مەرهەمی زامی دەروون

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 1 دقیقه  284 مشاهده
دڵبەری خۆش مەنزەری ڕووماهی تابانم نەهات
شۆخ و شەنگی نەونەمامی سەروی بوستانم نەهات
ئەو بەهار و پایز و هاوین و زستانەش خەلاس
چاوەڕێ بووم، یارەکەی کاکۆڵ پەرێشانم نەهات
بەختی بێچارەی ڕەشم نەیکرد و چارەی دڵ نەبوو
پیری ئیڕشاد و ڕەفیقی کۆڕی ڕەندانم نەهات
ئەو هەموو دەرد و جەفا و ئازارە من چەشتم، ئەبەد
یاری غەمخۆر و هەواڵی کونجی زیندانم نەهات
جەرگ و دڵ سووتاون و، چاو ئاوی سوێری لێ بڕا
ئەو تەبیبە دڵڕەقەی بێ عەهد و پەیمانم نەهات
پیرم و مزگەوتە جێگەم، سەد گوناهـ و تۆبەیەک
بۆ تەداوی دەردەداریم شاهی خوبانم نەهات
بازی تیژباڵی تەریقەت، مەرهەمی زامی دەروون
نازەنینی دڵڕفێن، خونچەی بەهارانم نەهات
«فاتیحیتخلص» تەنیا بەجێماوی لە لاجان، بۆ خەمان
ئەی درێغ! بۆ هاودەمی دەورانی جارانم نەهات