باب ٦

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 8 دقیقه  212 مشاهده

1) لە پاش ئەوەی یەسووع چوو بۆ ئەو لای بەحری جەلیلێ، یەعنی بەحری تێبرییە.

2) و خەڵکێکی زۆر وەدوای وی دەکەوتن چونکە ئەو نیشانانەیان دەدی کە لەسەر نەخۆشانی دەکرد.

3) و یەسووع وەسەر کێوی کەوت و لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆی ڕۆنیشت.

4) و فەسح، جێژنی یەهوودییان نیزیک بوو.

5) و کە یەسووع چاوی خۆی هەڵێنا و خەڵکێکی زۆری دی کە دەهاتنە کن ئەوی، بە فیلپۆسی گوت: لە کوێ نان بکڕین کە ئەوانە بخۆن؟

6) بەڵا ئەوەی دەگوت کە ئەوی تەجرەبە بکا، چونکە بۆخۆی دەیزانی چی دەبا بکا.

7) فیلپۆس بە وی جوابی دا: دووسەد دینار نان بۆ وان بەس نییە هەتاکوو هەر یەک کەمێکی بستێنێ.

8) یەکێک لە شاگردانی وی، ئەندریاس برای شەمعوون پیترۆس بە وی گوت:

9) لێرە کوڕێکی چکۆلە هەیە کە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی هەیە. بەڵا ئەوانە چن بۆ ئەوەندە زۆران؟

10) یەسووع کوتی: با خەڵکی ڕۆبنیشن. بەڵا دەو جێیدا گیای زۆر هەبوو و پیاوان بە حیساب بەقەد پێنج هەزار ڕۆنیشتن.

11) ئەو دەمی یەسووع ئەو نانانەی هەڵگرت و کە شوکری کردبوو، بۆ ڕۆنیشتووانی بەش کرد و هەر واش لەو ماسییان هەر چەندێکی کە ویستیان.

12) و کە تێر بوون بە شاگردانی خۆی گوت: ئەو لەتکانەی کە زیاد بوون، خڕ بکەنەوە هەتاکوو چتێک ون نەبێ.

13) و خڕیان کرد و لە لەتکانی ئەو پێنج نانانەی جۆ کە زیاد بوون لە ئەوانەی کە خواردبوویان، دوازدە زەمبیلیان پڕ کردەوە.

14) و کە خەڵکی ئەو نیشانەیان دی کە کردی، کوتیان: بەڕاستی ئەو پێغەمبەرەی کە دێتە دنیای ئەوەیە.

15) دەنا وەختێکی یەسووع تێ گەیشت کە دەبا بێن و ئەوی بە زۆری بگرن کە بیکەنە پادشا، دیسان چۆ سەر کێوی ئەو بۆخۆی بەتەنێ.

16) بەڵا وەختێکی ئێوارێ بوو، شاگردانی وی چوونە خوارێ، لەکن بەحری.

17) و وەژوور گەمێیەکی کەوتن و بۆ ئەو لای بەحرێ بۆ کەفەرناحومی دەچوون، و ئەلان تاریک بوو و یەسووع هێشتا بۆ کن ئەوان نەهاتبوو.

18) و بەحر لە بایەکی گەورە کە لێی دەدا زۆر تێکەڵ دەبوو.

19) وەختێکی بەقەد بیست و پێنج یان سی تیرهاویشتنێ سەوڵەیان لێ دابوو یەسووعیان دی لەسەر بەحرێ دەگەڕا و نیزیکی گەمێ دەهات و ترسان.

20) بەڵا ئەو بە وانی گوت: ئەمنم مەترسێن.

21) ئەو دەمی ویستیان کە ئەوی دە گەمێدا قەبوڵ بکەن و جێبەجێ گەمێ لەکن ئەو ئەرزەی بوو کە بۆ ئەوێ دەچوون.

22) دە ڕۆژی دیدا، خەڵکی کە لەو بەری بەحرێ ڕاوەستابوون دیتیان کە گەمێیەکی دیکە لەوێ نەبوو بێجگە لە یەکێک، و کە یەسووع دەگەڵ شاگردانی خۆی وەژوور گەمێ نەکەوتبوو، بەڵا کە شاگردانی وی بەتەنێ چووبوون.

23) بەڵا گەمێیانی دیکە هاتن لە تێبرییە نیزیکی ئەو جێی کە نانیان لەوێ خواردبوو لەپاش شوکرکردنی ڕەب.

