لە پێشوازیی شێخ مەحمووددا بۆ سلێمانی

از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
 2 دقیقه  563 مشاهده
بیحەمدیللا لە نۆوە موڵکی کوردستان چ ڕزوانە
بە تەشریفی جەنابی حەزرەتی ئەو دوو حەفیدانە
بەشارەت بێ جیهان یەکسەر موزەیین بوو بە تەشریفی
جەنابی زاتی شێخ مەحموود لەسەر میللەت حوکمڕانە
شوکر دینی موبین ئەحیا بوو عالەم کەوتە ئاسایش
نەما عجز و کەدوورەت، موڵک و میللەت ئەمن و ئامانە
لە سایەی ڕەوزەیی پاکی جەنابی زاتی کاک ئەحمەد
عیراق ئەمڕۆ بە فەیزی ئەو سەراسەر وەک چراخانە
ئەلا ئەی مونکیرانی ئال و بەیتی موستەفا نابێ
کە خۆفێکی خوداتان بێ، حجابێ لەم زەواتانە
سولالەی ئەحمەدی شێخ دوو حەفید بوون بۆ ئومووری دین
ئەوانیشیان بە کافردا، نەتانهێشت لەم وڵاتانە
دەبوو هیچ کەس نەمایە، میللەتی ئیسلام لە ماتەمدا
لە پاش ئەو دوو عەرەب سوارە و جەنابی ئەو حەبیبانە
دەبوو خاکی هەموو عالەم بەسەردا کا سلێمانی
نەژادی تاهری ئەحمەد، غەریبی عارەبستانە
تەماع و جیڤەیی دنیای دەنی، ئەهەمیەتی چی بێ
کەوا شێخ و مەلا و سۆفی خەریکی فیعلی شەیتانە
نەما شۆری محەببەت قەوم و خوێشی؛ کەی لەگەڵ کەسدا
وەفا یەکسەر گرفتارە و ئەسیری چاهی کەنعانە
لەبەر سووئی ئەمەل حەیفە کەسێ لەم وەزعە ڕوو لادا
وەرن ئێوەش ئتاعەت کەن، بە ئەمری ئەو حەبیبانە
دەمێ «عەونی» کە دەینووسی، نەما قوربان و قوربانی
مقالاتی دەدا، کوێر هەر بە ئومێد نووری چاوانە
کە نەیزانی «بیحەمدیللا» خودا ئەولادی شێری خۆی
تەلەف ناکات و نافەوتێ چرای ئەم ئەهلی کوردانە
بەڵێ، شەرعەن دەبێت موئمین لە ئاسیب و بەڵادا بێ
ئەزەل تەقسیمی حەق وایە، ئیرادەی حەیی سوبحانە
برای دینی تەمەننا کەن لە قاپی حەزرەتی باری
بیحەمدیللاهو وەلمیننە نەما ئەو زوڵم و نسیانە
خودا کوێری دەکا هەر کەس عەدووی ئەولادی ئەحمەد بێ
لەبەر بوخل و حەسادەت وەختە کوێر بێ میر و ئاغانە
بە سووئی زەن مەڵێن: میرزاتخلص بە ئومێدی خەیاڵێکە
کە چونکە ئەو «أبا عن جدْعربی» سەگی دەرگاهی گەیلانە