باب ٢٣

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 7 دقیقه  503 مشاهده

1) و هەموو جەماعەتی وان هەڵستان و ئەویان بردە کن پیلاتۆس.

2) و دەستیان پێ کرد کە گلەیی لێ بکەن دەیانگوت: «ئەوەمان پەیدا کردووە کە میللەتی مە هەڵدەخەڵەتێنێ و قەدەغە دەکا کە خەرج بە قەیسەری نەدەن و دەڵێ کە ئەو بۆخۆی مەسیح و پادشایە.»

3) بەڵا پیلاتۆس لێی پرسی دەیگوت: «ئەرێ ئەتۆ پادشای یەهوودیانی؟» ئەو جوابی دا و کوتی: «ئەتۆ دەڵێی.»

4) و پیلاتۆس بە کاهینانی گەورە و خەڵکی گوت: «دەو پیاوەیدا هیچ سوچێک پەیدا ناکەم.»

5) بەڵا ئەوان زۆرییان لێ دەکرد، دەیانگوت: «قەومی دەشێوێنێ بە وەی کە دە هەموو یەهوودستاندا تەعلیمی دەدا و لە جەلیلیڕا گرتوویە هەتا ئێرە.»

6) و کە پیلاتۆس ئەوەی بیست پرسیاری کرد ئەگەر ئەو پیاوە جەلیلییە.

7) و کە زانی کە لە حیکماتی هێرۆدێسە، ئەوی ناردە کن هێرۆدێس کە بۆخۆشی دەو ڕۆژاندا دە ئورشەلیمیدا بوو.

8) بەڵا هێرۆدێس وەختێکی یەسووعی دی زۆر خۆشحاڵ بوو چونکە لەمێژە حەزی دەکرد کە ئەوی ببینێ لەبەر ئەوەی کە بەحسی وی بیستبوو و بە هومێد دەبوو کە کردنی نیشانەیەکی لە وی ببینێ.

9) و بە زۆر قسان پرسیاری لێ دەکرد، بەڵا ئەو هیچ جوابی بە وی نەدا.

10) و کاهینانی گەورە و خوێندەواران ڕاوەستابوون و بە توندی گلەیییان لە وی دەکرد.

11) بەڵا هێرۆدێس دەگەڵ عەسکەرانی خۆی ئەوی بێ حورمەت کرد و گەپی پێ دا و جلێکی بریقەدار لە سەری هاویشت و ناردیەوە کن پیلاتووس.

12) و دەو ڕۆژیدا هێرۆدێس و پیلاتۆس دەگەڵ یەکتری دۆست بوونەوە چونکە لە پێش ئەوەی دەگەڵ یەکتری دە دوژمنێتیدا بوون.

13) بەڵا پیلاتۆس کاهینانی گەورە و مەزنان و قەومی بانگ کرد.

14) و بە وانی گوت: «ئەو پیاوەتان هێناوە کن ئەمن وەکوو یەکێکی کە قەومی هەڵدەخەڵەتێنێ و ئەوەتا ئەمن لەبەر چاوی ئەنگۆ سۆراغم کردووە و دەو پیاوەیدا هیچ سوچێکم پەیدا نەکردووە وەکوو ئەنگۆ گلەیی لێ دەکەن.

15) و نە هێرۆدێسیش. چونکە ئەوی بۆ کن ئەمە ناردووە و ئەوەتا هیچ چتێک لایقی کوشتنی بە وی نەکراوە.

16) دەنا ئەوی تەمبێ دەکەم و بەرەڵڵای دەکەم.»

17) بەڵا دە جێژنیدا واجب بوو کە یەکێک بۆ وان بەرەڵڵا بکا.

18) بەڵا هەموویان پێکەوە قیژاندییان دەیانگوت: «ئەوە هەڵگرە و براباسی بۆ مە بەرەڵڵا بکە.»

19) ئەوەی کە لەبەر شلوقییەکی کە دە شاریدا بوو و لەبەر قەتڵ دە بەندیخانەی هاویشترابوو.

20) بەڵا دیسان پیلاتۆس دەگەڵ ئەوان قسەی کرد، چونکە دەیویست کە یەسووعی بەرەڵڵا بکا.

21) ئەمما ئەوان قیژاندییان و دەیانگوت: «ئەوی لە سێدارەی بدە، لە سێدارەی بدە!»

22) بەڵا جاری سێیەم بە وانی گوت: «بۆچی؟ ئەوە چی خراپەیەکی کردووە؟ هیچ سەبەبی کوشتنی دە ویدا پەیدام نەکردووە، دەنا ئەوی تەمبێ دەکەم و بەرەڵڵای دەکەم.»

23) ئەمما ئەوان بە دەنگانی بڵند زۆرییان لێ دەکرد و تەڵەبیان دەکرد کە ئەو لە سێدارەی بدرێ و دەنگانی وان غاڵب بوون.

24) و پیلاتۆس حوکمی کرد کە وەکوو تەڵەبی وان ببێ.

25) و ئەوی بەرەڵڵا کرد کە لەبەر شلوقی و قەتڵ دە بەندیخانەیدا هاویشترابوو و کە تەڵەبیان دەکرد، بەڵا یەسووعی بە ئیرادەی وان تەسلیم کرد.

26) و کە ئەویان دەبرد یەکێک شەمعوونی کوورێنی کە لە زەوی دەهات گرتیان و سێدارەی لەسەر ئەویان دانا کە لەدوای یەسووع هەڵگرێ.

