باب ٢٢

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 8 دقیقه  190 مشاهده

1) و جێژنی فەتیری کە فەسح بانگ دەکرێ نیزێک بوو.

2) و کاهینانی گەورە و خوێندەواران حەولیان دەدا چلۆن ئەوی بکوژن، چونکە لە قەومی دەترسان.

3) بەڵا شەیتان وەژوور یەهوودای کەوت کە ئێسخەروتی بانگ دەکرا و کە لە حسابی ئەو دوازدانە بوو.

4) و چوو و دەگەڵ کاهینانی گەورە و سەرداران قسەی کرد چلۆن ئەوی بە وان تەسلیم بکا.

5) و خۆشحاڵ بوون و ڕێک کەوتن کە دراو بە وی بدەن.

6) و ڕازی بوو و حەولی فورسەتی دەدا کە ئەوی بە دزی لە خەڵکی بە وان تەسلیم بکا.

7) و ڕۆژی فەتیری هات کە دە وێدا لازم بوو کە بەرخی فسەحی بکوژێتەوە.

8) و پیترۆس و یوحەننای نارد دەیگوت: «بڕۆن و فسەحی بۆ مە حازر بکەن کە بیخۆین.»

9) و ئەوان بە وییان گوت: «لە کوێ دەتەوێ کە حازر بکەین؟»

10) و ئەو بە وانی گوت: «ئەوەتا وەختێکی ئەنگۆ وەژوور شاری دەکەون، پیاوێک تووشوو دەبێ کە جەڕێک ئاو هەڵدەگرێ. وەدوای وی بکەون وەژوور ئەو ماڵەی کە ئەو وەژوور دەکەوێ.

11) و بە ساحبی ئەو ماڵەی بڵێن؛ مامۆستا بە تۆ دەڵێ: لە کوێیە ئەو مەنزڵەی کە لەوێ دەگەڵ شاگردانی خۆم فسەحی بخۆم.

12) و ئەو بە ئەنگۆ نیشان دەدا باڵاخانەیەکی گەورە و فەڕشکراو، لەوێ حازر بکەن.»

13) و ڕۆین و پەیدایان کرد هەر وەکوو ئەو بە وانی کوتبوو و فسەحیان حازر کرد.

14) و کە سەعات هات لەسەر سفرەی ڕۆنیشت و ڕەسوڵان دەگەڵ ئەوی.

15) و بە وانی گوت: «زۆر حەسرەتم کێشاوە کە ئەو فەسحەی دەگەڵ ئەنگۆ بخۆم لە پێش ئەوەی کە ئەزیەت دەکێشم.

16) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئیدی قەت ئەوەی ناخۆم هەتا دە پادشایەتی خوڵایدا تەواو دەبێ.»

17) و پیاڵەی هەڵگرت، شوکری کرد و کوتی: «ئەوەی وەرگرن و لەنێو خۆتان بەشی بکەن.

18) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم لەوەی پاش قەت ناخۆمەوە لە حاسڵی میوەی هەتا پادشایەتی خوڵای دێ.»

19) و نانی هەڵگرت، شوکری کرد، لەتی کرد و دای بە وان دەیگوت: «ئەوە بەدەنی منە کە بۆ ئەنگۆ دەدرێ. ئەوەی بکەن بۆ یادگاریی من.

20) و هەر واش لە پاش خواردنی شام پیاڵەی هەڵگرت دەیگوت: ئەو پیاڵە عەهدی تازەیە دە خوێنی مندا کە بۆ ئەنگۆ دەڕژێندرێ.

21) بەڵا ئەوەتا دەستی تەسلیمکەری من دەگەڵ ئەمن لەسەر سفرەیە.

22) چونکە هەڵبەتە کوڕی ئینسانی دەڕوا چلۆنێکی تاعین کراوە، بەڵا وای بۆ ئەو کەسەی کە بە سەبەبی وی تەسلیم دەکرێ.»

23) و ئەوان دەستیان پێ کرد کە لەنێو خۆیان پرسیار بکەن کێهە لە وان دەبا ئەو چتەی بکا.

24) و موباحیسەیەکیش لەنێو ئەوان بوو کە کێهە لە وان گەورەتر حیساب بکرێ.

25) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «پادشایانی میللەتان حیکماتی لەسەر ئەوان دەکەن و ئەوانەی کە دەستەڵاتیان لەسەر ئەوان هەیە چاکەکەران بانگ دەکرێن.

