شەڕ دەستی پێ کرد

از کتاب:
دوانزە سوارەی مەریوان
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 5 دقیقه  368 مشاهده

با جارێ ئەوان لەو هەرا و هوریایەدا بێڵینەوە خۆمان بگەڕێینەوە سەر ئەو سەردەمە کە ئەکرەم بەپارێز لە پێوشوێنی ئۆردووی ئێران گەڕابوو. نەشارەزای ئەو مەڵبندە بوو لەگەڵ ئەوەشدا کە نزیک بە قەڵا ئەبێ لە شوێنێکەوە بڕۆین وەک ئێمە تا ئەوان نەگەنە مەریوان پێمان نەزانن.

ئێمەش ئەبێ لە نزیکەوە بڕۆین تا دەچینە بن دەستیان نەمانبینن. جارێ قەڵاکە خۆی سەختە بەری لای ئێمەش گۆلی زرێبار گرتوویەتی، ئەم گۆلە ڕێی ئێمەی بەستووە، ئەگەر بێت و پشت بەخوا ئەوان بشکێنین ڕێی ڕاکردنی ئەوانیشی تەنگ کردووە. سەیری زات و ئازایەتی مەردان بکەن بە دوانزە کەسەوە چاویان لە شکاندنی دوشمن بووە، وتی: بۆ ئێمە یەک ڕێ پەنا هەیە ئەویش «کۆڵان»ە. کۆڵان ڕێگەیەکە وەکوو کۆڵانی «ئیزبە»، تا نەگەیتە بەر قەڵا ناتبینن.

کە گەیشتیە داوێنی زرێبار، لە «یەنگیجە»وە بەسەر «سێو»دا لەو تونگەتونگەی بەر کۆڵاندا بۆسە بخۆن. پشتی کۆڵان شاخێکە هیچ باوەڕ مەکە کە ئەوان نەیانگرتبێ. لەو کێوە لەشکریان دامەزراندبێ زۆر ستەمە ئێمە بتوانین تێ پەڕین. ئەبێ هەموو لایەکمان و پاشایش کە گەیشتە بەرەوە بێدەنگ و بێسەنگ کە هەستمان نەکەن مۆڵە بخۆین تا شەو بەسەرا دێ. ئەوسا بەندە و ئەکرەم و چوار سواری تر، یەک دوو سەعات لە پێش شەبەیخووندا، دەوری زرێبار بدەینەوە یەکێکمان لە «دۆڵاش» و «نێ»یەوە، دووهەم لە «بەیێڵە»وە و سێهەم لە «مووسک»ەوە، چوارەم لە «داسەیران»ەوە ئامادەین تا من و ئەکرەم دەگەینە پشتی کێوەکە و پشتیان لێ ئەگرین، ئەوسا کە دەنگی تەپڵی ئێمەتان بیست و نەعرەی ئەکرەمتان هاتە گوێ، خۆت لە پێشەوە بە تاو، بە ڕێی کۆڵاندا لە ناو جەرگی دوشمنەوە هەر شەشتان هەڵمەت بەرن، بدەن بە سەریانا ئەو لەشکرە زۆربەیە کە ناردوویانەتە سەر کێوەکە بڕ ئەبن، کە ئەم هەرایە ببینن نایەنە خوارەوە. سەلیم بەگ ئەم ڕا و دەستوورەی زۆر لا پەسند بوو. هێجگار کە سەلیم بەگی بە مەرد دانا بوو، بۆ خەتەری هەڵبژاردبوو پێی خۆش بوو، ئەمە دەستووریان بووە. کە بەم ڕەنگە دامەزران و ئەکرەم و جوامێر ئاغا گەیشتنە شوێنی نەبەرد، جوامێر ئاغا دەنگی زۆر خۆش بوو، موناجاتێکی بە دەنگی بەرز خوێند. ئەکرەم جۆشی سەند و ڕاست بووەوە. سەر ئاوزەنگی کە نەعرەیەکی کێشا بە جارێ دار و بەرد و شاخ و کێو دەنگی دایەوە خورپە کەوتە دڵی ئۆردووەوە. ئێمە وەک ئێران قاڵێین :«زهره شکاف شدندفارسی». بەڵام زۆر داچڵەکین و پەشۆکان و هاتن بە یەکدا. ئەو شوێنەی کە ئەکرەم و جوامێر ئاغا گەیشتبوونێ لە سەلیم بەگەوە تیر هاوێژی دوور بوون. سەلیم بەگ بە سەر سوارییەوە ئامادە بوو. گوێی بۆ ئەم نەعرەی مەردانەیە گرتبوو، کە دەنگی ئەکرەمی هاتە گوێ هێنایە هیوا و هەڵمەت. لە خۆشیانا ئەویش نەعرەتەیەکی لێدا هەر دوو سەدا بەرامبەر بە یەک، دەنگیان دایەوە و مژدەی سەرکەوتنیان گەیاندە گوێی ئەحمەد پاشا. ئنجا سەلیم بەگ دای لە تەپڵ و کردی بە گەردش.

