شاهکارە پێکەنین

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 2 دقیقه  817 مشاهده
بە سەخڵەتی زستانەوە مەحاڵە گوڵ چنین
بە نەگبەتی خەزانەوە خەیاڵە بەی ڕنین
بە دەم خەوی گرانەوە بە دوورە ڕاپەرین
بە کۆتی مل و شانەوە گرانە ڕاچەنین
بە مەینەتی ژیانەوە شاهکارە پێکەنین
ڕۆژێک خەیاڵی نانمە رۆژێک خەمی پەلاس
ڕۆژێک خەمی رەفیقمە، ڕۆژێک خەمی شناس
باری دڵی کڵۆڵمە خەراپ و خاس
وا کاری ئەو جیهانە منی کردوە گێژ و خاس
پێم وا بەو خەمانەوە شاهکارە پێکەنین
ڕۆیی تەمەن بە حەسرەتی نانێکی بێ منەت
مووی ڕەش نەما بە هومێدی ژینێکی بێ خەفەت
بۆی دەمرم و دەژیمەوە ڕۆژێ دەیان کەڕەت
ڕووحم مەلێکی ماندوو لاشەم سڕوشەکەت
بە ڕەنجی ئەو زەمانەوە شاهکارە پێکەنین
لە داخی چەرخی پڕ جەفا دەروونم ئاگرە
کە دەولەتی خەفەت هەموو بە نێوی ناسرتخلصە
ئەو بیر و هۆشی من هەمە هەر نەمبێ چاترە
لە حازرغایبی خەمان فرمێسکم حازرە
بە قوڵپەی گریانەوە شاهکارە پێکەنین
لە لایە بەزمی شاییە بۆ لاوی نیشتمان  
لە لایە بومەلەرزەیە و لە لایە بوردومان 
لە لایە هێرشی ئاوە و لە لایە قاتی نان 
لەنێو بزە و گرینەوە کەوتوومەتە گومان 
بە دوودڵی و گومانەوە شاهکارە پێکەنین
لاویم لە ئاگری عیشقا توایەوە
جەرگم لە شیدەتی ئاخی گەرم توڵایەوە
بەژنم بە باری ئەزیەتی دەوران چەمایەوە
مزگێنی هەر بینا دڵە مردی و حەسایەوە
 هەر چەند بە دەرد و ژانەوە شاهکارە پێکەنین
شادییێکی نەغدە، خونچەی بێ خارە پێکەنین