان، سۆراندا، ئاوەڵنێوی «کە»ش بە کار دەبرێ. کە ئەمە کورتکراوەی «دیکە= دی+کە»یە و لە زمانی فارسیی تازەدا بە وێنەی «دیگر» دەرهاتووە.