کانی

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 1 دقیقه  486 مشاهده
هەر کاتێ دەکەومە بیری ئاواتی ڕۆژانی جوانی
بۆ ساڕێژی زامەکانم بە تەنیا دێمە سەر کانی
زووخاوی دڵ هەڵدەڕێژم بۆ وردە شەپۆلەکانی
ئەو بەستەیەی بۆ دەخوێنم بە لاوک یا بە گۆرانی:
کانی، کانی
تۆ جێژوانی پەرێکانی
تۆ ئاوێنەی ئاسمانی،
خوێنی جەرگی چیا سەخت و بەرزەکانی
خۆزگە ئەوەی من دەیزانم، تۆش بیزانی.
کانی، کانی
تۆ ئەسرینی هەورەکانی.
دەزانی بۆ خۆشم دەوێی؟
شاعیرکوژێک وەک تۆ دەچێ چاوەکانی
دەزانی بۆ زۆر دێمە لات؟
چون لەلای تۆ بەجێ ماون جێ پێکانی.
کانی، کانی
تۆ شاهیدی پشکووتنی ئەوینێکی ئاسمانی
قاتڵی من لە تۆیدا شووشت پەنجەکانی
خوێنی دڵم تکاوە نێو ئاوی کانی
بەدم بزەی ئەوینەوە دەمردم و نەمدەزانی.