باسی کاغەز نووسینی پێغەمبەر بۆ خوسرەو
از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
2 دقیقه
62 مشاهده
لە پاش مودەتێ ڕەسوولی خاتەم
کاغەزی نووسی بۆ شاهی عەجەم
نووسی بە ناوی ئەو پادشایە
بێ ئەو هیچ نابێ و خۆی بێجێگایە
خەللاقی دونیا و هەموو مەوجودە
هەتاکوو ئەبەد فەییازی جودە
بە مێشوولەیەک دەکوژێ فیلی نەر
مێروولە دەکات بە مار و ئەژدەر
ئەو خەڵقی کردووی تۆ مشتێ خاکی
لە سەرت دەرکە کیبر و بێباکی
لە چنگی مردن قەت ڕووح دەرناکەی
کە ئەجەلت هات ناتوانی ڕاکەی
لە ڕوبعی مەسکوون عێراق بەهرێکە
جا لەو بەهرە مەدائینیش شەهرێکە
لە مەدائیندا پیاو زۆرە ئەلئان
تۆش ئینسانێکی مانەندی ئەوان
شەهادت بدە خالق خودایە
بێ جێگە و مەکان تاک و تەنیایە
هەر ئەو خودایە خالقە و ئەکبەر
منی کردووە وا بە پێغەمبەر
ئاگرپەرستی تۆ بەرەڵا کە
پەیڕەوی شەرعی ڕەسولوڵڵا کە
بۆچ دەپەرستی ئاگری پر دوود
خوداپەرست بە مەبە بە نەمروود
لە ئاگر دۆزەخ خۆت دەر بهێنە
موسڵمان ببە شەهادەت بێنە
کاغەز تەواو بوو بەتالووکە و دەو
قاسد کەوتە ڕێ بردی بۆ خوسرەو
وەختێ کاغەزی وەرگرت خوسرەوشا
لە ڕقا هۆش و شعووری نەما
کە دی نووسراوە هەیبەت ئەنگێزە
نامەی محەممەد بۆ لای پەروێزە
غرووری شاهی لە ڕیگە لای دا
گوتی کێ بێ وا جەسارەت بکا
ئازا بێ کە خۆی بە گەورە دیوە
ناوی خۆی لە پێش ناوم نووسیوە
ڕەنگی ڕوی تێک چوو بەقار و بە قین
دڕی نامەکەی خاتەم مورسەلین
تۆ مەڵێ نامەی ئەحمەدی دڕی
شێت بوو نەیزانی جەرگی خۆی بڕی
قاسید گەڕاوە خێرا دەستوبرد
ماجەرای عەرزی ڕەسوولوڵڵا کرد
جا لە موعجیزەی خاتەم ئەنبیا
بزانە خوسرەو چی هات بەسەریا
لەسەر شەت پردێ هەبوو لە ئاسن
لافاوێکی دا هەڵی کەند لە بن
هەورەتریشقە بە ئەمری خودا
لە قەسرەکەی دا تاقێکی ڕووخا
بای سەموم لەپڕ هات و بە ستێز
بوون بە قەرەبرووت گوڵگوون و شەودێز
لە موعجیزاتی خاتەمولئەنبیا
لەو ڕۆژانەدا زۆری وا ڕووی دا
بە خوسرەو خودا نەیدا هیدایەت
بێچارە مەحرووم بوو لە عینایەت
سەیری جەلالی پێغەمەر کە، تۆ
بە چاوی دیقەت تێ فکرە مەڕو
عەجەب بەدرێکە جێی لەژێر خاکە
کەچی نووری ئەو لەسەر ئەفلاکە