ڕازی شەو
از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
1 دقیقه
703 مشاهده
شەوە ئەستێرە دەدرەوشێن لە ئاسۆ
زەوی تارای ڕەشی کێشایە سەر خۆ
گەلێ دەستی نەهێنی شەو لە کارن
لەژێر تارای شەوان و نادیارن
لە لایەک خەتم و سەجدەی پیری دڵپاک
لە لایەک نەعرەتەی مەستانی بێباک
لە لایەک سرت و خورتی جووتە دڵدار
لە کۆڵان و کەلێن و دەرک و دیوار
لە لایەک فیتەفیتی لاوی جێژوان
لە لایەکی تروسکەی ئاگری شوان
لە لایەک ناڵەناڵی پیرە بلوێر
لە داوێنی کەژ و کوێستانی زەنوێر
لە لایەک نووزە نووزی تفلی ساوا
لە لایەکی کەژاوەی بووک و زاوا
لە لایەک تاقمی سەر ڕێ و بانان
خەریکی ڕاو و ڕووتی کاروانان
شەوە دونیا بە هیوای ڕۆژی ڕووناک
لە قاو نادا مەبەستی پاک و ناپاک
بەحەق و ناڕەوا زۆرن لە شەودا
نەبەز بێدارن و غافڵ دە خەودا