جڤین

از کتاب:
نسێ
اثر:
شیرکو بیکس (1940-2013)
 1 دقیقه  266 مشاهده
لە جڤینی ئێوارەیەکی باخاندا
درەختێکیان کە قسەی کرد،
شانازیی زۆر کرد بەوەوە
کە «کەمانچە» کوڕی ئەوە.
لە جڤینی بەیانییانی چەند گۆمێکدا
کە گۆمێکیان کەوتە قسە
شانازیی زۆر کرد بەوەوە
کە بەرزترین تاڤگە کچی ئەوە!
لە جڤینی لێڕەواری دۆڵێکیشدا
نیوەڕۆیەک، وەختێ قامیش کەوتە قسە
شانازیی زۆر کرد بەوەوە
کە شمشاڵیش نەوەی ئەوە.
لە جڤینی زۆر نەهێنی چەند گردێکدا
کە وەختێ گڵ کەوتە قسە
شانازیی زۆر کرد بەوەوە
کە جوانترین گۆزە ئاویش کچی ئەوە
لە جڤینی زۆر بەپەلەی
شاخە بەردینەشدا، شاخێ
کە نۆرەی پەیڤینی ئەو هات
شانازیی زۆر کرد بەوەوە
کە مەڕمەڕیش کچی ئەوە.
لە جڤینی نائاسایی شەوێکیشدا
کە گوندەکانی کوردستان کۆبوونەوە
وەختێ «خاکوخۆڵ» قسەی کرد
شانازیی زۆر کرد بەوەوە
کە وا «نالی»ش کوڕی ئەوە!