بەهار

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 2 دقیقه  456 مشاهده
بەهارە، گوڵشەنە ئەو دەشت و شیوە
خڕ و دۆڵ پڕ لە ئاوە، گشت جمیوە
زەوی پۆشیویەتی بەرگی بەهاری
وەنەوشە کەوتە سوژدە، بۆی چەمیوە
«کەما» و «مەندۆک» و «بیزا» بوونە پێشڕەو
«کوڕادە» و «کارگ» و «ڕێواس»ت نەدیوە؟
لە هۆهۆی شوان و قاسپەی کەو لە شاخی
دەڵێی بووکیان بە شەو بۆ دابەزیوە
«شلێر» و «شەشپەڕ» و «بەیبوون» و «نەرگس»
ئە لەو قەدپاڵە یەک یەک بۆی چەقیوە
تەماشای ئاوی سەرچاوەی «شنۆزەنگ»
بە گرموهۆڕی هەوران چۆن تەقیوە
لە باخان بولبولە دەخوێنێ مەحزوون
لەسەر گوڵ مەستە، ئەندامی تەزیوە
«هەڵاڵە» بەو هەموو ناز و کریشمەی
ئە لەو «چێنکانە» تەنیایە و هەتیوە
دەڵێی «خەشخاش» و «مێلاقە» و «گەزیزە»ن
هەمەڕەنگ و لەبارە ئەو چەتیوە
لەبەر باز و شەهێنی چوست و تەڕلان
ئەوا «سێروو» لەبن سوانان خزیوە
ڕەتاندوویە بەفر، سەرما و سۆڵە
شەماڵ هات بەفری کوێستانان بەزیوە
بە باران بەفری زستان کەوتە لەرزین
لەلا نواڵان گژوگیا دەرپەڕیوە
لە خۆشی هاتنی نەورۆزە، کوڕگەل
بەپێخواسی دەڕۆن بۆو لاپەسیوە
لە «قەندیل» و «گەدە» و «هەوشین» و «نێرخاس»
لە بن هەر بەردێ کانی هەڵقوڵیوە
لە «تاس قۆتەڵ» بڕۆ تا «جندەواری»
دەڵێی مافوورەیە و گوڵیان چنیوە
کەو و، داوی بەدەستە «کاکی زوودی»
لە «هەڵوێ» بۆی لەبن سیپان خزیوە
کەوی ڕاوکەر لە شاخان خۆشە قاسپەی
قەرار ناگرێ لە جێیەک عەینی جیوە
«هەروونە» و «کانی سێ» «گامۆڵ» و «گەولە»
هەمووی خاڵ خاڵە بەفری لێ تەریوە
تەماشای سەنعەتی باری تەعالا
بە باران دەشت و سەحرا چۆن زەلیوە
لەبۆ هەرکوێ دەچی هەر کیژ و لاون
بە جووتە چوونە سەیران بێ سریوە
وەرە بولبول فیدات بم کاتی گەشتە
لەسەر گوڵ بۆم بڵێ تۆ لەو نەدیوە
چ خۆشە بەزمی لاوان کاتی سەیران
لەسەر ئەو چۆم و ئاوە بێ قریوە
سەدای قاز و قورینگە و پیرە شاهۆ
بەرەو کوێستان هەزار دۆڵیان بڕیوە
ئەوەی دەرمانی دەردە بەو بەهارە
«کوڕادە» و «پنگ» و «کەنگر» و «دۆکوڵیوە»
بە «کوکی» خۆشە سەیرانی دەر و دەشت
بەشی تۆش «فاتیحیتخلص» هێلکەی کوڵیوە