زەنگی کاروانی ئەجەل

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 1 دقیقه  410 مشاهده
مودەتێکە هەر دەناڵم بۆ گوڵی باخی ئیرەم
بۆ شەمامەی باخەڵ و زوڵفی ڕەش و شەکراوی دەم
سازی کرد بارگەوبنە، ئامادەیە گوڵ بۆ سەفەر
ئاوری سینەم لە جۆشە، چاو بە گریە و دڵ بە خەم
زەنگی کاروانی ئەجەل زۆر خۆشترە لەو حاڵەتە
ئەی خودا چیم لێ دەکا ئەو دڵبەری ڕەعناقەدەم
بەو دوو چاوی پڕ لە ناز و بەو دڵەی پڕ عیشقی تۆ
بەو دوو ئەبرۆی وەک هیلال و، بەو گوڵی کوڵمەت قەسەم
بەو موژەی وەک نەشتەر و، بەو ڕوومەتی بێگەردی تۆ
بەو دوو لیمۆی نەوڕەس و، بەو زاری وەک خونچەت قەسەم
بەو قەدی سەروی ڕەوان و، بەو پەچەی داوداوی تۆ
بەو دوو پەنجەی وەک بلوور و، بەو دوو زوڵفانەت قەسەم
تا نەڕۆمە نێو لەحەد، تەڵقین و تەکفینم نەکەن
مەیلی ئەو دوو چاوی بازت، قەت لە دڵدا دەر نەکەم
شەرتە تا ڕۆژی حەشر، قیبلەی نیازم هەر ئەتۆی
هەر ئەتۆی ئاواتی دڵ ئەی لالەڕوو من تا کوو هەم
پێیگوتم: «فاتیحیتخلص» ماچێ کافییە چیت لێم دەوێ؟
خۆ دەزانم گەر ئەتۆ پەروانەی و، من بوومە شەم