ئاوارەی هەڵەبجە

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 1 دقیقه  621 مشاهده
عەزیزان، ئەی عەزیزانی وڵات و شاری سووتاو
مەلانی زیز و تاراوی کەژ و گوڵزاری سووتاو
بە تاوانی چی ئەمڕۆ دیلی دەستی خوێنڕژانن
بە تاوانی چی قوربانی و قەڵاچوی گەل کوژانن
سەدەی مافی مرۆڤە و ئێوە هەر بێ لانە ماون
لە ترسی گیان لە ماڵ و لە ژیان بێگانە ماون
گەلی خێڵاتی بێ ڕەشماڵ و بێ مزڵ و هەواران
غەریب و بێ پەنا، مات و پەرۆشی مەرگی یاران
ئەگەرچی ئێستە وەیلان و پەڕیوەی هەندەرانن
شکاوی دەستی بێڕەحم و دڵی داگیرکەرانن
دەگا ڕۆژێک کە دوژمن داچزێنێ ئاگری گەش
بە تۆڵەی قەتل و قەررانی مناڵی پاک و بێبەش
ئەگەر بۆمبا لە شاری تۆ ببارێ چەشنی باران
ئەگەر هەوری سەمی خەردەل وشک کا لالەزاران
گڕی شۆڕش بلێسەی دێ لە ناخی هەستی یاران
دەسووتێنێ بناغەی تاج و تەختی نابەکاران
وڵاتم، ئەی وڵاتی چۆلەواری بێ بەهارم
وڵاتم، ئەی بەڵابارانی دەستی ڕۆژگارم
منی کۆچەر لە دووری تۆ، غەریب و لەش بەبارم
وڵاتم، ئەی بەهەشتی پڕ لە یاد و یادگارم