بە گۆشەی چاوەکەت
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
2 دقیقه
514 مشاهده
خوداوەندا چییە ئەو دڵبەرەی من، هێندە بێ باکە
چ بێ ڕوحمە، چ غەددارە، چ دڵڕەق، چەندە سەففاکە
یەدی بەیزای هەیە، ئیعجازی موسا، ئەو گوڵئەندامە
جەمالی یوسفە حوسنی، دوو زوڵفی ماری زوححاکە
گوتم: ئەی نازەنین بێ لوتفی تا کەی بۆچی وات کرد لێم؟
گوتی: چت دیوە ئەی عاشق، سەری خۆت هەڵگرە ڕاکە
گوتم: نازانی گەر من چیم دەوێ لەو لێوی شیرینت
گوتی: هەر ماچە دەرمانت، لە گۆنای من تەمەنناکە
گوتم: دەردی دڵی زارم بە لوقمان کوا دەوا دەکرێ؟
گوتی: ئاسانە دەرمانت، شەڕابی گەردنم چاکە
خەت و خاڵ و برۆ و زوڵفت، هەڕاجیان کر دڵ و دینم
ئەگەر یاری وەفاداری، بە ئەو گریانە بڕوا کە
بە گۆشەی چاوەکەت جەرگم هەموو لەتلەت بووە قوربان
وەرە حاڵم ببینە و تێر لە ئەوزاعم تەماشا کە
لەبەر گریان و شین چاوم نەماوە، نووری چاوانم
خەیاڵی کۆچی تۆ بۆ دڵ، بەڵایە و زۆر خەتەرناکە
لە گۆشەی حوجرەدا دڵتەنگ و مەحزوون و پەرێشانم
دەسا ڕوحمێ بکە قوربان، برینی دڵ موداوا کە
بە زوڵف و پەرچەمی داوداو و ئاڵۆزت، مەکە قەتڵم
فیدای ئەبرۆی کەمانت بم، لەگەڵ مندا مەدارا کە
بزانە «فاتیحیتخلص» یەکسەر سەر و ماڵی لە ڕێت دانا
خودا دەیزانێ دڵ بۆ تۆ وەکوو ئاوێنە ڕووناکە