هونەری سەلیم بەگ لە دیوانی «شاهـ غازی»دا

از کتاب:
دوانزە سوارەی مەریوان
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 4 دقیقه  409 مشاهده

شار قەڵاچوالانە، ئەحمەد پاشای کە مەشهوورە بە «شاهـ غازی ئەحمەدی لەشکرشکێن» حوکمڕانە، دەور دەوری شیر و قەڵغانە. سوارەی بەبە بەڕاستی مەردی مەیدانە. ئێواران لەکەنار چەمی قەڵاچوالان دیوان دەگێڕن و پیاوماقووڵ و نۆکەر و ئاغالەر و چەکمەڕەق، کۆمەڵ کۆمەڵ لەو گوێی ئاوەدانییەن تێ ئەفکرن. وا پیاوێکی بەشکۆهـ و سیما، ڕیشێکی تەنک و سپی، ڕوخسارێکی ئەسمەر بە ڕێدا دێ و لۆزەندەرێکی کەڵەگەتی چوارشانە لە پشتییەوە تازە خەتی داوە. چاوی وەک ئەستێرەی سیوەیل ئەدرەوشێتەوە. کە دەگەنە داوێنی دیوان، بە شەرمەوە ئەپرسن پادشا لە کوێیە و سەلیم بەگی مامی لە کوێیە؟ کە ئەحمەد پاشای پێ نیشان ئەدەن لە دوورەوە کڕنووشێکی بەندەگی ئەکێشێ. ئەوسا ئەحمەد بەگ ئەپرسێ ئەوە کێیە؟

خۆی دێتە زوبان، ئەڵێ: شاهم! من مەلا هەمزەی ئەوغانیم. ئەمەش بەندەزادەی ئەکرەمە سەودای دڵاوەری و جەنگجۆیی لە کەللەدایە. لە کابول و زابولەوە ناوبانگی زەبر و زەنگی سەلیم بەگی بیستووە و بەڵێنی بە دڵی خۆی داوە ئەگەر سەلیم بەگ بتوانێ شیرەکەی هەڵسووڕێنێ و دای وەشێنێ، وا نۆکەریی سەلیم بەگ ئەکات.

ئەحمەد پاشا کە سەرنج ئەدا، ئەم کوڕە نەڕڕەدێوێکە، شیرەکەشی نیوە مەشاکێکە. ئەڵێ پەنا بەخوا! ئا بزانن سەلیم بەگی مامم لە کوێیە. بانگی بکەن بڵێن میوانی هاتووە.

ئینجا ئەحمەد پاشا ڕوو ئەکاتە مەلا هەمزە و زۆری لێ ئەکا ئەڵێ دانیشە، ئەویش بە زۆر بە چۆکا دێ و دائەنیشێ، بەڵام ئەکرەم بە پێوە ڕادەوەستێ. لەپاش نەختێ سەلیم بەگ دێت. پاشا پێی ئەڵێ: میوانت هاتووە، ئەویش دەستی مەلا هەمزە ماچ ئەکا و دەست ئەکاتە ملی ئەکرەم. لەم کاتەدا لە شیرەکەی ئەکرەم ورد ئەبێتەوە زۆر جوانی دێتە پێش چاو، دەستوور ئەخوازێ کە سەیرێ بکات، لە کالانی دەرئەکێشێ بەم شان و بەو شانا هەڵی ئەسووڕێنێ، لەپاشا هەڵی ئەدا بە ئاسمانا.

ئینجا کە ئەحمەد پاشا بینی کە ئەو شیرەی دڵاوەرێکی ئەوغانی پێوەی دەنازی و ئەیوت کەس ناتوانێ شیری من ڕاوەشێنێ، سەلیم بەگ هەر لە خۆیەوە لە قەدی هەڵکێشا و وەک فڕفڕۆکە یاریی پێ کرد. کە ئەحمەد پاشا ئەمەی دی، وەک گوڵ گەشایەوە. وە ئەکرەمیش زۆر بە خۆشی و دڵخۆشییەوە کە تووشی ئاغای خۆی هاتووە، دەستی سەلیم بەگی ماچ کرد و سەلیم بەگیش ڕووی کردە پاشا و وتی:

- ئەمانە ئیتر میوانی منن، بەڵکوو ئەکرەم دەستەبرای منە، ئەیانبەمە لای خۆم!

- پاشا وتی: زۆر باشە.

پاش ئەم هەیتوهووتە، کوێخای بەکراوا و کوێخای خورماڵ کە گوڵعەنبەرە، دادیان لە زۆریی بەراز کرد کە هیچیان بۆ نەهێشتوونە وە کشت و کاڵیان نەماوە و هەموو ساڵێک پاشا خۆی کە بۆ ڕاو تەشریفی هێناوەتە شارەزوور، ڕاوەبەرازی کردووە، بەوە بەرازمان لە کۆڵ کەوتووە. بەڵام ئەمساڵ کە تەشریفی نەهاتووە بەراز ئەمانخۆن، پاشایش فەرمووی کوا شیروەشێنەکان؟ هونەر ئەمە نییە لە بەردەمی ئێمەدا شیر هەڵسووڕێنن، هونەر ئەوەیە ئەو شیرە بۆ پارێزگاریی دێهاتەکان بوەشێنرێ. سەلیم بەگ دەسبەجێ تێ گەیشت کە وا شا لەگەڵ ئەوێتی. وتی: توانج پیشەی پادشاهان نییە و لە بەراز ترسانیش پیشەی ئێمە نییە.

سەلیم بەگ ڕوو ئەکاتە کوێخا و ئەڵێ: ئامادەیە تۆ لە پێشەوە بڕۆ، سبەی ئێوارە، خوا یار بێ، لای تۆ میوانین. بەو توندییەوە لە دیوان هەڵدەستێ و ئەچێتە ماڵی خۆی و ئەکرەمیش بە دوایەوە. خۆیان دوو کەس و ئەنێرن جوامێر ئاغای ڕەنگێنە، ئاغال ئاغای سیوەیلی و زەینەڵ بەگی مەسرەف و مەحموود بەگی قەدیمی باشچاوەش و داراغای میرەدێ و فەرامورزی زەنگنە و سوارئاغای بڵباس و مەمەند ئاغای میراودەلی و شاپوور ئاغای بەختیاری و زوڵاڵ ئاغای مەرگەیی و میران بەگی وەڵەدبەگی چەلەبی قەدیمی هەمەوەند کە چەلەبی بووکی شەریفی بە ناوەوە ناو نرابوو. ئەمانە هەمووی کۆ ئەکاتەوە. هەموو ئەبنە دوانزە سوار و پێیان ئەڵێ: بەیانیی زوو، بە فێنکی، سوار ببن لێرەوە لە دۆڵی گەڵاڵەوە، بەسەر ئاوی سوبحان ئاغادا لە بنەی سەید سادقەوە ڕاوی لێ دابەستین. ئەو سەرچاوەی قوماشە ئێجگار بەرازی زۆرە، لەوێوە دەست پێ ئەکەین، بەسەر تەپەکاڵ و هوشیارا ئەیانڕەوێنین بۆ خوار بەکرئاوا، لەسەر ئەمە هەموو بڕیار ئەدەن و هەر کەسە ڕوو دەکاتە ماڵی خۆی و لێی دەنوێ.