باب ٢٤

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 دقیقه  228 مشاهده

1) بەڵا دە ڕۆژی هەوەڵی حەوتویدا، سبحەینێ زوو هاتنە سەر قەبری و ئەو عەترانەی کە حازریان کردبوو دەیانهێنا.

2) و بەردەکی لەسەر قەبری خللۆرکراو پەیدایان کرد.

3) بەڵا وەختێکی وەژوور کەوتن مەیتی ڕەب یەسووعیان پەیدا نەکرد.

4) و بوو کە وەختێکی ئەوان لەسەر ئەو چتەی عەجایب دەمان، ئەوەتا دوو کەس دە جلی بریقەداردا لەکن ئەوان ڕاوەستابوون.

5) و کە ئەوان ترسەنۆک بوون و ڕووی خۆیان بۆ ئەرزێ بەر دابۆوە، بە وانیان گوت: «بۆچی بۆ زیندووی لەنێو مردووان حەول دەدەن؟

6) لێرە نییە بەڵا هەڵستاوەتەوە. وەبیروو بێنن چلۆن دەگەڵ ئەنگۆ قسەی کرد، وەختێکی هێشتا دە جەلیلیدا بوو.»

7) دەیگوت: «بۆ کوڕی ئینسانی لازمە کە بە دەستانی ئینسانانی گوناحکار تەسلیم بکرێ و لە سێدارەی بدرێ و دە ڕۆژی سێیەمدا هەڵبستێتەوه.»

8) و قسانی وییان وەبیر هاتەوە.

9) و لەسەر قەبری گەڕانەوە و هەموو ئەو چتانەی بەو یازدانە و بە هەموو ئی دیکانیان خەبەر دا.

10) بەڵا مریەم مەگدەلی و یوننا و مریەم دایکی یەعقووب بوون و ئی دیکان دەگەڵ ئەوان، کە ئەو چتانەی بە ڕەسوڵانیان گوت.

11) و ئەو قسانە لەکن ئەوان وەکوو بەتاڵ دیار بوون و باوەڕیان بە وان نەدەکرد.

12) بەڵا پیترۆس هەڵستا و بۆ سەر قەبری لنگی دا و کە خوار بۆوە کەتانانی بەتەنێ دی و چۆ ماڵی خۆی و عەجایب دەما لەسەر ئەو چتەی کە ببوو.

13) و ئەوەتا هەر دەو ڕۆژیدا دوو لە وان بۆ دێیەکی شێست تیرهاویشتنێ دوور لە ئورشەلیمی دەچوون کە نێوی عێماوس بوو.

14) و ئەوان دەگەڵ یەکتری قسەیان دەکرد بەحسی هەموو ئەو چتانەی کە قەوما بوون.

15) و بوو کە وەختێکی ئەوان پێکەوە قسە و پرسیاریان دەکرد، یەسووع بۆخۆی نیزیک بوو و دەگەڵ ئەوان دەچوو.

16) بەڵا چاوانی وان گیران هەتاکوو ئەوی نەناسن.

17) و بە وانی گوت: «ئەو قسانەی کە ئەنگۆ دەگەڵ یەکتری قسان دەکەن وەختێکی دەڕۆن چین؟» و ڕاوەستان بە ڕووی خەمناک.

18) بەڵا یەکێک کە نێوی کێلیۆپاس بوو جوابی دا و بە وی گوت: «ئەرێ هەر ئەتۆ تەنیا، غەریب دە ئورشەلیمدای و ئەو چتانەی کە دەو ڕۆژاندا لەوێ بوون نازانی؟»

19) و بە وانی گوت: «چتانی چی؟» و ئەوان بە وییان گوت: «ئەو چتانەی بەحسی یەسووع ناسری، پیاوێکی کە پێغەمبەرێکی بە قووەت دە عەمەل و قسەدا لە پێش خوڵای و هەموو قەومی بوو.

20) و چلۆن کاهینانی گەورە و مەزنانی مە ئەویان بە حوکمی کوشتنی تەسلیم کرد و ئەویان لە سێدارەی دا.

21) بەڵا ئەمە بە هومێد دەبووین کە هەو بوایە کە دەبا ئیسرائیل خەڵاس بکا. و بێجگە لە هەموو ئەو چتانەی، ئەوە ڕۆژی سێیەمە لە ئەو وەختی کە ئەو چتانە بوون.

22) و چەند ژنانیش لە مە ئەمەیان دە تەعەجوبی خستووە کە سبحەینێ زوو لەسەر قەبری بوون.

23) و کە مەیتی وییان پەیدا نەکرد، هاتن و دەیانگوت: کە دیتویەکی مەلایکەتانیشیان دیبوو کە کوتیان کە ئەو زیندووە.

24) و هێندێک لە وان کە دەگەڵ ئەمە بوون بۆ سەر قەبری چوون و هەر وەکوو ئەو ژنانەش کوتبوویان پەیدایان کرد، بەڵا ئەویان نەدی.»

