بازگەشتی ئەحمەد پاشا لە ڕەو

از کتاب:
دوانزە سوارەی مەریوان
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 5 دقیقه  307 مشاهده

خەبەر گەیشتە ئەحمەد پاشا کە وا لەشکری ئێران گەییە مەریوان. دیوانیان گرت، وتیان کەسمان لا نییە وە لەشکرمان بڵاوە، با ڕەوی بۆ بکەین بۆ گەڵالە، کە لەشەکر کۆ بووەوە، ئەدەین بە سەریانا. لەسەر ئەو بڕیارە خۆیان گرد کەنەوە بۆ ڕەوە.

ئەو بەیانییە ئەسپ بۆ شا زین ئەکەن کە بڕۆن ڕەوی بۆ بکەن. مەیتەر ئەسپ لە تەویلە دێنێتە دەرەوە. ئەسپ دەست ئەکا بە چەپۆکان و نەڕەنەڕ. مەیتەر قینی هەڵدەستێ لەبەر خۆیەوە دەڵێ شیڕەشیڕی چیتە وا دەزانی بۆ مەیدانداری سوارت دەبن؟ ئەم خەڵکانە ڕا دەکەن! ئەو دەمە ئەحمەد پاشا با ئەم توانجەی ئەدا بە گوێدا. بانگ ئەکا: مەیتەر! ئەسپ بێنە، ڕەو نییە. پێ ئەنێتە ئاوزەنگی، ڕوو دەکاتە سوپا و بە دەنگی بەرز ئەڵێ: مردن مردنە. لنگ بزاوتن چییە؟ تا ئەم سەرە سەر بێ، پشت ناکاتە دوشمن. یا عەلی! دەی سوار بن. مەریوانە، ڕۆژی مەیدانە، نەعرەتەی دڵاوەران ئاوزەنگی لێ ئەدا و ڕوو ئەکاتە باسکە درێژی قەیماسە. ئەبینێ وا دەستە سوارێک دیارن، سوار لە پێشەوە زرێ و کڵاو زرێ و دەست و قۆچاغ و چوار ئاوێتەیان ئەدرەوشێتەوە.

مامەند میراودەلی و سوار ئاغای بڵباسی لە پێشەوە لاوکی شەڕی قایخانی دەڵێن و سەلیم بەگ شیری حەمایل کردووە. دەستی چەپی بە جڵەوەوە و دەستی ڕاستی لەسەر کەمەربەندی قەبزە نوشتەیی بەتەهەورێکەوە چاوی بڕیوەتەوە تاریدەر، دەیەوێ بە زەهری چاو ئەو کێوە هەڵکەنێ و بدا بەسەر دوشمنا. جوامێر ئاغای ڕەنگێنە -کە دەڵێن پڵنگی چنگ بە خوێنە- قلیانی تێ کردووە. دووکەڵی تەندەی وەک باتمە سمێڵی لەم لا و ئەو لای سەریەوە با دەیشەکێنێتەوە.

پاشا کە ئەمە دەبینێ ئەڵێ شەرت بێ مەیتەر خەڵات بکەم. ئەگەر ئێستا من ڕام بکردایە و ئەمانە وا ڕوویان کردۆتە لەشکری دوشمن و گەڕانەوە ئەبوایە من چیم بکردایە؟

ئینجا ئەحمەد پاشا بە هێواشی ئەگەڕێتە دواوە و بانگ ئەکا تەپڵی شادی لێ بدەن. ئەم عەزم و ڕەزمە لەم دەستە سوارەدا دەبینم فەتح و سەرکەوتنە.

نەقارەچی دەست ئەکەن بە گرم و هووڕی تەپڵ، ئاوازەی تەپڵی شادی بەو فێنکی بەیانییە ئەیدا لە شاخی کەڤوو، دەنگی ئەدایەوە. کە سەلیم بەگ گوێی لە دەنگی ئەم تەپڵە ئەبێ و ئەیناسێ تەپڵی ئەحمەد پاشایە و نقامی فەتحە، ئەگەڕێتەوە. بە خۆی و یازدە سوارەی هاوڕێییەوە، لەسەر ڕێدا ئەوەستن، کە دەبینێ بە ڕاست وا ئەحمەد پاشای برازایەتی سەری سووڕ ئەمێنێ. لە خۆشیانا هیچ قین و گرژییەکی نامێنێ. کە پاشا ئەگاتە ڕاستیان هەموو گەردنکەچیی بۆ ئەکەن. پاشا ئەڵێ: هەر وەک پێش کەوتن یاخوا هەمیشە هەر پێشکەوتووتر بن. دە بڕۆن ئێوە پێشدارن. ئێمە خۆ خێمە و بارەگامان لەگەڵ نییە هەموو سەڵتە سوارەین. بۆ ئێوارە دەبێ یەک سەڵەف بگەینە مەریوان. شەو قەڵای مەردانە. بڕۆن لە پەنای یەزدانا بن. سەلیم بەگ ئەم قوماندەیە وەر ئەگرێ ئاوزەنگی پیا دێنێ. هەموو ئەیکەن بە تۆز، تێ ئەپەڕن.

