ڕاوەبەرازی دوانزە سوارە لە شارەزوور

از کتاب:
دوانزە سوارەی مەریوان
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  340 مشاهده

بەیانی پێش بانگ، ئەکرەم کە لە دیوەخانی سەلیم بەگدا نووستبوو، ئەو شەوە لە خۆشی ئەوەی کە لەتەک سەلیم بەگدا دەچن بۆ ڕاوەبەراز خەوی لێ نەکەوتبوو.

دێنە دەرێ بۆ ئەوەی بزانێ شەو چ وەختە، ئەبینێ وا کۆ و تەرازوو لەسەر گردی دارگۆیژەکەوە گوێیان کێشاوە و مەلایش خۆی لێ ئامادە کردووە سەڵا بکا.

ئەکرەم دێ دەرگا بکاتەوە کە بچێ بۆ مزگەوت، سەلیم بەگ خەبەری ئەبێتەوە: ئەپرسێ ئەوە کێ بوو دەرگای کردەوە؟ ئەڵێ: میوانەکە بوو. ئیتر سەلیم بەگ نانوێتەوە و دێتە دەرێ بانگی مەیتەر ئەکا. ئەڵێ: ئەسپەکەی خۆمم بۆ زین بکەن و ڕێشانیش کە زۆر هێمنە بۆ ئەکرەمی ئامادە بکەن نەوەکوو زۆر سواریی نەکردبێ با سواری ڕێشان بێ. وە وتی: ئەو پیاوە پیرەش هەتا من دێمەوە خزمەت و چاودێرییەکی باشی بکەن.

سەلیم بەگ ئەچێ دەسنوێژ ئەشوا، تا لە نوێژ دەبنەوە. ئەکرەمیش دێتەوە دە سوارەکەی کەش بە سواری لەبەر دەرگا ئەوەستن. هەموو ناوی خوای لێ ئەهێنن و سوار ئەبن.

سەلیم بەگ بە هەر لایەکدا چووبێ، تەپڵی تایبەتی خۆی بووە، بەڵام ئەو ڕۆژە دەڵێ تەپڵ لێ مەدەن تا لە شار دەچێتە دەر نەوەک پاشا ئاگای لێ بێ کەوا ئەڕۆین.

هەموو لەسەر خۆ ئەکەونە ڕێگە و لە پرد ئەپەڕێنەوە و ڕوو ئەکەنە قەیماسە. دەمە دەمی چێشتەنگاو لەسەر سەدەکەی سەراو، سووکە قاوەڵتیەک ئەکەن و بەڕێ ئەکەون و لە سەرچاوەی قوماش ڕادەوەستن. جوامێر ئاغا ڕەتی سواران دادەمەزرێنێ و زوڵاڵ ئاغاش بە دەنگێکی زوڵاڵ موناجاتێک دەخوێنێ و ڕوو دەکاتە بیشەی چوڵمەک لە پێشدا لەبەر دەمی داراغادا و ڕەومرقەیان کرد. یەکانە هەموو بەلەسە بوون. داراغا بە غەددارەکەی ناودارییەوە هەڵمەتی برد. غەددارەی گەیاندە بڕبڕەی پشتی. لە پشتەوە یەکانەیەکی تر پەلاماری دا. جوامێر ئاغا چاوی لێ بوو. ڕمبێکی زەرگ کرد. ڕم چەقیە پشتی یەکانە و یەکانە ڕای ئەکرد و ڕم بە پشتییەوە ئەلەرییەوە. ئینجا بەراز بە یەکانە و مالۆس و چۆخەبازەڵەوە سەر بەرەو ژێر ملیان نا بۆ قورناس.