26) ئەمما ئەنگۆ وا نەبن، بەڵا ئەوەی گەورەتر لەنێو ئەنگۆ با وەکوو چکۆلەتر ببێ و ئەوی هەوەڵ وەکوو ئەوەی کە خزمەت دەکا.

27) چونکە کێهە گەورەترە، ئەوەی کە لەسەر سفرەی ڕۆدەنیشێ یان ئەوەی کە خزمەت دەکا؟ مەگەر ئەوەی نییە کە لەسەر سفرەی ڕۆدەنیشێ؟ بەڵا ئەمن لەنێو ئەنگۆم وەکوو ئەوەی کە خزمەت دەکا.

28) بەڵا ئەنگۆ ئەوانەن کە دەگەڵ ئەمن دە تەجرەبانی مندا چاک ڕاوەستاون.

29) و ئەمن بۆ ئەنگۆ پادشایەتێکی وەعدە دەکەم چلۆنێکی بابم بۆ من وەعدەی کردووە.

30) هەتاکوو دە پادشایەتی مندا لە سفرەی من بخۆن و بخۆنەوە و لەسەر تەختان ڕۆبنیشن و لەسەر ئەو دوازدە سێبتی ئیسرائیل حوکمێ بکەن.

31) ئەی شەمعوون، ئەی شەمعوون، ئەوەتا شەیتان ئەنگۆی تەڵەب کردووە کە وەکوو گەنم بێژینگوو بکا.

32) بەڵا ئەمن بۆ تۆ دوعام کردووە کە ئیمانی تۆ کەم نەبێ و ئەتۆ وەختێکی وەردەگەڕێی برایانی خۆت قایم بکە.»

33) و ئەو بە وی گوت: «یا ڕەب حازرم کە دەگەڵ ئەتۆ دە بەندیخانەی و دە مردنیشدا بچم.»

34) بەڵا ئەو کوتی: «بە تۆ دەڵێم: ئەی پیترۆس، ئەوڕۆ کەڵەباب ناخوێنی هەتا سێ جار حاشا دەکەی کە ئەمن دەناسی.»

35) و بە وانی گوت: «وەختێکی ئەنگۆم نارد، بە بێ کیسە و توربین و کەوش، ئەرێ بۆ چتێکی کەمێتیو کێشا؟ بەڵا ئەوان کوتیان: بۆ هیچ چتێک.»

36) بە وانی گوت: «بەڵا ئەوێستا ئەوەی کە کیسەی هەیە با هەڵی گرێ هەر وا توربینیش. و ئەوەی کە نییەتی با جلی خۆی بفرۆشێ و شیرێکی بکڕی.

37) چونکە بە ئەنگۆ دەڵێم کە ئەو چتەی کە نووسراوە لازمە کە دە مندا تەواو ببێ، یەعنی ئەوە، و دەگەڵ بێ شەرعییان حیساب کرا. چونکە هەر چتی بەحسی منیش ئاخری هەیە.»

38) و ئەوان کوتیان یا ڕەب، ئەوەتا دوو شیر لێرە هەن و ئەو بە وانی گوت: بەسە.

39) و وەدەر کەوت و وەکوو عادەتی بوو بۆ کێوی زەیتوونی چوو و شاگردانیش وەدوای وی کەوتن.

40) و کە گەیشتە ئەو جێیەی، بە وانی گوت: دوعا بکەن کە دە تەجرەبەی نەکەون.

41) و ئەو بەقەد بەرد هاویشتنێکی لە وان کێشرا و بە سەر چۆکاندا هات و دوعای کرد.

42) دەیگوت: یا بابە، ئەگەر بتەوێ ئەو پیاڵەی لە من هەڵگرە، ئەمما نە ئیرادەی من بەڵا ئی تۆ بێ.

43) و مەلایکەتێک لە ئاسمانێ بۆ وی ئاشکرا بوو کە ئەوی بە قووەت دەکرد.

44) و کە دە زۆر تەنگانەیدا بوو بە سەعیتر دوعای دەکرد و عەرەقی وی وەکوو دڵۆپانی خوێن بوو کە لەسەر ئەرزێ دەکەوتن.

45) و کە لە دوعا هەڵستا هاتە کن شاگردان و ئەوانی لە خەمناکی نووستوو پەیدا کرد.

46) و بە وانی گوت: «بۆچی دەنوون؟ هەڵستن و دوعا بکەن کە دە تەجرەبەی نەکەون.»

47) کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد ئەوەتا غەڵەباییەک و ئەوەی کە یەهوودا بانگ دەکرا یەکێک لەو دوازدانە لە پێش ئەوان دەچوو و نیزێکی یەسووعی هات کە ئەوی ماچ بکا.

