باب ٥

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 دقیقه  207 مشاهده

1) لە پاش ئەوەی جێژنی یەهوودییان بوو و یەسووع وەسەر کەوت بۆ ئورشەلیمی.

2) و دە ئورشەلیمیدا لەکن دەروازەی مەڕان حەوزێک هەیە کە بە عیبرانی بەیت حسدا بانگ دەکرێ کە پێنج هەیوانی هەیە.

3) دە واندا جەمعێکی زۆر لە نەخۆشان، کوێران، شەلان و ئیفلیجان ڕاکشابوون کە چاوەنۆڕی بزوتنی ئاوێ بوون.

4) چونکە جار جار مەلایکەتێک دەهاتە خوارێ دەو حەوزەیدا و ئاوی دەبزواند. و لەپاش بزوتنی ئاوێ هەر کەسێکی کە هەوەڵێ وەژوور کەوت، لە هەر نەخۆشییەکی کە بیبایە ساغ دەبوو.

5) و پیاوێک لەوێ هەبوو کە سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو.

6) وەختێکی یەسووع ئەوی دی کە کەوتووە و زانی کە ئەلان زۆر وەخت لەوێ ببوو، بە وی گوت: ئەرێ دەتەوێ کە ساغ ببی؟

7) نەخۆشەکە بە وی جوابی دا: یا ڕەب، کەسم نییە کە وەختێکی ئاو دەبزوترێ ئەمن دە حەوزی باوێژێ. بەڵا وەختێکی ئەمن دێم، یەکێکی دیکە لە پێش ئەمندا دەچێتە خوارێ.

8) یەسووع بە وی گوت: هەڵستە دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ.

9) و جێبەجێ ئەو پیاوە ساغ بۆوە و دۆشەگی خۆی هەڵگرت و ڕۆیی. و ئەوێ ڕۆژێ شەمۆ بوو.

10) لەبەر ئەوەی یەهوودییان بەو پیاوەی کە ساغ ببۆوە کوتیان: شەمۆیە و بۆ تۆ دروست نییە کە دۆشەگت هەڵگری.

11) بەڵا ئەو بە وان جوابی دا: ئەوەی کە ئەمنی ساغ کردەوە، هەر ئەو بە منی گوت: دۆشەگی خۆت هەڵگرە و بڕۆ.

12) و پرسیاریان لێ کرد: کێیە ئەو پیاوە کە بە تۆی گوت، هەڵگرە و بڕۆ؟

13) بەڵا ئەوەی کە ساغ ببۆوە نەیدەزانی کە کێیە، چونکە یەسووع خۆی وەلا کێشا لەبەر غەڵەبایی کە دەو جێیەیدا بوو.

14) لە پاش ئەوەی یەسووع ئەوی دە هەیکەلیدا پەیدا کرد و بە وی گوت: ئەوەتا ساغ بوویەوە، ئیدی گوناح مەکە، هەتاکوو چتێکی خراپترت بەسەر نەیێ.

15) ئەو پیاوە چوو و بە یەهوودییانی گوت کە یەسووع بوو کە ئەوی ساغ کردبۆوە.

16) و لەبەر ئەوەی یەهوودییان بە یەسووع ئەزیەتیان دا چونکە ئەو چتانەی دە شەمۆیدا دەکرد.

17) بەڵا ئەو بە وان جوابی دا: بابی من هەتا ئەوێستا کار دەکا و ئەمنیش کار دەکەم.

18) لەبەر ئەوەی یەهوودییان زیاتر حەولیان دەدا کە ئەوی بوکوشن چونکە نە تەنیا شەمۆی دەشکاند، بەڵا خوڵای بە بابی خۆشی بانگ دەکرد و خۆی بەرابەری خوڵای دەکرد.

19) ئەو دەمی یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: کوڕ لە خۆی ناتوانێ چتێکی بکا، بەڵا تەنیا ئەوەی کە دەبینێ کە باب دەکا. چونکە هەر چی ئەو دەکا ئەو چتەی کوڕیش دەکا وەکوو ئەوی.

20) چونکە باب کوڕی دەحوببێنێ و هەموو چتانی کە بۆخۆی دەکا، بە وی نیشان دەدا. و کارانی گەورەتر لە ئەوانە بە وی نیشان دەدا هەتاکوو ئەنگۆ عەجایب بمێنن.

21) چونکە چلۆنێکی باب مردووان وەخەبەر دێنێ و زیندووی دەکاتەوە، هەر واش کوڕ ئەوانەی کە دەیەوێ زیندووی دەکاتەوە.

22) چونکە باب لەسەر هیچکەس حوکم ناکا، بەڵا هەموو حوکم بە کوڕی داوە.

23) هەتاکوو هەمووان حورمەتی کوڕ بگرن وەکوو حورمەتی باب دەگرن. ئەوەی کە حورمەتی کوڕ ناگرێ، حورمەتی باب کە ئەوی ناردووە ناگرێ.

24) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە لە کەلامی من گوێ بگرێ و ئیمان بە وەی بێنێ کە ئەمنی ناردووە، ژیانی ئەبەدی هەیە و دە حوکمێ ناکەوێ بەڵا لە مردنێ بۆ ژیان ڕابردووە.

25) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم کە سەعاتێک دێ و ئەوێستاشە کە مردووان دەنگی کوڕی خوڵای دەبیێن و ئەوانەی کە دەبیێن دەژینەوە.

26) چونکە چلۆنێکی باب دە خۆیدا ژیانی هەیە، هەر واش بە کوڕی داوە کە ژیان دە خۆیدا ببێ.

27) و بە وی حیکماتی داوە کە حوکمێ بکا، چونکە کوڕی ئینسانە.

28) لە ئەوەی عەجایب مەبن چونکە سەعاتێک دێ کە هەمووان کە دە قەبراندان دەنگی وی دەبیێن.

29) و وەدەر دەکەون ئەوانەی کە چاکەیان کردووە بۆ قیامەتی ژیانێ و ئەوانەی کە خراپەیان کردووە بۆ قیامەتی عازابێ.

30) ئەمن لە خۆم ناتوانم چتێکی بکەم. وەکوو دەبیێم وا حوکم دەکەم و حوکمی من حەقە چونکە ئەمن حەولی ئیرادەی خۆم نادەم، بەڵا ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە.

31) ئەگەر ئەمن لەسەر خۆم شایەدی بدەم، شایەدی من ڕاست نییە.

32) یەکێکی دیکە هەیە لەسەر ئەمن شایەدی دەدا و دەزانم کە ئەو شایەدەی کە ئەو لەسەر ئەمن شایەدی دەدا، ڕاستە.

33) ئەنگۆ ناردووتانە کن یوحەننا و ئەو بۆ ڕاستی شایەدی داوە.

34) ئەمما ئەمن شایەدی لە ئینسانێ قەبوڵ ناکەم، بەڵا ئەو چتانە دەڵێم هەتاکوو ئەنگۆ خەڵاس ببن.

35) ئەو چرایەکی هەڵکراو و ڕووناکیدار بوو و ئەنگۆ دەتانویست کە هەتا وەختێکی دە ڕووناکایی ویدا کەیفخۆشی بکەن.

36) بەڵا ئەمن شایەدی گەورەترم هەیە لە ئەوەی ئی یوحەننا، چونکە ئەو کارانەی کە باب بە منی داوە کە ئەوانە تەواو بکەم، یەعنی هەر ئەو کارانەی کە دەیکەم لەسەر ئەمن شایەدی دەدەن کە باب ئەمنی ناردووە.

37) و باب کە ئەمنی ناردووە بۆخۆی شایەدی لەسەر ئەمن داوە. دەنگی وی قەت نەتان بیستووە و شکلی ویشوو نەدیوە.

38) و کەلامی وی دە ئەنگۆدا ڕاگیراو نییە، چونکە ئەوەی کە ئەو ناردوویە بە وی ئیمان نایەنن.

39) ئەنگۆ کتێبان سۆراغ دەکەن چونکە ئەنگۆ فکر دەکەن کە دە واندا ژیانی ئەبەدیو هەیە و هەر ئەوانن کە لە سەر ئەمن شایەدی دەدەن.

40) و ئەنگۆ ڕازی نین کە بێنە کن ئەمن هەتاکوو ژیانوو ببێ.

41) جەلال لە ئینسانێ قەبوڵ ناکەم.

42) بەڵا ئەنگۆ دەناسم کە موحەبەتی خوڵای دە خۆتاندا نییە.

43) ئەمن بە نێوی بابی خۆم هاتووم و ئەنگۆ ئەمن قەبوڵ ناکەن. ئەگەر یەکێکی دیکە بە نێوی خۆی بێ، ئەوی قەبوڵ دەکەن.

44) ئەنگۆ چلۆن دەتوانن ئیمان بێنن کە لە یەکتری جەلال قەبوڵ دەکەن و لەو جەلالەی کە لە خوڵای تەنیایە حەول نادەن؟

45) فکر مەکەن کە ئەمن لەکن باب گلەیی لە ئەنگۆ دەکەم. یەکێک هەیە کە گلەیی لە ئەنگۆ دەکا یەعنی مووسا، ئەوەی کە ئەنگۆ هومێدوو لەسەر داناوە.

46) چونکە ئەگەر ئەنگۆ بە مووسا باوەڕوو کردبایە بە منیشوو باوەڕ دەکرد، چونکە ئەو بەحسی منی نووسیوە.

47) بەڵا ئەگەر ئەنگۆ بە نووسینانی وی ئیمان نێنن، بە کەلامی من چلۆن ئیمان دێنن؟