زولفی چین چینی

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 1 دقیقه  516 مشاهده
ئەو خەرامانە خەریکە دین و دڵ یەغما دەکا
بەو دوو چاوی پڕ لە نازی فیتنەیەک بەرپا دەکا
زولفی چین چینی، لەگەڵ دوو لێوی ئاڵ و چاوی کاڵ
عابیدی شێخ و موریدی خانەقا شەیدا دەکا
مەنعی من بۆچی دەکەن ئەی سۆفییانی بێ خەبەر
سۆفی خۆی ئامادەیە، بۆو شۆخە خۆی ڕیسوا دەکا
گەر لەسەر ڕوو لابدا، ئەگریجە و دەسماڵی سوور
هەر وەکوو عیسا بە موعجیز، عالەمێ ئیحیا دەکا
ماری زوڵفی حەلقە حەلقە خستەپێش بۆ کوشتنم
هەر وەکوو زوححاکە بۆیە کاری وا بێ جا دەکا
«فاتیحیتخلص» یارت لەگەڵ تۆ، بێ وەفایی خوی نواند
ئەو غەزالی گوڵشەنە، کەی ئارەزووی سەحرا دەکا؟!