27) و جەمعێکی زۆری خەڵکی وەدوای وی دەکەوتن و لە ژنان کە شینیان دەکرد و لەسەر ئەوی دەگریان.

28) بەڵا یەسووع بۆ وان وەرگەڕا و کوتی: «ئەی کچانی ئورشەلیمی، لەسەر ئەمن مەگرین ئەمما لەسەر خۆتان و لەسەر منداڵانی خۆتان بگرین.

29) چونکە ئەوەتا ڕۆژان دێن کە دە واندا دەڵێن: «خۆزگە بە نەزۆکان و زگان کە نەزاون و مەمکان کە شیریان نەداوە.»

30) ئەو دەمی دەست پێ دەکەن کە بە کێوان بڵێن: لەسەر ئەمە بکەون و بە تەپۆلکان ئەمەی داپۆشن.

31) چونکە ئەگەر ئەو چتانەی بە داری تەڕ دەکەن، بە وشکی چی دەبێ؟»

32) و دوو خراپکارانی دیکەش دەگەڵ ئەوی بردران کە بکوژرێن.

33) و کە هاتنە ئەو جێی کە کاسەی سەر بانگ دەکرێ لەوێ ئەویان لە سێدارەی دا و ئەو خراپکارانەش یەکێک لەلای ڕاستی و یەکێک لەلای چەپی.

34) و یەسووع کوتی: «یا بابە، ئەوانە ببەخشە چونکە نازانن چی دەکەن.» و کە جلی وییان بەش دەکرد پشکانیان لێ هاویشت.

35) و خەڵکی ڕاوەستابوون و تەماشایان دەکرد. بەڵا مەزنانیش مەسخەرەیان دەکرد، دەیانگوت: «ئی دیکانەی خەڵاس کردووە، با خۆی خەڵاس بکا ئەگەر ئەو مەسیحەی خوڵای، ئەو هەڵبژێراوە ببێ.»

36) و عەسکەرانیش گەپیان پێ دەدا بە وی کە دەهاتنە پێشی و سرکەیان بە وی دەدا.

37) و دەیانگوت: «ئەگەر ئەتۆ پادشای یەهوودیانی، خۆت خەڵاس بکە.»

38) و سەرنامەیەکیش لە بەرەژووری وی هەبوو: ئەوەیە پادشای یەهوودییان.

39) و یەکێک لەو خراپکارانەی کە هەڵ ئاوەسرابوون کفری پێ دەکرد، «ئەرێ ئەتۆ مەسیح نی؟ خۆت و ئەمە خەڵاس بکە.»

40) بەڵا ئەوی دیکە جوابی دا، زەممی لێ کرد و کوتی: «ئەرێ ئەتۆ لە خوڵاش ناترسێی کە هەر دەو عازابیدای؟

41) و ئەمە بێ شک، بە حەقە، چونکە وەکوو عەمەلانی خۆمان حەقی وەردەگرین، بەڵا ئەوە هیچ چتێکی بێ قایدەی نەکردووە.»

42) و کوتی: «یا یەسووع، ئەمن وەبیرت بێنە وەختێکی دە پادشایەتی خۆتدا بێی.»

43) و ئەو بە وی گوت: «ڕاستی بە تۆ دەڵێم، ئەوڕۆ دەگەڵ ئەمن دە فیردۆسدا دەبی.»

44) و ئەلان نیزیکی سەعاتی شەشەم بوو و تاریکایی لەسەر هەموو ئەرزێ بوو هەتا سەعاتی نۆیەم.

45) چونکە ڕۆژ تاریک بوو و پەردەی هەیکەلی دە نێوەڕاستیدا لەت بوو.

46) و یەسووع بە دەنگێکی بڵند قیژاندی و کوتی: «یا بابە، ڕوحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» و کە ئەوەی گوت، ڕوحی تەسلیم کرد.

47) و کە یوزباشی دیتی ئەو چتەی کە بوو، شوکری خوڵای کرد، دەیگوت: «بەڕاستی ئەو پیاوە سادق بوو.»

48) و هەموو خەڵکی کە بۆ ئەو تەماشایی خڕ بوونەوە، وەختێکی دیتیان ئەو چتانەی کە بوون، لە سینگانیان دا و گەڕانەوە.

49) بەڵا هەموو ئاشنایانی وی و ژنان کە دەگەڵ ئەوی لە جەلیلی هاتبوون لە دوورەوە ڕاوەستابوون و تەماشای ئەو چتانەیان دەکرد.

50) و ئەوەتا پیاوێک نێوی یوسف کە موشیر بوو، پیاوێکی چاک و عاقڵ.

51) ئەو بە تەگبیر و عەمەلی وان ڕازی نەدەبوو، لە ئەریماتییە شارێکی یەهوودیان و کە چاوەنۆڕی پادشایەتی خوڵای بوو.

52) ئەوە چوو کن پیلاتۆس و مەیتی یەسووعی تەڵەب کرد.

53) و هێنایە خوارێ و ئەوی بە کەتانی پێچاوە و دە قەبرێکی هەڵقەندراوی نا کە دە وێدا قەت هیچکەس دانەندرابوو.

54) و ڕۆژی تەدارەک بوو و شەمۆ نیزیک دەبوو.

55) و ئەو ژنانەی کە دەگەڵ ئەوی لە جەلیلی هاتبوون، وەدوای کەوتن و قەبرەکەیان دی و چلۆن مەیتی وی داندرا.

56) و کە گەڕانەوە، عەتران و ڕۆنانی خۆشبۆنیان حازر کرد و دە شەمۆیدا موافقی حوکم ڕحەت بوون.