بە میوانی

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 3 دقیقه  351 مشاهده
چاکم لەبیرە ساڵێکی
ڕێم کەوتە گەورە ماڵێکی
بە میوانی لێی مامەوە
شەوێکی لێ گیرسامەوە
میوانێکی دیشی لێبوو
ئەمن نەمدەناسی کێ بوو
دەیانگوت: باجە کەژاڵە
کچی خوشکی خاوەن ماڵە
کیژۆڵێکی خوێندەوارە
تازە هاتووە خەڵکی شارە
کاتێک ڕوانیمە کیژی لاو
تۆزێک سەیرم هاتە بەر چاو
لەلای سەرەوەی خاڵی بوو
هەر دووک قۆڵی هەڵماڵیبوو
جل و بەرگی تەنگ لەبەری
تروسکەی ئاڵقەی گەوهەری
سەری دووقاش داهێنابوو
دەورەی برۆی ڕاهێنابوو
نینۆک درێژ و ڕەنگاوی
کل دەڕژا لە گۆشەی چاوی
ئەنگوستیلەی سەت گڕەمی
دەستی کرد بە قسەی قەڵەمی
بە زار و چاو و سەر و دەست
دمی لێک دەدا وەک مقەست
خێرا خێرا قسەی دەکرد
تۆپە بنێشتی دێنا و دەبرد
مێرسی، مەمنوون، مەمنوون
ئەحسەن، فەرموون، فەرموون
خولاسە شتی وای دەگوت
دڵمی دەخستە کوتە کوت
لەو وڵاتانی پێشکەوتوو
کیژانی ژیر و سەرکەوتوو
هەڵدەفڕن دەچنە فەزایە
ئێمەش هیچمان لە دەس نایە
فەرهەنگەکەمان لەدوایە
بۆیە گەلمان حاڵی وایە
ناهێڵن کچان بخوێنن
عیلم و زانست وەدەست بێنن
باوەڕ کەن نە زۆر و نە کەم
نۆبەم نەبوو قسێکی بکەم
کاتێک میوەیان بۆ هێناین
ڕێزیان گرتین، قەدریان لێناین
ئاوڕم دابۆوە سەر شانم
زەینم دابۆ باجە خانم
زەینم دابۆ قۆڵی ڕووتی
جووتێک عەینەک لەسەر لووتی
دەستی کردبوو بە قسەی پووتی
تێری نەخوارد بە دوو شووتی
گوتم: ئەرێ باجە خانم
پۆلی چەندوومی نازانم
گوتی: سیکلم وەرگرتووە
ئەمما دەستم هەڵگرتووە
قسەی تەواو نەبوو هێشتا
پێکەنینم ڕانەوەستا
ئەگەر ئاوای تێگەیشتم
هەستام بە پەلە ڕۆیشتم
بەو کیژۆڵە ڕۆشەنبیرە
بەو قوتابییە ئازا و ژیرە
هین پێکەنیم لە حەسارێ
فرمێسکم دەهاتە خوارێ
بەڵێ دۆستانی دێرینم
هاواڵانی خوێنشیرینم
زۆر تازەلاوی کچ و کوڕ
شۆخ و لە عیشق و کەللە پڕ
هەر کە کەوتنە نێو مەجلیسان
دەست پێ دەکەن بە حەدیسان
پێیان خۆشە، خۆ بنوێنن
خەڵک بزانێ دەخوێنن
دەیکەنە بازاڕی خۆیان
شیرت بۆ دەگرن بە گوێیان
بەڵام ڕۆژی تاقیکاری
دێنە پاڕانەوە و زاری
سەتی وەک باجە کەژاڵێ
بۆ نومرەی دەکەونە سواڵێ
یەکێک نیو نومرەیان داتێ
دەنا موعەددیل ناگاتێ
خوشک و برای خوێندەوارم
تازەلاوی دێ و شارم
کە پێت خۆشە لە هەندەران
ڕێزت بگرن وەک سەروەران
بێدەنگ بە هەتا دەتدوێنن
بۆخۆیان وە دەنگت دێنن
بە زمان مەیەشێنە دڵێ
کەمی بڵێ و پوختی بڵێ
دەنا وەک باجە کەژاڵێ
ناسرتخلص چی چاکت پێ ناڵێ