کام بارەگایە، بەرزی لەگەڵ عەرش بەرامبەرە
از کتاب:
ڕۆحی مەولانا خالید
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
4 دقیقه
620 مشاهده
کام بارەگایە، بەرزی لەگەڵ عەرش بەرامبەرە
لەو نووری گومەزەوە هەموو عالەم مونەووەرە
ڕۆژ مۆرەی تاوڵەیێکە لە شەوقی قوببەی زەڕی
لای تەختە نەردی چەرخی چوارەم لە شەشدەرە
عەکسی «گوڵ ئاتەشینی» ئەو دەرکەوتووە بەوە
سەر بەردەکانی شوێنی خلیسکی سەمەندەرە
«نەعمان» خەجاڵەتە لە نموونەی خەوەرنەقی
کیسرا بە کەسری تاقی دڵیشی موکەسسەرە
بۆ خاکی ڕێ کە کەوشی میوان دابنێین بە ڕێز
دەرگانەکەی بە ڕێز سەفی خاقان و قەیسەرە
ئەم بارەگەیە جێ سیڕڕی سەرداری ئەولیا
یا «خوابگاە»ی نووری دوو دیدەی پێغەمبەرە
بگرە لە ڕۆژهەڵاتەوە تا خۆرنشین بە ڕیز
ئەم زاتە فەیزی بۆ سەر هەمووان بە سێبەرە
ڕەوزەی ڕەزایە ئێرە کە فورزەندی کازمە
تازە گوڵێکی گەش لە گوڵستانی جەعفەرە
سەروی سەهی لە گوڵشەنی سوڵتانی ئەنبیا
نۆباوەی حەدیقەی زەهرا و حەیدەرە
ناگاتە قافی قودرەتی سیمورغی عەقڵی کەس
کەی کەعبە شوێنی فڕین و فڕەی باڵی کۆترە
ئەم خاکە جیسمی پاکی ئەوی وا لە باوەشا
وا بۆی لواوە فەخری لەسەر چەرخی ئەخزەرە
سیڕڕێ لە «ئەهلی» باتینەوە ئاشکرا دەبێ
تێکڕا هەمووی لە سووچی دڵی پاکیا موزمەرە
ئەم شەوقی ڕۆژە نووری جەمالی ئەوە بەڵێ
وایە جەزا موافیقی ئیحسان موقەررەرە
هەرچی لە دوو جیهانە کە کەمەربەستەی ئەوە
لای نەنگە پێی بڵێین ئەمە شای حەوت کیشوەرە
حاجی، ئەچیتە کوێ؟ وەرەوە مەشهەدێ کەوا
ئەم شوێنە وەقفەیەکی وەکو حەجی ئەکبەرە
بێ زولمەت ئاوی «خضرشخص»ی لە دەرگا بخۆرەوە
گەنجێکی وایە حەسرەتی گیانی سکەندەرە
ئەی زائیرینە لێرە بە هێواشی پێ بنێن
فەرشی زەوی لە باڵی مەلەک پڕ لە شاپەڕە
کاکۆڵی بەستووە بە گەسک خادمی بەهەشت
غافڵ نییە هەمیشە لە ماڵینی ئەم دەرە
شاها، ستایشت بە زوبان و بە عەقڵی من
نابێژرێ ئەو سەنایە لە عەقڵم بڵندترە
بێت و گەدایەکی وەکوو من وەسفی تۆ بکا
وەک مشتوماڵی ئایینەی میهری ئەنوەرە
گیانە، بە شاهی مەسنەد «لولاكعربی» کە ناوی ئەو
بۆ سەر سەری نەبی «أولو العزمعربی» ئەفسەرە
ئینجا بە حەققی ئەو کەسە تەئریخی ڕۆژگار
بابی لە دەفتەری هونەری بابی خەیبەرە
ئینجا بە نووری عیسمەتی ئەو ناوە نامییە
قوفڵی زوبان و حیرەتی عەقڵی هونەروەرە
ئینجا بە سۆزی سینەی ژار چەشتووەکەی کەوا
ئێستاش بە شین و ماتەمی چاوی جیهان تەڕە
ئینجا بە خوێنی ناهەقی سوڵتانی کەربەلا
تەئریخی ئەم جیهانە بە خوێناوی ئەحمەرە
ئیتر بە هۆی ئەوەی کە لە بەحری مەناقیبی
ئینشایی بوفیراس لە تنۆکێکی کەمترە
ئیتر بە ڕوحی ئەقدەسی باقڕ کە ناو دڵی
خەزنەی خودایە پڕ لە دوڕڕی سیڕڕ و گەوهەرە
ئیتر بە حەققی موسای کازم کە ناوی ئەو
لای خووا لە ڕێزی مەردی پەسەندی سەبتی دەفتەرە
ئیتر بە نووری تەلعەتی تۆ کاتێ دەرکەوێ
میحرابی مانگی چواردە و شەمسی خاوەرە
ئیتر بە تەقیەی تەقی و پاکی نەقی
ئینجا بە عەسکەری کە هەموو جیسمی جەوهەرە
ئینجا بە عەدلی ئەو شەهە وا دادی حوکمی ئەو
بۆ بەرخی کۆرپە، گورگ بە جگەرسۆزی، مادەرە
ڕوحمێ بە خالیدتخلصت بکە وەک بیی کەناری ئاو
لەرزانی ترسی زەمزەمەی ڕۆژی مەحشەرە
تۆ پادشای دادگەری و ئەو گەدای هەژار
مەغڵوبی دێوی سەرکەش و نەفسی ستەمگەرە
تۆ سایەداری لوتف و ئەویش بە زاری عەفوو
دەستێکی بگرە و ڕایکێشە بفەرموو: کوڕە وەرە
نائەهلم و سزای ئەوەنیم ڕوو بکەیتە من
چاک و خراپ لە لای کەرەمی تۆ بەرامبەرە
پەیکێ بنێرە بۆ منی بێ خان و مان بە هیند
بۆ لای ئەوەی کە خاکی دەری میشکی ئەزفەرە
دێوی مەرید لە پێش نەزەری هەر موریدی ئەو
مێشوولەیەکە موعەڕڕەزی بایەکی سەرسەرە
سەرقافڵەی قەتاری تەریقی هیدایەتە
ئاگای لە سیڕڕی بەندەگی حەیی ئەکبەرە
ئاسوودە وەرە ڕەو بکە لە سەر مەنزلی بەقا
بۆ مەملەکەتی سەرووی حەرەمی قودسی ڕەهبەرە
چاوم لە چاوی پڕ فەنی ئەو، ڕەحمەتی ئەوێ
من موفلیسم نیگاهی ئەویش کیمیاگەرە
یاخود مسی شکستەم و هیوام هەیە بە ئەو
بمکا بە زێڕ کە مس بە نیگای ئەو هەمووی زەڕە