نەورۆز

از کتاب:
کڵپەی دەروون
اثر:
ملا عبدالرحمانی فاتحی (1930-2002)
 1 دقیقه  597 مشاهده
بەهارە، دەشت و سەحرا شین دەچێ ئەوڕۆکە نەورۆزە
هەرایە، شادییە، بەزمە، نەوایە، دەنگی دڵسۆزە
چەمەن ڕازاوە چەشنی بووک، درەختان سەوز و سەربەرزن
لە شاخان قاسپەقاسپی کەو لەسەر گوڵ بولبولی قۆزە
تەماشای بولبول و قومری دەخوێنن لەو دەر و دەشتە
موبارەک ساڵی «حەفتا و شەش» ئەلەو قەوم و گەل و هۆزە
لە لادۆڵ و خڕ و شیوان، فیتەی شوانە و بەعەی مێگەل
کچی نازدار و نەشمیل پەرچەمی شێوا و ئاڵۆزە
لە مێرگ و چیمەن و باخان، دەخوێنێ بولبولی شەیدا
وەنەوشە پێکەنی، کردی، لە یاران جەژنە پیرۆزە
بە پێشوازی بەهار هاتن، چنار و عەرعەر و شمشاد
«شلێرە» و «شەشپەڕ» و «شەوبۆ»، «گەزیزە» و گوڵ، کە نەورۆزە
کەو و «داڵ» هاتنەوە کوێستان، هەواریان «لەند» و «سامڕەند»ە
چ ڕەنگینە، چ نەخشینە، وڵات، چەند بەرز و پیرۆزە
خڕۆشی باز و شاهێن و، جریوەی مەل لە سەر داران
بە چەشنی ساز و سەنتوورە، ئەوەند دڵگیر و پڕسۆزە