دەمی ڕۆژئاوا، نزیک بە ئۆردووی ئێران، لە نەدیوی بۆسە دەخۆن. نزیک بانگی شێوان، سوپای بەر و دوای پاشایی سەرەتایان دەرئەکەوێ. ئارامگا بۆ پاشا ڕێک ئەخەن کە شا دادەبەزێ و کەمێ ماندووی ئەحەسێتەوە، ئەفەرموێ: بە سەلیم بڵێن ئیمشەو میوانی ئەوین. نان و ئالیکی ئۆردوو پەیدا کا. سەلیم بەگیش ئەڵێ: بە چاوان، بەڵام ئێستا لە خاکی ئێراقین. ڕاهوڕەسمی ئێرانیش ئەمەیە شەو سەعات سێ نان ئەخۆن. ئێمەش لە سەعات سێدا هەموو فەرموودەیەک بە جێ دەهێنین. سەلیم بەگ بانگ ئەکاتە ئەکرەم و ئەڕوانن ئەکرەم دیار نییە، خەبەر ئەزانن نیو سەعات لەوەپێش بە پیادەیی ڕۆیوە تاکوو هەندێ بەدگۆ بڵێن خۆی شاردۆتەوە، سەلیم بەگ تێ دەگا کە بە تەنیا چووە کە چەند و چوون و ڕێ و شوێنی دوشمن تاقی بکاتەوە.

سا چەند دەقیقەیەکی پێ دەچێ، ئەکرەم ئەگەڕێتەوە. سەلیم بەگ لێی ئەپرسێ لە کوێ بووی؟ ئەکرەم ئەڵێ خۆم چووم دەوران دەوری ئۆردووی ئێران گەڕام هیچ بە خەیاڵما نایە کە دوشمن بوێرێ ڕوویان تێ بکا، بێ باکانە هەموو لە ئاهەنگ و بەزمان.

ئنجا سەلیم بەگ ئەڵێ: برادەر! من و تۆ ئەووەڵ ئاوڵیمانە. چی لەم لەشکرە دەڵێی و چی بکەین؟ ئەکرەم دەڵێ: پاشا لە قەیماسە نوکتەیەکی فەرموو: «شەو قەڵای مێردییە». من وا بە چاک ئەزانم تا سەر لە ئێوارەیە و شپرزەی نان و ئالیکن، شتێکیان پێ بکەین. کە کەوتنە نیوەشەو ئەکەونە ئاگاداری، ئێمە دوازدە و ئەوان دوازدە هەزار، بکەوێتە ڕووناکی و بمانبینن لێمان ناترسن. تا شەوە و ئێستا شپرزەن پەنا بە خوا با تێیان هەڵکەین.

سەلیم بەگ ئەمە پەسند ئەکا و هیچ ڕاناوەستن ئەنێرن لە نەقاڕەخانە دوانزە تەپڵ ئەهێنن، بە قەڵپۆزی زیندا دای ئەبەستن. سوار ئەبن ڕوو ئەکەنە لەشکری ئێران. نەختێ لە ئارامگا دوور ئەکەونەوە، کانی و ئاوێکیان دێتە ڕێ، ئەکرەم ئەڵێ با دابەزین دەستنوێژێکی پاک بشۆین و نوێژێک بۆ خوا بکەین و بپاڕێینەوە. دائەبەزن نوێژ ئەکەن و لە خوا ئەپاڕێنەوە و سوار ئەبنەوە، ئنجا ئەکرەم ڕوو ئەکاتە سەلیم بەگ و ئەڵێ: قوربان لەشەڕدا پیشەی تۆ چۆنە؟ شیر لە چ جێگایەکی دوشمن ئەدەیت؟ سەلیم بەگ ئەڵێ من تا ئێستە شیرم لە سەری دوشمن داوە بەڵام بۆ چی ئەپرسیت؟ ئەکرەم دەڵێ: ئەمەوێ کردار و کوشتارمان دیار بێت، کە وا بێ من لەسەر شانی چەپ ئەدەم تا کوشتاری هەردوولامان دەر ئەکەوێت. دوای ئەمە دابەش ئەبن بەسەر دوانزە قۆڵا و لە دوانزە لاوە گرمەی تەپڵ و نەعرەی مەردان و بانگی ئامان ئامان تێکەڵ ئەبێ.