باسی میعراجی حەزرەتی محەمەد

از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
 1 دقیقه  61 مشاهده
شەوێک دوور لە سەیر سەرای فانی بوو
ئەحمەد لە سەرای ئوممو هانی بوو
جیبریلی ئەمین لە بەیتولمەعموور
بوراقی هێنا موتەلەل بە نوور
لە هەوری نیسان دووڕئەفشانتر بوو
لە بادی سەبا خۆشعەنانتر بوو
لە مەدینەوە شاهی ئەنبیا
سواری بوراق بوو گەیشتە ئەقسا
لەوێ حازربوون هەموو ئەنبیا
ئیمامەتی کرد شاهی پێشەوا
لەوێوە چوو بۆ فەلەکی خزرا
ئاوزەنگی لێدا سەحرا بە سەحرا
بەو تیژباڵییە تاوسی ئەخزەر
بەجێ ما هەڵی وەراند باڵ و پەڕ
جیبریلی ئەمین قوەتی نەما
دوعاخوازی کرد ئاخر بەجێما
بوراقی تاودا دەرچوو لە کەونەین
بەیداخی هەڵکرد لە قابەلقەوسەین
بیستی کەلامی زاتی سەرمەدی
خودای تەعالای بە چاوی سەر دی
ئەعزای دەستی کرد بە ڕەقس و سەما
چاو لەبن هەموو مووێکی ڕووا
خودا فەرمووی تۆ مەقسوودی دەرگا
مەتڵەبت چییە داوا کە داوا
بۆ گوناهکاری ئوممەت دوعای کرد
خودای تەعالاش دەرحاڵ گیرای کرد
ئوممەتی خۆی کرد بە بەرات دڵشاد
گوناهکاری کرد لە دوزخ ئازاد