بە خەندەی لێوەکەی
از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
1 دقیقه
399 مشاهده
لە دەوری سێوی کوڵمی، زوڵفی چین چین
بە حەلقە و تێکەڵاون، بوون بە پەرژین
نییە ڕێم تا تەوافی خاڵی ڕووی کەم
بە ناچاری، دەڕێژێ دیدە ئەسرین
تەماشا کەن، چ زوڵمێکی لە من کرد
دەس و پەنجەی بە خوێنی دڵ خەناوین
بە غەمزەی چاوەکەی سەرخۆش و مەستم
بە خەندەی لێوەکەی، دامنا دڵ و دین
سەرەنجامی ئەوینی من لەگەڵ یار
دەزانم، هەر دەبێتە گریە و شین
لە بەختی شوومی خۆم من وا دەزانم
هەتا ماوم بەشم هەر بۆتە ناڵین
وەکوو منداڵی ساوا بمخە باوەش
بە دەم بگرم شەمامەی کاڵ و ڕەنگین
نەبات و نوقڵی لێوت هەڵمژم تێر
کە هەر ماچێ شەڕابە و شەکر و هەنگوین
گوتی خۆ «فاتیحیتخلص» عەشقت لەگەڵ من
دەبێتە مەسئەلەی فەرهاد و شیرین