بووکەبارانە

از کتاب:
کەژاوەی دڵ
اثر:
ناصر آقابرا (1968-2020)
 2 دقیقه  346 مشاهده
ئێمە خەڵکی قاقڕاواین
قاقڕاوا مەڵبەندێکە کە خەڵکەکەی بە تاسەی ئاوی بارانن
کوڕ و کچ و پیر و لاوی بە ڕۆژ و شەو قەڕاوڵی ئاسمانن
دڵیان خۆشە بەو هەورانەی لە ئاسمان تێک دەخوڕن
دەستیان لە هەر کارێک دابێ، چاویان لە ئاسمان دەبڕن
قاقڕاوا مەڵبەندێکە
کوڕەکانی بە هەڵبەست و بە نەی و تار
کچەکانی بە باللۆرە و بە نارەنار
هەموو دەڵێن شەماڵ وەرە
شەماڵ وەرە لە کوێستانان هەور بێنە
لەسەر زەوی و زاری وشکی قاقڕاوا ببارێنە
کوڕ و کچان بە دەزگیران بگەیەنە
قاقڕاوا مەڵبەندێکە
کە خەڵکەکەی هەموو شەوا
بە خەونان بەختەوەر دەبن هەتا بەیان
خەو دەبینن بە بەرهەم و بێستانەوە
بە چۆم و شیناوەرد و دارستانەوە
لەوان وایە کە خاوەنی بەهەشتێکی بەرین دەبن
لە چۆماندا سواری لوتکەی دارین دەبن
چاوەڕێی داهاتوویەکی شیرین دەبن
بەڵام شاعیری ئاوایی
بە دەرکەوتنی شەبەق و ڕووناکایی
ئاگای لێیە منداڵەکان
هەر کام لەسەر شانی خۆیان داوەڵێکیان چەقاندووە
ئاڵەبووکی سوور و شینیان لە داوەڵان ئاڵاندووە
بەپێی پەتی بەدووی یەکا ڕێچکە دەکەن
خۆیان بە ماڵان دادەکەن
هەموو بە کۆڕ سروود دەڵێن، هەرا دەکەن
بووکەباران ئاوی دەوێ
ئاوی نێو دەغڵانی دەوێ
هێلکەی باڕۆکانی دەوێ
ئەسرینی بووکانی دەوێ
ئەوەی کە بارانەی نەوێ
قەتی نەبێ نانی شەوێ