دەربارییەکی تر بۆ ئینگلیز
از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
2 دقیقه
393 مشاهده
موسڵمانان چ قەوماوە؟ چییە ئەم شۆڕ و غەوغایە
چ ئاشوبێکە بەرپا بوو، کە ئیسلام لێک تەوەللایە
چییە ئەم هات و هاوار و نیفاقی بەینی ئیسلامە
عبادەتخانە وێرانن، بە جارێ سۆفی گومڕایە
چ ڕەستاخیزە وا ئێستا لە عالەمدا نومایانە
دەبێ چی بێ کەوا سۆفی لە شێخیشیان تەبەڕڕایە
خەلیفەی سۆفییان بۆچی دەڵێن: «لورانس» مەلعوونە
لەبەر چی شێخ کەریم ڕازی بووە، بەم حاڵە بیجایە
لە وەرتەی حیرەتا سەرگەشتە و ئاسیمەسەر ماوم
کەوا ئەم قەومە بێ مەغزە، بە جارێ شێت و شەیدایە
تەریقەت چۆن لە کافر وەردەگیرێ، سۆفیی نامەرد
دەبیتە بانیانی و سیک بە ئەو بەرگی لەبەرتایە
ئەسەف بۆ ئەم تەریقەی نەقشییە کەوتۆتە نێو زوڵمات
قیامی کافرستانە، شەریعەت وا لە کوفرایە
عەجەب هەنگامەیێکی سەختە، ڕوویداوە لە دنیادا
خەتی ڕەسمی سەعادەت گوم بووە عالەم کوفر خوایە
دەخیل باوەڕ بە قەولی کافری مەلعوون مەکەن حەیفە
سەگە، دین دوشمنە، کەززابە، ڕیسوای هەر دوو دنیایە
چ فکرێکی بەتاڵ و فاسدە، ئەم قەومە کردوویە
هەموو موڕتەد لە دین بوون و لە نێو قەهر و غەزەبدایە
گەلێکم حەسرەت و داغە، کەوا دۆست و برای دینی
بە ناحەق فکریان گۆڕیوە، ڕشتەی دین بەرهەڵدایە
بە هەر نەوعێ خەیاڵێ لێ دەکەم، سەرسام و حەیرانم
چ بوو چۆن ئەم بەڵا باری و غەزەب لەم دوون و ئەعلایە
سەحیفەی خاترم بێ نەقشە، تاقەتم حەک بوو
کەوا ئەم قەومی ئیسلامە، لە دین بێ خەتت و ئینشایە
نیشانەی ئاخرەت دەرکەوت، نەما جیلوەی شەریعەتمان
بە ئیمان مردنم پێ خۆشترە، لەم عەیش و سەودایە
دەڵێی چی «خاڵە میرزاتخلص»، ڕۆژی خۆی تەقسیمی وا کردوون
بڕۆ تۆ شوکری «مەولا» کە ئەوە سەتتار و یەکتایە