هەرچەند ئاوزەنگی لە ئەسپە ڕەشی سێ تەنگە دائەهێنا، کۆڕەی ئەسپ و تەقەی ناڵی پۆڵای بەردی ئەو شاخە ئاگری لێ دەبووەوە... پاشاش کە ئەمەی بیست و بینی دەسبەجێ بانگی کردە نەقارەخانە و کەڕەنا بێتە گرمە و خۆشی. سوار بوو. تا ڕوانی لە پێش دەمیەوە کەسی نەدی. بروسکەی چەخماخەی ناڵی وڵاخی سوارانی لە ناو جەرگی دوشمندا دی، ڕووی کردە ئاسمان و پاڕایەوە وتی: خوایە، شەڕی لابەلایە و ئەوان بە سەرمان هاتوون، دەسگیری داماوان تۆی.

خەریک بوو بە شوێنیانا بچێ نایب و پیاوماقووڵەکان نەیانهێشت هاتە سەر گردەکە گوێی گرت هەر لە «کانی سانان»ەوە بە دەوری ئۆردووی ئێرانا گرمەی تەپڵی نەقارەخانەی خۆی و نەعرەی دوانزە سوارەی دێ. لاوکی شەڕی قایخانی دیسان هاتە گوێ، بانگی کردە سوججادەچی باشی، بەرماڵی بۆ هێنا. دابەزی سەری نایە سوجدەوە، تاقەندە کێشێکی چاک سەر هەڵ نەبڕی، کە سەری بەرز کردەوە بانگی کردە باشچاوەش و داراغا، کە دەنگی لەشکر بدەن، ڕێی ڕاکردنی ئۆردووی ئێران بگرن، شکان و خراپیش شکان، بە شپرزەیی نازانن ڕوو بکەنە کوێ. باشچاوەش، سوپاسالاری ئەو دەورە خالید بەگی میرەدێ بوو قەدارەی باشچاوەش لەگەڵ شمشێری سەلیم بەگدا هاوشانی دەکرد، مەشهوور بوو جارێک لای «وارماوا»، یەکانەیەک بەلەسە دەبێ، خالید بەگ هەڵ ئەکوتێتە سەر یەکانە و قەدارەیەک ئەدا لە گازەرەی پشتی لە ژێر زگیەوە دێتە دەرێ... ئەو قەدارەیەی هەڵکێشا، کەوتە بەر لەشکر. بانگی کرد: کوڕینە! شەوێکە و ئیمشەو لەو ڕۆژەوە کە خوا ئەم خاکەی ئافەریدە کردووە تا ئیمڕۆ شەڕێکی تری وای تیا نەکراوە، سەرەتای سروشتی کورد هێشتا ئازاییەکی وای تیا نەنووسراوە، سەلاحەدین بە ئۆردوو و سوپاوە، ئینجا سەرکەوتنێکی وای بۆ ڕێ کەوتووە، ئێمە دوانزە سوارمان ئەم ئۆردووەی پێچایەوە، هەرچەن تا ئەم قەندە کێشە قسمەت بەشی ئێمەی تێ نەخستووە، بەڵام وا نۆرەی چاک کەوتە بەر ئێمە. فیدای دەست و شمشێر و شان و باهووی دلێرتان بم. بە خوا ئەزانم زۆر کفتی ڕێگەن و یەک سەڵەف و سەرڕەو لە قەڵاچوالانەوە ئیمڕۆ گەیشتوونەتە ئێرە و ماندوو و برسین، بەڵام غیرەت ئەمانە لەبیر ئەباتەوە، شەیپوورچی! دەی فیدای کەڕەناکەت بم. پێش کەوە، پێشکەوە، کوڕە گەل! وا ڕۆییم، دوام کەون. ئەمەی وت و ئاوزەنگی پیا هێنا... ئینجا غولغولەی تەپڵ و گوڕەی نەقارە تێکەڵ بە ناڵەی «سەردەرکە و ماڵ بسپارە» بوو... بە ڕاستی سوارەی بەبە ئەو شەوە کارێکیان کرد ئێستاش بە داستان ئەیگێڕنەوە.