باب ٣

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 5 دقیقه  251 مشاهده

1) و پیاوێک لە فریسییان هەبوو، نێوی نێقۆدێمۆس، مەزنێکی یەهوودییان.

2) ئەوە دە شەوێدا هاتە کن ئەوی و بە وی گوت: «ڕەببی، دەزانین کە ئەتۆ مامۆستایەکی لە خوڵا هاتووی، چونکە کەس ناتوانێ ئەو نیشانان بکا کە ئەتۆ دەکەی، ئەگەر خوڵا دەگەڵ ئەوی نەبێ.»

3) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: ئەگەر کەسێک لە تازەیەوە بە وەلەد نەبێ، ناتوانێ پادشایەتی خوڵای ببینێ.»

4) نێقۆدێمۆس بە وی گوت: «چلۆن دەتوانێ کەسێک بە وەلەد ببێ، وەختێکی پیرە؟ ئەرێ دەتوانێ جاری دوویەم وەژوور زگی دایکی خۆی بکەوێ و بە وەلەد ببێ؟»

5) یەسووع جوابی دا: «ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: ئەگەر کەسێک لە ئاو و ڕوح بە وەلەد نەبێ، ناتوانێ وەژوور پادشایەتی خوڵای بکەوێ.

6) ئەوەی کە لە بەدەن بە وەلەد بووە، بەدەنە و ئەوەی کە لە ڕوح بە وەلەد بووە ڕوحە.

7) تەعەجوب مەبە کە بە تۆم گوت: لازمە کە ئەنگۆ لە تازەیەوە بە وەلەد ببن.

8) «با» بۆ هەر جێیەکی کە دەیەوێ لێ دەدا و دەنگی وی دەبیێی، بەڵا نازانی لە کوێ دێ و بۆ کوێ دەچێ. وەهایە هەر کەس کە لە ڕوح بە وەلەد بووە.»

9) نێقۆدێمۆس جوابی دا و بە وی گوت: «ئەوانە چلۆن دەتوانن ببن؟»

10) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: «ئەرێ ئەتۆ مامۆستای ئیسرائیلی و ئەو چتانە نازانی؟

11) ڕاستی ڕاستی بە تۆ دەڵێم: ئەوەی کە دەزانین قسان دەکەین و ئەوەی کە دیومانە شایەدی دەدەین و شایەدیی مە ئەنگۆ قەبوڵ ناکەن.

12) ئەگەر چتانی دنیایی بە ئەنگۆم کوتووە و باوەڕ ناکەن، چلۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر چتانی ئاسمانی بە ئەنگۆ بڵێم؟

13) و هیچکەس نەچۆتە سەرێ بۆ ئاسمانێ، بێجگە لە ئەوەی کە لە ئاسمانێ هاتە خوارێ یەعنی کوڕی ئینسانی.

14) و چلۆنێکی مووسا دە چۆڵیدا مارەکی بڵند کرد، هەر واش لازمە کە کوڕی ئینسانی بڵند بکرێ.

15) هەتاکوو هەر کەس کە بە وی ئیمان بێنێ، ژیانی ئەبەدی ببێ.

16) چونکە خوڵا دنیای وەها حوبباند کە کوڕی تاقانەی خۆی دا هەتاکوو هەر کەس کە بە وی ئیمان بێنێ هەلاک نەبێ، بەڵا ژیانی ئەبەدی ببێ.

17) چونکە خوڵا کوڕی خۆی نەناردە دنیایێ کە حوکم لەسەر دنیای بکا، بەڵا کە دنیای بە وی خەڵاس ببێ.

18) ئەوەی کە بە وی ئیمان بێنێ حوکم لەسەری ناکرێ، بەڵا ئەوەی کە ئیمانان نایەنێ ئەلان حوکم لەسەری کراوە، چونکە بە نێوی کوڕی تاقانەی خوڵای ئیمانی نەهێناوە.

19) و حوکم ئەوەیە کە ڕووناکایی دە دنیایدا هاتووە و بنی ئادەمێ تاریکاییان لە ڕووناکایی خۆشتر ویست، چونکە عەمەلی وان خراپ بوون.

20) چونکە هەر کەس کە خراپی دەکا، ڕووناکایی دەبوغزێنێ و بۆ کن ڕووناکایی نایێ، هەتاکوو عەمەلانی وی زەم نەکرێن.

21) بەڵا ئەوەی کە ڕاستی دەکا بۆ کن ڕووناکایی دێ هەتاکوو عەمەلانی وی ئاشکرا ببن چونکە دە خوڵایدا کراون.»

22) لەپاش ئەوانە یەسووع و شاگردانی وی هاتنە وڵاتی یەهوودییە و لەوێ دەگەڵ ئەوان ڕایدەبوارد و تەعمیدی دەکرد.

23) بەڵا یوحەنناش دە عینون نیزیکی سالیم تەعمیدی دەکرد، چونکە ئاوی زۆر لەوێ هەبوو و دەهاتن و تەعمید دەکران.

24) چونکە یوحەننا هێشتا دە بەندیخانەیدا نەهاویشترابوو.

25) ئەو دەمی لە شاگردانی یوحەننا دەگەڵ یەهوودییەک موباحیسەیەکی بوو لەسەر پاککردنەوەی.

26) و هاتنە کن یوحەننا و بە وییان گوت: «ئەی مامۆستا ئەوەی کە دەگەڵ ئەتۆ لەو لای ئوردن بوو، کە ئەتۆ بۆ وی شایەدت داوە، ئەوەتا ئەو تەعمید دەکا و هەمووان دێنە کن ئەوی.»

27) یوحەننا جوابی دا و کوتی: «کەس ناتوانێ چتێکی وەرگرێ، ئەگەر لە ئاسمانێ بە وی نەدراوە.

28) ئەنگۆ بۆخۆتان بۆ من شایەدی دەدەن کە کوتم: ئەمن مەسیح نیم، بەڵا لە پێش ئەوی ناردراوم.

29) ئەوەی کە بووکی هەیە زاوایە، بەڵا دۆستی زاوای کە ڕادەوەستێ و گوێی لێ دەگرێ، زۆر کەیفخۆشی دەکا لەبەر دەنگی زاوای. دەنا ئەوە کەیفخۆشی من تەواو بووە.

30) لازمە کە ئەو گەورەتر ببێ و ئەمن پچوکتر ببم.

31) ئەوەی کە لە سەرڕا دێ، لەسەر هەمووانە. ئەوەی کە لە ئەرزێیە لە ئەرزێیە و لە ئەرزێ قسان دەکا. ئەوەی کە لە ئاسمانێ دێ لەسەر هەمووانە.

32) ئەو چتەی کە دیویە و بیستوویە، ئەوی شایەدی دەدا و شایەدی وی کەس قبوڵ ناکا.

33) ئەوەی کە شایەدی وی قەبوڵ کردووە، مۆری کردووە کە خوڵا ڕاستە.

34) چونکە ئەوەی کە خوڵا ناردووە، کەلامی خوڵا قسان دەکا. چونکە خوڵا بە پێوان ڕوح نادا.

35) باب کوڕی دەحوببێنێ و هەموو چتانی بە دەستی وی داوە.

36) ئەوەی کە بە کوڕی ئیمان بێنێ ژیانی ئەبەدی هەیە، ئەمما ئەوەی کە ئیتاعەتی کوڕی نەکا، ژیانی نابینێ بەڵا غەزەبی خوڵای لەسەر ئەوی دەمێنێ.»