48) بەڵا یەسووع بە وی گوت: «ئەی یەهوودا، ئەرێ کوڕی ئینسانی بە ماچێکی تەسلیم دەکەی؟»

49) و ئەوانەی کە دەورەی وی بوون وەختێکی دیتیان ئەو چتەی کە دەبا ببێ، کوتیان: «یا ڕەب ئەرێ بە شیر لێی بدەین؟»

50) و یەکێک لە وان لە خزمەتکاری کاهینی گەورەی دا و گوێی ڕاستی وی بڕی.

51) بەڵا یەسووع جوابی دا و کوتی: «لێی گەڕین هەتا ئەوی و دەستی لە گوێی دا و ئەوی ساغ کردەوە.»

52) و یەسووع بە کاهینانی گەورە و سەردارانی هەیکەلی و پیران کە لەسەر ئەوی هاتبوون کوتی: «وەکوو بۆ سەر جەردەیەکی وەدەر کەوتوون بە شیران و کوتکان.

53) وەختێکی هەر ڕۆژ دەگەڵ ئەنگۆ دە هەیکەلیدا بووم دەستوو لەسەر ئەمن درێژ نەکرد، بەڵا ئەوە سەعاتی ئەنگۆیە و حیکماتی تاریکایی.»

54) و کە ئەویان گرتبوو، بردیان و هێنایانە ژوور ماڵی کاهینی گەورە و پیترۆس لە دوورەوە وەدوای دەکەوت.

55) و کە ئاورێکیان دە نێوەڕاستی حەسارێدا هەڵ کردبوو و پێکەوە ڕۆنیشتبوون پیترۆس لەنێو ئەوان ڕۆنیشت.

56) و قەرەواشێک ئەوی لە کن ڕووناکایی ڕۆنیشتوو دی و چاوی لە وی درو و کوتی: «ئەوەش دەگەڵ ئەوی بوو.»

57) بەڵا حاشای کرد، دەیگوت: «ئەی ژن ئەوی ناناسم.»

58) و لەپاش کەمێک یەکی دیکە ئەوی دی و کوتی: «ئەتۆش لە وانی.» بەڵا پیترۆس کوتی: «ئەی پیاو، نیم.»

59) و کە بەقەد سەعاتێکی ڕابردبوو، یەکێکی دیکە قایمی کرد، دەیگوت: «بەڕاستی ئەوەش دەگەڵ ئەوی بوو، چونکە جەلیلیشە.»

60) بەڵا پیترۆس کوتی: «ئەی پیاو نازانم چی دەڵێی». و هەر دەو سەعاتەیدا کە هێشتا ئەو قسەی دەکرد کەڵەباب خوێندی.

61) و ڕەب وەرگەڕا و لە پیترۆس تەماشای کرد و پیترۆس ئەو قسەی ڕەببی وەبیر هاتەوە، چلۆنێکی بە وی کوتبوو لە پێش ئەوەی کە کەڵەباب ئەوڕۆ بخوێنێ، سێ جار لە من حاشا دەکەی.

62) و وەدەر کەوتە دەرێ و بە تاڵی گریا.

63) و ئەو پیاوانەی کە ئەویان ڕادەگرت گەپیان پێ دەدا و قامچییان لێ دەدا.

64) و کە ڕووی وییان داپۆشی لێیان دەپرسی و دەیانگوت: «پێغەمبەرێتی بکە ئەوە کێیە کە لە تۆی دا؟»

65) و زۆر چتانی دیکە بە کفرێتی زیددی وییان قسە دەکرد.

66) و کە ڕۆژ بوو، پیرانی قەومی و کاهینانی گەورە و خوێندەواران خڕ بوونەوە و ئەویان بردە مەجلیسی خۆیان.

67) دەیانگوت: «ئەگەر ئەتۆی مەسیح، بە مە بڵێ.» بە وانی گوت: «ئەگەر بە ئەنگۆ بڵێم، قەت باوەڕ ناکەن.

68) و ئەگەر بپرسم قەت جواب نادەن.

69) بەڵا لەوەی پاش کوڕی ئینسانی لەلای ڕاستی قووەتی خوڵای ڕۆدەنیشێ.»

70) و هەموو کوتیان: «دەنا ئەتۆ کوڕی خوڵای؟» و بە وانی گوت: «ئەنگۆ دەڵێن کە ئەمنم.»

71) بەڵا ئەوان کوتیان: «ئیدی چ ئیحتیاجیمان بە شایەدی هەیە؟ چونکە بۆخۆمان لە زاری ویمان بیستووە.»