باسی خەوبینینی خوسرەو بە حەزرەتی محەمەدەوە
از کتاب:
شیرین خوسرەو
اثر:
کمالی (1886-1974)
3 دقیقه
57 مشاهده
شەوێک نووستبوو شاهی تاجوەر
لە خەودا چاوی کەوت بە پێغەمەر
سواری ئەسپێ بوو دەهات بەیەلغار
وەکوو مانگ هەڵبێت لە ئاسۆی کۆسار
بە توندی گوتی خوسرەو وەرە لام
لە کفر لادە بگرە ڕێی ئیسلام
خوسرەو عەرزی کرد گوتی ئەی ئەمین
سەریشم ببڕی لانادەم لە دین
هەر کە ئەمەی گوت خوسرەو، مستەفا
حیدەتی فەرموو قەمچێکی لێدا
ڕاپەڕیی لە خەو خوسرەو کە هەڵسا
هەموو ئەندامی دەلەرزی ترسا
ئارامی نەما سێ مانگ نەخۆش کەوت
بێ خۆراک و خەو ساتێ نەدەسرەوت
لەپاش مودەتێ گوتی بە شیرین
هەڵسە بۆ سەیری خەزێنە بچین
چل خەزێنەی بوو پڕ دووڕ و گەوهەر
پڕ لە زێڕ و زیو لوئلوء و جەواهیر
خەریتە لەسەر خەریتە هەموو
دانرابوو هیی شاهانی پێشوو
یەک یەک سەیری کرد پادشای سەروەر
کلیلێکی دی لەپاشان لە زەڕ
هیی سندوقێک بوو کە لە مەڕمەڕ بوو
قوفڵەکەشی هەر ئاڵتون و زەڕ بوو
کاتێ کردییەوە ئەو سندوقە شا
سەیری کرد لە زێڕ لەوحێکی وا تیا
لەسەر ئەو لەوحە ئاڵتوونە بە زیو
چەند دێڕ نووسرابوو جوان و کەسنەدیو
خوێندەوارانی قەدمیان هێنا
کە ئەو نووسراوە بخونێنەوە جا
کە خوێندیانەوە عەرزیان کرد گوتیان
هیی ئەردەشێرە کوڕی بابەکان
بە عیلم و ڕەمڵ ئەستێرە و نجووم
وەختی خۆی لەلای ئەو بووە مەعلووم
نووسیویە کەوا لە موڵکی عەرەب
گەورەیە دەبێت بە ئەسڵ و نەسەب
خاتەمی هەموو پێغەمەرانە
خاوەن موعجزە و ساحیبقڕانە
هەر کەسێ دینی ئەو قبوڵ بکا
سەرفراز دەبێ لە هەردوو دونیا
هەر کەسێ شەرعی ئەو بکا قبووڵ
ئەو کەسە شاهـ و سەردارە و مەقبوول
خوسرەو ئەمەی دی جۆشی سەند گیانی
لەرزی سەرتاپا گۆشت و ئێسقانی
ئەمجا تێگەیشت مەعلووم بوو کەوا
ئەم بوو لە خەودا قەمچییەکەی لێدا
شیرین کە زانی خوسرەو شێواوە
ڕەنگی زەرد بووە هەڵبزرکاوە
عەرزی کرد گوتی ئەی شاهی جیهان
واریسی تەخت و تاجی نەوشیروان
پێشینان کەوا دەکەن حیکایەت
پێغەمەرێک دێ ساحێب ویلایەت
وەها نووسراوە کە لەپاش چەند ساڵ
دێتە ڕووی دونیا بە عیز و ئیجلال
یەقین بزانە جێی گاڵتە نییە
با عەرزت بکەم چارەمان چییە
چار هەر ئەمەیە بچینە سەر دینی
با نەبین تووشی دەرد و غەمگینی
جوابی دایەوە گوتی بە شیرین
ڕاستە لەلای من مەعلوومە یەقین
کە پێغەمبەرە ئەو زاتە بەڵام
لە تۆ مەعلوومە ئەجداد و ئابام
ساحێبی سوپا و تاج و عەلەم بوون
واریسی تەختی جەمشیدی جەم بوون
لە دینی ئەوان چۆن واز بهێنم
لە ڕووی شاهانا خەجەڵ دەمێنم
هەر چەند من دڵم ئارەزوو دەکا
ئیتاعەی بکەم، بەختم ڕەئی نادا