دەنگ

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  245 مشاهده
چەند کەڕەتێ گوێم لە شریتەکەت ڕاگرت
لێم دایەوە و گێڕامەوە و لێم دایەوە
ئێستە بیستنم پڕێتی: لە زڕەی ڕەنگ
گوێچکەکانم بوون بە ماسیی ئاواز و دەنگ
وەختێ کتێب ئەکەمەوە
حەرف ئەبێ بە زەنگۆڵە و
وشە ئەبێ بە جۆلانە و
ڕستەیش ئەبێ بە پوورە هەنگ
چەند کەڕەتێ گوێم لە شریتەکەت ڕاگرت
لێم دایەوە و گێڕامەوە و لێم دایەوە
ئێستە کەنتۆر ئەکەمەوە:
خانەکانی پڕ بوون لە گۆرانیی سپی.
چەکمەجەکان ئەکەمەوە پڕ بوون لە جریوەی ئاڵ و
لە قاسپە قاسپی نارنجی
شریتەکەت ئەوەندەم لێداوەتەوە و
ئەوەندەم لێداوەتەوە:
ئێستە دەنگت لە ژوورەکەمدا ڕواوە.
ئێستە دەنگت بووە بە بۆنی گوڵدان و
ئێستە دەنگت بووە بە بارانی تابلۆی دیوارەکە و
ئێستە دەنگت تێکەڵی ڕەنگی کراسمە و
ئێستە دەنگت لەگەڵ گەڵای بۆینباخدا ئەبەستم و
لەگەڵ قاوە تێکی ئەدەم، ئەیخۆمەوە و
لەگەڵ ڕۆژنامە و گۆڤاردا ئەیخوێنمەوە و
ئێستە دەنگت لە بازنەی دووکەڵی جگەرەمدایە و
ئێستە دەنگت بووە بە شەقامی پیاسەی ئێوارانم و
لەگەڵ دەستما ئەیخەمە ناو گیرفانمەوە و
ئێستە دەنگت: تەماشامە!