باری ناهەمواری نیشتمان

از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
 2 دقیقه  523 مشاهده
لە دەس وەزعی زەمان یاران، دڵم ئاسیمەسەر ماوە
لە کرداری کەچی گەردوون، فەلەک حەیران و شێواوە
چ ئەحواڵە خوداوەندا، کەوا عالەم بە یەکبارە
لە یەکتر دوژمنی خوێنین، دڵی ئیسلامی گۆڕاوە
بە قەولی فاسیدی عالەم، تەبەدول بوو دڵی خوێشی
نەما مەیل و موحیببەت، ڕوشتەیی نامووسی شۆراوە
ئەسەف بۆ میللەتی کوردی کە غیرەت حاسڵی کوردە
لە جێی نامووس و غیرەتیان، هەموو سووئی ئەمەل ماوە
دەڵێن: ڕوکنی شەریعەت ڕەسمە بۆ ئەم میللەتی کوردە
کەچی ئێستاکە بۆ جیڤە نە کورد ماوە، نە دین ماوە
چ خاکێ کەم بەسەر، یا ڕەب، بڵێم چی؟ چۆن خەڵاسیم بێ؟
لە دەس ئەم قەومە بێ مەغزە، نەمێنم من لەمەولاوە
درێغ بۆ حاڵەتی کوردی کە بۆتە مەبحەسی هەر کەس
کە فەرقی نیک و بەد ناکا لە بێ ئەقدامی وەستاوە
سوباتی بۆ نییە ڕۆژێ، لەسەر قەول و قەراری خۆی
لەبەر بوخل و حەسادەت، کوێر بووە زیهنی پەشۆکاوە
عەجەم بازە گرۆهێکی و کەمێکی ماوە دڵسۆزە
بە موڵک و میللەتی کوردی چ کارێکە، کە قەوماوە
گەهێ تەعقیب و ئیستقبالی تورک و گاهێ ئینگرێزە
چ فکری میللەتی ناکا، چلۆن داوێکە تەنراوە
وەرن بەشقی خودا فکرێ لە حاڵی کوردەواری کەن
بە جەمعییەت، بە یەکڕەنگی ئەگەر سەرڕشتەیی ماوە
کە بەڵکوو موڵک و میللەت جوزئیی تەئمینی حاسڵ بێ
هەتا لەم وەزعە دەورانە، هەتا ئەم داوە نەپساوە
بە قەولی بێ نەواییم کەن، ئەگەر حەددی جەسارەتمە
فیدایی قەوم و میللەت بێ، «غەفوورتخلص» لەم ژینە تۆراوە