باسی شیرویە کوڕی خوسرەو

از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
 2 دقیقه  93 مشاهده
خوسرەو لە مەریەم کوڕێکی هەبوو
ناوی شیرویە بەدڕەگ و بەدخوو
چرداوەڕوو بوو سوورفل و چاوشین
لایەقی هەزار لەعنەت و نەفرین
وەختێ کە عومری گەیشتە دە ساڵ
عالەم لە دەستی بوون پەرێشانحاڵ
وەختی سەرف دەکرد بە حیلەکاری
بە ئیشی پوچ و بە بەدڕەفتاری
هەر کە شیرینی ئەوەل دەفعە دی
عاشقی ڕووی بوو گوتی کاشکی
ئەم مەحبوبەیە ژنی من دەبوو
عیشقی شیرینی هەر لەسەردا بوو
بوزرگ ئومیدی تەڵەب کرد خوسرەو
دەردی شیرویەی بەیان کرد بۆ ئەو
گوتی دەترسم لەم بەدئەختەرە
سەرسەری و ئەحمەق شێت و بێفەڕە
نە خوشکەکانی خۆش دەوێ نە من
لەگەڵ هەموومان بووە بە دووشمن
من تاجم لەسەر تاجداران سەند
کەچی ئەم کوڕەم پیسە ناپەسەند
جوابی دایەوە حەکیمی دانا
گوتی مەعلوومە ئەی شاهی جەمجا
هەرچی بێ ئەمە جگەری تۆیە
ئاخر پارچەیەک گەوهەری تۆیە
موافیق نییە قوربان لەلای من
جگەرگۆشەی خوت بکەی بە دوشمن
گەورە بێت یەقین دڵی پاک دەبێ
خۆت چاکی ئەویش ئاخر چاک دەبێ
ئێستا منداڵە خوێنی دەدا جۆش
وەخەتێ گەورە بوو دەبێ عەقڵ و هۆش
قەزا وای هێنا بەینێکی پێ چوو
خوسرەوی پەروێز ئارەزووی وا بوو
واز بێنێ لە عەیش و زەوقی شاهانە
عیبادەت بکات بۆ ئاتەشخانە
تەرکی دونیای کرد بە جارێ خوسرەو
شیرویەی کوڕی دانیشت لەجێی ئەو
شێرۆ دەستی کرد بە بادەنۆشین
هۆشی نەمابوو لە عیشقی شیرین
ئاخر شیرویەی بەدڕەگی بەدگیان
باوکی حەبس کرد خستییە ناو زیندان
خوسرەوی پەروێز عاجز و غەمگین
کەس لەلای نەبوو بە غەیری شیرین
بەڵام بە شیرین دڵی زۆر خۆش بوو
هەموو عالەمی لا فەرامۆش بوو
گوتی بە شیرین گیانە تۆم بەسە
دەوڵەت و موڵکم من کەی مەبەسە
شیرینیش دەیکرد دڵنەوایی ئەو
دڵخۆشی دەدا دائیم بە خوسرەو