ئیرۆتیکا-حەمام

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  287 مشاهده
لەو دیو دیواری شووشەوە
لەبەر پرژەی بە خوڕڕەمی دووشەکەدای
سێبەرەکەت گەورەترە لە لەشی خۆت
سێبەرەکەت ئاوی لێ ئەچۆڕێتەوە
سێبەرەکەت کەف گرتوێتی
بە دەنگی بەرز بانگم ئەکەی
دەنگت تەڕە
هەڵمێ لە سێبەر هەڵئەسێ
لەو دیو شووشەی گرنجەوە
لەشت ڕێڕێ
لەشت لێڵە
من لێرەوە وا هەست ئەکەم ئاوێنەم و تەم ئەمگرێ
لەبەر پرژەی بە خوڕڕەمی دوشەکەدای
سێبەرەکەت دائەنەوێ
ئاو بێدەنگ بوو
ئێستە سێبەر ڕائەکات و
تۆیش بە ڕۆبێکی سوورەوە
دێیتە دەرێ
تۆ هێشتا لەناو کەفدا بووی
من چووبوومە ناو لۆکەوە و
لە جێگادا چاوەڕێت بووم!