باب ١٦

از کتاب:
ئینجیلی موقەدەس
اثر:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 3 دقیقه  231 مشاهده

1) و کە شەمۆ ڕابردبوو مریەم مەگدەلی و مریەم دایکی یەعقووب و سالۆمە عەترانیان کڕی هەتاکوو بێن و چەوری بکەن.

2) و زۆر زوو دە ڕۆژی هەوەڵی حەوتویدا هاتنە سەر قەبری وەختێکی ڕۆژ هەڵات.

3) و بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەو بەردەی لە دەرکی قەبرێ بۆ مە خللۆر دەکاتەوە؟»

4) و کە تماشایان کرد دیتیان کە بەردەکە خللۆر ببووە، چونکە زۆر گەورە بوو.

5) و کە چوونە نێو قەبری دیتیان جحێڵێک لە لای ڕاستی ڕۆنیشتبوو و عەبایەکی سپی دەبەر کراوە و زۆر ترسان.

6) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «مەترسێن، ئەنگۆ لە یەسووع ناسری لە سێدارەدراو دەگەرێن. هەڵستاوەتەوە لێرە نییە، ئەوەتا ئەو جێی کە ئەویان لێ دانا.

7) بەڵا بڕۆن و بە شاگردانی وی و بە پیترۆس بڵێن کە وەپێشوو دەکەوێ بۆ جەلیلی. لەوێ ئەوی دەبینن چلۆنێکی بە ئەنگۆی گوت.»

8) و وەدەر کەوتن و لە قەبری هەڵاتن چونکە لەرز و سام ئەوانی گرتبوو. و بە هیچ کەسیان چتێک نەگوت، چونکە ترسان.

9) و کە هەڵستابوو زوو دە ڕۆژی هەوەڵی حەوتوویدا، هەوەڵێ بۆ مریەم مەگدەلی بیندرا، ئەوەی کە حەوت جننانی لێ دەر کردبوو.

10) ئەو چوو و خەبەری بە وان دا کە دەگەڵ ئەوی ببوون، کە شینیان دەکرد و دەگریان.

11) و کە ئەوانە بیستیان کە زیندووە و لەوێ دیترابوو، باوەڕیان نەکرد.

12) و لە پاش ئەوەی بە شکڵێکی دیکە بیندرا بۆ دوو لەوان وەختێکی دەگەڕان و بۆ دێهاتی دەچوون.

13) و ئەوانە چوون و خەبەریان بە وانی دیکە دا، بەڵا بە وانیشیان باوەڕ نەکرد.

14) و لە پاشان بۆ ئەو یازدانە بۆخۆیان بیندرا وەختێکی لەسەر سفرەی ڕۆنیشتبوون و سەرکۆنەی بێ باوەڕی و دڵڕەقی وانی کرد چونکە بە ئەوانی کە ئەوی هەڵستاو دیبوویان باوەڕیان نەکرد.

15) و بە وانی گوت: «بڕۆن دە هەموو دنیایدا و ئینجیلی بۆ هەموو مەخلوقێ وەعز بکەن.

16) ئەوەی کە ئیمان بێنێ و تەعمید بکرێ خەڵاس دەبێ، بەڵا ئەوەی کە ئیمان نێنێ حوکم لەسەری دەکرێ.

17) و ئەو نیشانانە دەگەڵ ئیمانهێنەران دەبن، بە نێوی من جننان دەر دەکەن و بە زمانانی تازە قسان دەکەن.

18) ماران هەڵدەگرن و ئەگەر چتێکی کوشەندە بخۆنەوە زەرەر بۆ وان ناگا. دەستان لەسەر نەخۆشان دادەنێن و ساغ دەبنەوە.»

19) دەنا لەپاش ئەوەی کە ڕەب یەسووع قسەی دەگەڵ ئەوان کردبوو بۆ ئاسمانێ هەڵکێشرا و لە لای ڕاستی خوڵای ڕۆنیشت.

20) بەڵا ئەوان وەدەر کەوتن و دە هەموو جێیەکیدا وەعزیان دەکرد و ڕەب کۆمەگی وانی دەکرد و کەلامی ئیسبات دەکرد و بەو نیشانانەی کە دەگەڵیان دەبوون.