ئیرۆتیکا-گۆم

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  522 مشاهده
تۆ بەم کراسە شیفۆنە شینکارەوە
ڕاکشاوی و ئێستە چرپا بووە بە گۆم
لە لێوارتا دانیشتووم و نیوەڕووتم
وەک یەکەم جار بێ بتبینم
سەیرت ئەکەم:
سەرین تەڕە و قژت وشک نەبۆتەوە
نەرمەتیشکێ
بە پێدزکێ
دێتە ژوورێ
گۆم نیوەی زیاتری ئەبێ بە زیو
گوارەکان ئەدرەوشێنەوە
قاچێکت کردۆتە هەرەم
جووتە کەوی سپیش هەردوو
لە سێبەردان
پەڵەمێرگی ئاونگ گرتووی: خوار ناوکیش
پڕ هەتاوە
لە لێوارتا دانیشتووم و نیوەڕووتم
لە منیشدا، بڵێسەی لەش داگیرساوە!
ئێستە تەواو تەواو ڕووتم
وا خەریکم وەرگەڕێم و ...
بچمە ئەم سیحرە شینەوە
نایەمە دەر، هەتا چزەی کوژانەوە
لە شیشی داخی ناو لەشم هەڵنەسێنێ
ئەم گۆماوە!