25) و ئەو بە وانی گوت: «ئەی کەم عاقڵان و دڵگرانان کە باوەڕ بکەن بە هەموو چتی کە پێغەمبەران کوتویانە.

26) ئەرێ لازم نەبوو کە مەسیح ئەوانە بکێشێ و وەژوور جەلالی خۆی بکەوێ؟»

27) و دەستی پێ کرد لە مووسا و لە هەموو پێغەمبەران و ئەو چتانەی بەحسی خۆی دە هەموو کتێباندا بۆ وان تەرجەمە دەکرد.

28) و نیزیکی ئەو دێیەی بوون کە بۆ وێ دەچوون، و ئەو وای دیار کرد کە دەبا دوورتر بچێ.

29) و زۆرییان لێ کرد، دەیانگوت: «دەگەڵ ئەمە بمێنە چونکە نیزیکی ئێوارەیە و ڕۆژ ئەلان درەنگە.» و وەژوور کەوت کە دەگەڵ ئەوان بمێنێ.

30) و بوو کە وەختێکی ئەو لەسەر سفرەی دەگەڵ ئەوان ڕۆنیشتبوو، نانی هەڵگرت، ممبارەکی کرد، لەتی کرد و دای بە وان.

31) و چاوانی وان کرانەوە و ئەویان ناسی، و ئەو لە وان ون بوو.

32) و بە یەکتریان دەگوت: «مەگەر دڵی مە دەنێو مەدا نەئەسووتا وەختێکی دەگەڵ ئەمە دە ڕێیدا قسەی دەکرد و کە کتێبانی بۆ مە دەکردەوە؟»

33) و هەر دەو سەعاتەیدا هەڵستان و بۆ ئورشەلیمی گەڕانەوە و ئەو یازدانە و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوان بوون پەیدایان کرد کە خڕ بوونەوە.

34) و دەیانگوت: «بەڕاستی ڕەب هەڵستاوەتەوە و بە شەمعوونی بیندراوە.»

35) و ئەوان لەو چتانەی کە دە ڕێیدا بوون خەبەریان دا و چلۆن بە لەتکردنی نانی لە وان ناسرابۆوە.

36) و کە ئەوان لەو چتانە قسەیان دەکرد، ئەو بۆخۆی لەنێو ئەوان ڕاوەستا و بە وانی گوت: «سەلام عەلەیکم.»

37) بەڵا لەرزاو و ترساو بوون و فکریان دەکرد کە ڕوحێکیان دەدی.

38) و ئەو بە وانی گوت: «بۆچی تێک دەچن و لەبەر چی دە دڵی ئەنگۆدا فکرانی شک هەڵدەستن؟

39) ببینن دەستان و پێیانی من کە ئەمن بۆخۆمم. دەست لە من بدەن و ببینن چونکە ڕوحێک گۆشت و ئێسکی نییە وەکوو دەبینن کە ئەمن هەمە.»

40) و کە ئەوەی گوت، دەستان و پێیانی بە وان نیشان دا.

41) و کە ئەوان هێشتا لە خۆشحاڵی باوەڕیان نەدەکرد و عەجایب دەمان بە وانی گوت: «ئەرێ چتێکی خواردنیو هەیە لێرە؟»

42) و ئەوان لەتێکی ماسی سوورکراو بە وییان دا.

43) و وەریگرت و لەبەر چاوی وان خواردی.

44) و بە وانی گوت: «ئەوانە قسانی منن کە دەگەڵ ئەنگۆ قسەم کرد، وەختێکی هێشتا دەگەڵ ئەنگۆ بووم، لازمە کە هەموو ئەو چتانەی کە دە شەریعەتی مووسا و دە پێغەمبەران و دە زەبووراندا بەحسی من نووسراون تەواو ببن.»

45) ئەو دەمی عەقڵی وانی کردەوە کە کتێبان بفامن.

46) و بە وانی گوت: «وەها نووسراوە کە مەسیح ئەزیەت دەکێشێ و دە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە.

47) و کە بە نێوی وی تۆبەی بۆ بەخشینی گوناحان لەنێو هەموو میللەتان وەعز دەکرێ، دەست پێکردن لە ئورشەلیمی دەبێ.

48) ئەنگۆ شایدانی ئەو چتانە هەن.

49) و ئەوەتا ئەمن وەعدەی بابی خۆم لەسەر ئەنگۆ دەنێرم، بەڵا ئەنگۆ دە شاریدا ڕۆنیشن هەتا بە قووەت لە بڵندی دەبەرکراو دەبن.»

50) و ئەوانی بردە دەرێ هەتا کن بەیت عەنیا و دەستانی خۆی هەڵێنا و ئەوانی مەمبارەک کرد.

51) و بوو کە وەختێکی ئەو ئەوانی مەمبارەک دەکرد، لە وان جوێ بۆوە و وەسەر بردرا بۆ ئاسمانێ.

52) و ئەوان سجدەیان لێ کرد و بە خۆشحاڵییەکی گەورە بۆ ئورشەلیمی گەڕانەوە.

53) و هەمیشە دە هەیکەلیدا بوون و شوکری خوڵایان دەکرد.