باب ٤

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 دقیقه  209 مشاهده

1) دەنا وەختێکی ڕەب زانی کە فریسییان بیستبوویان کە یەسووع لە یوحەننا پتر شاگردانی پەیدا دەکرد و تەعمیدی دەکرد.

2) هەر چەند یەسووع بۆخۆی تەعمیدی نەدەکرد، بەڵا شاگردانی وی.

3) یەهوودییەی بەجێ هێشت و دیسان چوو بۆ جەلیلی.

4) و لازم بوو کە بە نێو سماریەدا ڕاببرێ.

5) و هاتە شارێکی سماریەی کە نێوی سوخار بوو، نیزیکی ئەو موڵکەی کە یەعقوب بە کوڕی خۆی یوسفی دابوو.

6) و چاڵاوی یەعقوب لەوێ بوو. کە یەسووع لە سەفەرێ ماندوو بوو، لەسەر چاڵاوێ ڕۆنیشت. بەقەد سەعاتی شەشەم بوو.

7) ژنێک لە سماریە هات کە ئاوێ هەڵبکێشێ. یەسووع بە وی گوت: ئاو بە من بدە کە بخۆمەوە.

8) چونکە شاگردانی وی بۆ شاری چووبوون کە خۆراک بکڕن.

9) ئەو دەمی ئەو ژنەی سماری بە وی گوت: ئەتۆ کە یەهوودییەکی چلۆن لە من کە ژنێکی سماریم ئاوی خواردنەوەی تەڵەب دەکەی؟ چونکە یەهوودییان دەگەڵ سمارییان بەڕێ ناچن.

10) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: ئەگەر ئەتۆ خەڵاتی خوڵات بزانیبایە و کێیە کە بە تۆ دەڵێ: ئاو بە من بدە کە بخۆمەوە، ئەتۆ لە وی تەڵەبت کردبایە و ئەو بە تۆ ئاوی زیندووی دەدا.

11) ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب دۆڵچەت نییە و ئەو چاڵاوە قووڵە، دەنا لە کوێ ئەو ئاوی زیندووت هەیە؟

12) مەگەر ئەتۆ لە بابی مە یەعقووب گەورەتری کە ئەو چاڵاوەی بە مە دا و لە وی خواردییەوە بۆخۆی و ئەولادی و حەیوانی؟

13) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: هەر کەس کە لەو ئاوەی بخواتەوە دیسان تینوو دەبێ.

14) ئەمما هەر کەس کە لەو ئاوەی کە ئەمن بە وی دەدەم، بخواتەوە هەتا ئەبەدی تینوو نابێ، بەڵا ئەو ئاوەی کە بە وی دەدەم دەبێتە کانییەکی ئاو دە ویدا کە بۆ ژیانی ئەبەدی هەڵدەقوڵێ.

15) ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب، ئەو ئاوەی بە من بدە هەتاکوو تینوو نەبم و نەیێمە ئێرە کە ئاو هەڵبکێشم.

16) ئەو بە وی گوت: بڕۆ مێردی خۆت بانگ بکە و وەرە ئێرە.

17) ژنەکە جوابی دا و کوتی: مێردم نییە. یەسووع بە وی گوت: چاکت گوت کە مێردم نییە.

18) چونکە پێنج مێردت ببوو و ئەوەی کە ئەوێستات هەیە، مێردی تو نییە. ئەوەت ڕاست کوتووە.

19) ژنەکە بە وی گوت: یا ڕەب دەبینم کە ئەتۆ پێغەمبەری.

20) بابانی مە لەسەر ئەو کێوەی سجدەیان کرد و ئەنگۆ دەڵێن کە دە ئورشەلیمیدایە، ئەو جێی کە لازمە لەوی سجدەی بکەن.

21) یەسووع بە وی گوت: ئەی ژن، باوەڕ بە من بکە کە سەعاتێک دێ، کە ئەنگۆ نە لەسەر کێوی و نە دە ئورشەلیمێدا لە باب سجدەی دەکەن.

22) ئەنگۆ سجدەی ئەوەی دەکەن کە نایناسن. ئەمە سجدەی ئەوەی دەکەین کە دەیناسین، چونکە خەڵاسی لە یەهوودییانە.

23) بەڵا سەعاتێک دێ و ئەوێستایە کە سجدەکەرانی ڕاست بە ڕوح و بە ڕاستی لە باب سجدەی دەکەن، چونکە باب ئەو جۆرە سجدەکەرانەی دەوێ.

24) خوڵا ڕوحە و لازمە کە ئەوانەی کە سجدەی لێ دەکەن، بە ڕوح و بە ڕاستی سجدەی لێ بکەن.

25) ژنەکە بە وی گوت: دەزانم کە مەسیح ئەوەی کە کریستۆس بانگ دەکرێ دێ. وەختێکی ئەو دێ لە هەموو چتان بە مە خەبەر دەدا.

26) یەسووع بە وی گوت: ئەمن هەوم کە دەگەڵ ئەتۆ قسان دەکەم.

