ڕۆحێکی نسرم

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  245 مشاهده
گەر «ڕوخسارت» لێرە بوایە
ڕەنگ بوو نامۆیی ئەوەندە
ئافرەتێکی گرژومۆن و قژ ژاکاو و
ڕەنگ خۆڵەمێشی نەبوایە و
لەوانە بوو بەیانییەک
دەموچاوی ساماڵێکی تێ کەوتایە.
ئەگەر «دەنگت» لێرە بوایە
ڕەنگ بوو تەنیایی ئەوەندە
عاشقێکی لاتەریک و ڕۆژنامەیەکی بێدەنگی
سووچی ئەم قاوەخانەیە و
جگەرەکانی لالێوی ڕۆمانێک و
هەوایەکی کپ نەبوایە و
لەوانە بوو، نیوەڕۆیەک
لەرە و سەمای سترانێکی تێ کەوتایە
ئەگەر «لەشت» لێرە بوایە
ڕەنگ بوو جەستەم وەکوو ئێستە
بەفری ئەم قوتبە نەبوایە
یاخود نسێی چرپای ناو ئەم ژوورە و
بەندەرێکی ساردوسڕی چۆڵ نەبوایە و
لەوانە بوو ئەگەر تۆ لێرە بوویتایە
لە شەوێکدا بەر پڕیشکی
بەردەئەستێی مەمکەکانت بکەوتایە و
کڵپەیەکی بکردایە
ئەگەر تۆ لێرە بوویتایە!