24) دەنا وەختێکی خەڵکی دیتیان کە نە یەسووع لەوێ بوو و نە شاگردانی ویشی، ئەوان وەسەر گەمێیان کەوتن و هاتنە کەفەرناحومی و حەولی یەسووعیان دەدا.

25) و کە ئەویان لەو لای بەحرێ پەیدا کرد، بە وییان گوت: ڕەببی کەنگێ هاتوویە ئێرە؟

26) یەسووع بە وان جوابی دا و کوتی: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەنگۆ حەولی من دەدەن نە لەبەر ئەوەی کە نیشانانوو دی، بەڵا لەبەر ئەوەی کە نانانوو خوارد و تێر بوون.

27) کارێ مەکەن بۆ ئەو خۆراکەی کە هیلاک دەبێ، بەڵا بۆ ئەو خۆراکەی کە هەتا ژیانی ئەبەدی دەمێنێ، ئەوەی کە کوڕی ئینسانی بە ئەنگۆ دەدا، چونکە باب یەعنی خوڵا ئەوی مۆر کردووە.

28) ئەو دەمی بە وییان گوت: چی بکەین هەتاکوو کارانی خوڵای بەجێ بێنین؟

29) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: کاری خوڵای ئەوەیە کە ئیمان بێنن بە ئەوەی کە ئەو ناردوویە.

30) ئەو دەمی بە وییان گوت: دەنا چی نیشانەیەکی دەکەی هەتاکوو ببینین و ئیمان بە تۆ بێنین؟ چی کارێکی دەکەی؟

31) بابانی مە دە چۆڵیدا مننەیان خوارد چلۆنێکی نووسراوە، نانی لە ئاسمانێ بە وان دا کە بخۆن.

32) یەسووع بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: مووسا ئەو نانەی لە ئاسمانێ بە ئەنگۆ نەداوە بەڵا بابی من ئەو نانی ڕاست لە ئاسمانێ بە ئەنگۆ دەدا.

33) چونکە نانی خوڵای ئەوەیە کە لە ئاسمانێ دێتە خوارێ و بە دنیای ژیانێ دەدا.

34) ئەو دەمی بە وییان گوت: یا ڕەب، ئەو نانەی هەمیشە بە مە بدە.

35) یەسووع بە وانی گوت: ئەمنم نانی ژیانێ، ئەوەی کە بێتە کن ئەمن برسی نابێ و ئەوەی کە ئیمان بە من بێنێ قەت تینوو نابێ.

36) بەڵا بە ئەنگۆم گوت: کە ئەمنیشوو دیوە و ئیمان نایەنن.

37) هەموو کە باب بە من دەدا دێتە کن ئەمن، و ئەوەی کە بێتە کن ئەمن قەت دەری ناکەم.

38) چونکە لە ئاسمانێ هاتوومە خوارێ نە کە ئیرادەی خۆم بکەم، بەڵا ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە.

39) و ئەوەیە ئیرادەی وەی کە ئەمنی ناردووە، کە لە هەموو ئەوەی کە بە منی داوە چتێکی ون نەکەم، بەڵا کە دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

40) چونکە ئیرادەی بابی من ئەوەیە کە هەر کەس کە کوڕی ببینێ و ئیمان بە وی بێنێ ژیانی ئەبەدی دەبێ و کە ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

41) ئەو دەمی یەهوودییان لەسەر ئەوی بۆڵەبۆڵیان دەکرد چونکە کوتی: ئەمنم ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ.

42) و دەیانگوت: ئەرێ ئەوە یەسووع کوڕی یوسف نییە کە ئەمە باب و دایکی دەناسین؟ دەنا چلۆن دەڵێ کە لە ئاسمانێ هاتوومە خوارێ؟

43) یەسووع جوابی دا و بە وانی گوت: دەگەڵ یەکتری بۆڵەبۆڵێ مەکەن.

44) هیچکەس ناتوانێ بێتە کن ئەمن ئەگەر باب کە ئەمنی ناردووە ئەوی نەکێشێ و ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

45) دە پێغەمبەراندا نووسراوە و هەمووان لە خوڵای تەعلیم دەکرێن. هەر کەس کە لە باب بیستوویە و فێر بووە دێتە کن ئەمن.

46) نە کە کەسێک بابی دیوە. هەر ئەوەی کە لە خوڵایە ئەو بابی دیوە.

47) ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەوەی کە ئیمان بێنێ ژیانی ئەبەدی هەیە.

48) ئەمنم نانی ژیانێ.

49) بابانی ئەنگۆ دە چۆڵیدا مننەیان خوارد و مردن.