27) و دە وێدا شاگردانی وی هاتن و مات مان کە دەگەڵ ژنێکی قسەی دەکرد. بەڵا هیچکەس نەیگوت: چت دەوێ؟ یان بۆچی دەگەڵ ئەوی قسان دەکەی؟

28) ئەو دەمی ژنەکە جەڕی خۆی بەجێ هێشت و چوو بۆ شاری و بە خەڵکی گوت:

29) وەرن کەسێکی ببینن کە هەموو ئەو چتانەی کە کردوومە بە منی گوت. مەگەر ئەوە مەسیح نییە؟

30) لە شاری وەدەر کەوتن و دەهاتنە کن ئەوی.

31) دەو بەینەیدا شاگردان تەڵەبیان لێ دەکرد، دەیانگوت: ڕەببی بخۆ.

32) بەڵا ئەو بە وانی گوت: ئەمن خۆراکی خواردنم هەیە کە ئەنگۆ نایزانن.

33) ئەو دەمی شاگردان بە یەکتریان گوت: مەگەر کەس چتێکی خواردنی بۆ وی هێناوە؟

34) یەسووع بە وانی گوت: خۆراکی من ئەوەیە کە ئیرادەی وەی بکەم کە ئەمنی ناردووە و کاری وی تەواو بکەم.

35) ئەرێ ئەنگۆ ناڵێن چاوی خۆتان هەڵێنن و تەماشای زەوییان بکەن کە سپین بۆ دروێنەی.

36) ئەلان دروێنەکەر حەقی دەستێنێ و حاسڵ بۆ ژیانی ئەبەدی خڕ دەکا هەتاکوو کە هێشتا چوار مانگی دیکە و دروێنە دێ؟ ئەوەتا ئەمن بە ئەنگۆ دەڵێم، تۆچێن و دروێنەکەر پێکەوە خۆشحاڵ ببن.

37) چونکە لێرە ئەو قسە ڕاستە کە تۆچێن یەکێکە و دروێنکەر یەکێکی دیکەیە.

38) ئەمن ئەنگۆم ناردووە کە دروێنەی بکەن ئەوەی کە زەحمەتوو دەگەڵی نەکێشاوە. ئی دیکان زەحمەتیان کێشاوە و ئەنگۆ وەژوور زەحمەتی وان کەوتوون.

39) و لە ئەو شارەی زۆران لە سمارییان بە وی ئیمانیان هێنا لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەدی دەدا کە هەموو ئەو چتانەی کە کردوومە بە منی گوت.

40) و کە سمارییان هاتنە کن ئەوی تەڵەبیان لێ کرد کە لەکن ئەوان بمێنێ، و دوو ڕۆژان لەوێ ما.

41) و زۆرانی دیکە ئیمانیان هێنا لەبەر قسەی وی.

42) و بە ژنەکەیان گوت: ئیدی لەبەر قسەی تۆ ئیمان نایەنین، چونکە بۆخۆمان بیستوومانە و دەزانین کە بەڕاستی ئەوە خەڵاسکەری دنیایێیە.

43) و لەپاش ئەو دوو ڕۆژانە لە ئەوێ وەدەر کەوت بۆ جەلیلی.

44) چونکە یەسووع بۆخۆی شایەدی دا کە پێغەمبەرێک دە وەتەنی خۆیدا حورمەتی نییە.

45) بەڵا وەختێکی هاتە جەلیلی، جەلیلییان ئەویان قەبوڵ کرد، چونکە هەموو ئەو چتانەیان دیبوو کە دە ئورشەلیمی دە جێژنیدا کردبووی، چونکە ئەوانیش بۆ جێژنی هاتبوون.

46) و دیسان هاتە قانای جەلیلی، ئەو جێی کە ئاوی کردبوو بە شەراپ و شاهزادەیەک هەبوو کە کوڕی وی دە کەفەرناحومێدا نەخۆش بوو.

47) وەختێکی ئەو بیستی کە یەسووع لە یەهوودییە بۆ جەلیلی هاتبوو، چۆ کن ئەوی و تەڵەبی لێ کرد کە بێتە خوارێ و کوڕی وی ساغ بکاتەوە چونکە نیزیکی مردنێ بوو.

48) یەسووع بە وی گوت: ئەگەر ئەنگۆ نیشانان و عەجایبان نەبینن قەت ئیمان نایەنن.

49) شاهزادە بە وی گوت: یا ڕەب، وەرە خوارێ لە پێش ئەوەی کە منداڵی من بمرێ.

50) یەسووع بە وی گوت: بڕۆ، کوڕی تۆ دەژی. پیاوەکە باوەڕی کرد بەو قسەی کە یەسووع بە وی گوت و چوو.

51) و کە دەچۆ خوارێ، خزمەتکارانی وی تووشی بوون دەیانگوت کە منداڵی وی دەژی.

52) ئەو دەمی پرسیاری لە وان کرد لە ئەو سەعاتەی کە دە وێدا چاتر ببوو. و بە وییان گوت: دوێنێ شەعاتی حەوتەم نۆبەتێ بەری دا.

53) ئەوجار بابی زانی کە هەر دەو سەعاتەیدا بوو کە یەسووع بە وی گوت: کوڕی تۆ دەژی. و ئیمانی هێنا بۆخۆی و هەموو ماڵی وی.

54) ئەوە دیسان نیشانەی دوویەم بوو کە یەسووع کردی وەختێکی لە یەهوودییە بۆ جەلیلی هات.