گەزۆ باری

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  489 مشاهده
گوڵی ژینت لەبن هێنام بە نازێک یاری نەوڕەستە
گوتم بۆ خاتری جوانیت بەسە تاوێکی ڕاوەستە
لەژێر پەردەی حەیا و عیسمەت، دوو لێوی وەک گوڵێ پشکووت
گوتی مەیدانی عیشقی من، کە لێی دەرناچی لێی هەستە
بە قوربانی قەد و باڵات، سەر و ماڵ و ڕەز و باخت
بە تاڵانی مەبە ڕوح و شعوور و بیری ئەم هەستە
لەبەر عەتر و بخووری چینی زوڵفت مات و حەیرانم
سەبا جار جارە دەیهێنێ، بە سۆزەی نەرم و ئاهیستە
شەڵاڵی خوێن و زووخاوم، بە تیر و خەنجەری ئەبرۆت
لە جێدا کەوتووم، زار و زەلیل و عاجز و خەستە
بەهای ماچێکی لێوت زۆر گرانە، زەحمەتە بۆ من
مەتاع و زێڕ و زیوی من لە دنیا شیعر و هەڵبەستە
لە ئاهی دڵ ئەتۆ بۆچی حەزەر ناکەی گوڵی نەوڕەس؟
برینی دڵ دەوای نایە، بەبێ هەتوانی ئەو دەستە
گەزۆ باری لە دوو لێوت، سەراسەر شەکر و هەنگوینی
وەکوو هەنگ و مەگەس پابەندی شەهدی تۆمە پەلبەستە
تەنافی زولفەکانت خستە مل، بۆ کوشتنی عاشق
چ فایدە شین و گریانم لەلای ئەو زاڵمە مەستە
تەوافی بەردی ڕەش بۆ حاجیان مەعلوم و مەشهوورە
لە دانەی خاڵی ڕووی مەنعم دەکا ئەو تورکە چاو مەستە
بە سەد ناز و عەتەب تیری لە جەرگی دام و بۆی دەرچوو
هەموو ڕەفتار و کرداری، درۆ و تەزویر و ئەنقەستە
پەرێشانحاڵ و ئاشوفتەم، نییە دەرمانێ بۆ دەردم
مەگەر یارم لە بۆم بێنێ شەڕابی کۆنی سەربەستە
لە دنیا هەر کەسێ هاوڕاز و غەمخواری خەمانت بێ
بە تەنیا «فاتیحیتخلص» هەر ئەو ڕەفیق و دۆست و گشت کەستە