تەوسیفی تەشریفهێنانی مەلیک بۆ سلێمانی
از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
3 دقیقه
576 مشاهده
بەشارەت بێ بیحەمدیللا، لە نۆوە، جەژنە سەیرانە
لە سایەی جەددی کاک ئەحمەد، جیهان یەکسەر چراخانە
نەما دەوری سیاسەت کافرستان مەحوە، یەکبارە
بە تەوفیقی خودا ئەووەڵ، دووەم مەحموود حوکمڕانە
چرای دین هەڵکرا، ئەحیا بوو ئیسلام سەربەسەر میللەت
هەموو وەک خونچە گوڵ، پشکووتووە، شادان و خەندانە
لە خۆشناوا، لە زێبارا، لە کوردی ئەو بەری بادین
لە هەورامان و گوڵ عونبەر، کە بەر فرمانی جافانە
بەرەو خوار تاکوو دەوری خانەقین و لای جوانڕۆیی
لە کۆنە چەکمەڕەق یەکسەر، هەتا خانی دەرەویانە
لە ناویاندا ڕەئیس و میر و ئاغا و بەگ هەبوون لاری
لە موڵک و میللەتی خۆیان، کە لاباریی سلووکیانە
لە ڕێی ئینگلیزی کافردا، لەگەڵ ڕۆم و عەجەم جەم بوون
نە دنیایان بەدەس هێنا، نە عوقبا یان لە هەمبانە
کەسانی تالیبی جیڤە و تەماعی ماڵی دونیا بوون
خەجاڵەت بار و مەحجووبن، لە کردەی خۆی پەشیمانە
بە شەرعی مستەفا نابێ، کەسێ باغیز بە ئەحمەد بێ
بە هیچ دینێ ڕەوا نابێ، عەدوو بێ بەو حەفیدانە
لە سلکی کوردەواریدا، لە موڵک و میللەتی ئیسلام
لە کوێ پەیدا دەبێ شێرێ وەکوو ئەو مەردی مەیدانە
بە ئەحکام و عەدالەت، زوبدەیی ئەولادی حەیدەر بن؟
دەبێ چۆن تابیعی ئەمری نەبێ؟ ئەو دوو برایانە
سەرم قوربانی فیکر و هیممەتی نەسلی هەماوەندە
کەریم بەگ خوی نەکرد، تابیع، بە ئەو بێ چاو و ڕوویانە
لە کۆیەمکانش مەردی مەیدان، وەک ڕەسوول ئاغای کەریم ئاغا
بە سەربەرزی لە ئەربابی حەمییەتدا نومایانە
بە حەق ئەهلی سلێمانییش وەکوو بەبری بەیان دۆستان
لە پشت پاشایی خۆیان و لە ڕووی ئەو سیک و بانیانە
بەڵێ بێکەس نییە ئەم قەومە، ئیمڕۆ شاهـ و سەرداری
مەلیک مەحموودە، سامان و سەر و جانیشی قوربانە
پڵنگ ئاسا، عەشائیر سەفدڕی هێزی عەدوو بوون گەر؛
«سەگی بازود»ش زیانی خۆی ئەبێ چون، قەولی پێشانە
نەبۆتە تابیعی فیکری گەڵی عەشرەت، وەکوو کێ بێ
جەنابی کاکەسوور، ئەمڕۆ ڕەئیسی جوملە پیرانە
بە دووڕوویی گەلێ وەزعییەتی گۆڕیوە ئێستاکە
دەڵێ: «من تابعی شێخم»، مەعازەڵڵا، کە بوختانە
بە حەققی سوورەیی تاها و یاسین، ئایەتی تەورات
درۆیە، شەیتەنەتکاری دەکا وەک پەرمەسۆن وانە
بە گوێی خۆم من لە نوتقی ئەو سەماعم کردووە دەیوت
خەیاڵی خاوە شێخ، بتوێن مەقامی شێری مەردانە
چ حەددێکی هەیە کەس بێتە سەر ئۆردووی ئینگلیز
ئەگەر کافر ببم دەیکەم، شەڕێکی پەهلەوانانە
خەجاڵەت بێ ئەوانەی فیکری فاسیدیان لەگەڵ شێخە
جیهان تا سەر نییە بۆ کەس، سییەهـ ڕوو بێ، ئەوی وانە
ئەگەر بێتوو هەموو یەک بن، مەڵێ تەختی سلێمانی
بڵێ میرزاتخلص مەلیک مەحموود لەسەر تەختی سولەیمانە