50) ئەوەیە ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ دێتە خوارێ هەتاکوو کەسێک لە وی بخوا و نامرێ.

51) ئەمنم ئەو نانەی زیندوو کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ. ئەگەر کەسێک لەو نانەی بخوا، هەتا ئەبەدی دەژی. و ئەو نانەی کە ئەمن دەدەم بۆ ژیانی دنیایێ بەدەنی منە.

52) ئەو دەمی یەهوودییان دەگەڵ یەکتری شەڕیان کرد، دەیانگوت: ئەوە چلۆن دەتوانێ بەدەنی خۆی بە مە بدا کە بیخۆین؟

53) یەسووع بە وانی گوت: ڕاستی ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: ئەگەر ئەنگۆ بەدەنی کوڕی ئینسانی نەخۆن و خوێنی وی نەخۆنەوە، دە خۆتاندا ژیانوو نییە.

54) ئەوەی کە بەدەنی من دەخوا و خوێنی من دەخواتەوە ژیانی ئەبەدی هەیە و ئەمن دە ڕۆژی ئاخرێدا ئەوی هەڵدەستێنمەوە.

55) چونکە بەدەنی من خواردنی ڕاستە و خوێنی من خواردنەوەی ڕاستە.

56) ئەوەی کە بەدەنی من دەخوا و خوێنی من دەخواتەوە، دە مندا دەمێنێ و ئەمن دە ویدا.

57) چلۆنێکی بابی زیندوو ئەمنی ناردووە و ئەمن بە سەبەبی باب دەژیم، هەر واش ئەوەی کە ئەمن دەخوا ئەویش بە سەبەبی من دەژی.

58) ئەوەیە ئەو نانەی کە لە ئاسمانێ هاتۆتە خوارێ، نەوەکوو بابان خواردیان و مردن. ئەوەی کە لەو نانەی بخوا، هەتا ئەبەدێ دەژی.

59) ئەو چتانەی دە کەنیشتێکیدا گوت وەختێکی دە کەفەرناحومێدا تەعلیمی دەدا.

60) و زۆران لە شاگردانی وی وەختێکی بیستییان کوتیان: ئەو قسەڕەقە، کێ دەتوانێ گوێی لێ بگرێ؟

61) بەڵا یەسووع وەختێکی دە خۆیدا دەیزانی کە شاگردانی وی لەسەر ئەو چتەی بۆڵەبۆڵیان دەکرد بە وانی گوت: ئەرێ ئەو چتە ئەنگۆ هەڵدەنگوێنێ؟

62) دەنا چلۆن دەبێ ئەگەر کوڕی ئینسانی ببینن وەسەر بکەوێ بۆ ئەو جێی کە هەوەڵێ لەوێ ببوو؟

63) ڕوحە کە زیندووی دەکاتەوە، بەدەن هیچ فایدەی نییە. ئەو قسانەی کە ئەمن بە ئەنگۆم کوتووە ڕوحە و ژیانە.

64) بەڵا لە ئەنگۆ هێندێک هەن کە ئیمان نایەنن، چونکە یەسووع لە هەوەڵەوە دەیزانی کێن ئەوانەی کە ئیمان دێنن و کێیە کە ئەوی تەسلیم دەکا.

65) و کوتی: لەبەر ئەوەی بە ئەنگۆم کوتووە کە کەسێک ناتوانێ بێتە کن ئەمن، ئەگەر لە باب بە وی نەدراوە.

66) لە ئەو سەبەبەی زۆران لە شاگردانی وی بۆ پاشەوە چوون و ئیدی دەگەڵ ئەوی نەدەگەڕان.

67) ئەو دەمی یەسووع بەو دوازدانەی گوت: ئەرێ ئەنگۆش دەتانەوێ کە بچنەوە؟

68) شەمعوون پیترۆس بە وی جوابی دا: یا ڕەب بۆ کن کێ بچین؟ ئەتۆ کەلامی ژیانی ئەبەدیت هەیە.

69) و ئەمە ئیمانمان هێناوە و زانیومانە کە ئەتۆ موقەدەسی خوڵای.

70) یەسووع بە وان جوابی دا: ئەرێ ئەمن ئەنگۆ دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ و یەکێک لە ئەنگۆ شەیتانە.

71) بەڵا بەحسی یەهوودا کوڕی شەمعوون ئێسخەریوتی قسەی دەکرد چونکە ئەو دەبا ئەوی تەسلیم بکا و یەکێک لەو دوازدانە بوو.