نیشتمانپەروەری
از کتاب:
دیوانی میرزا غەفوور
اثر:
میرزا غفور (1870-1938)
2 دقیقه
649 مشاهده
ئەرێ یاران، لەبەر چی وایە عالەم، مات و حەیرانە
لە گەرداوی غەم و هەمدا، ئەسیر و دڵ پەرێشانە
دەبینی دۆست و ئەحبابیش نەما مەیل و موحیبەتیان
کەوا ئێستا لە دەرحەق یەک، دەکۆشن بێ حیجابانە
ئەسەف بۆ میللەتی ئیسلام کەوا کوردایەتی مەحوە!
لەبەر سووئی ئەمەل ئەمڕۆ، سیاسەت مەردی مەیدانە
وەها کەوتۆتە داوی فیکرەتی تەحسیلی جیڤە و ماڵ
شەریعەت پایەماڵە و عیلم و تەدریسیش بە یەک «آنه»
چییە ئەم گۆنبەدی ئەفلاکە شینە، وا لەسەر قینە
بە دائیم هەر وەکوو بوومە، بە حیلە و فێڵ و ئەفسانە
فەلەک بۆخۆی دەنی تەبعە، وەها وەزعێکی گێڕاوە
بە کوللی کەس نییە فکری بە چاکی لەم خیابانە
سەباتی بۆ نییە، پێنج و دوو ڕۆژێ لەززەتێ نادا
بە کەس هەر وەک «ئەبو جەهلەشخص» لە دووی خوونی شەهیدانە
بە هەر نەوعێ تەماشا کەی، ئەوەندە دوون ڕەفتارە
ئەساسی وایە، ڕووی شینە، بە عەکسی هەر لە دەورانە
خەیاڵی عالەمی دنیای نییە، غەددارە، بێ باکە
تەماشا، چی لە عالەم کرد، گەدایە، ئێستە سوڵتانە
حیجابێکی نییە، بەد بەختە لۆ ئەولادی کاک ئەحمەد
دەگێڕێ وەزعی ناهەموار و مەیلی کافرستانە
خەجاڵەت بی لە دیوانی خودا ئەی چەرخی بێ مروەت
کە بوویتە دوشمنی خوونی، لەگەڵ ئەم قەومی کوردانە
دەسا؛ چی بکەم ئەگەر جارێ، دەگا دەستم بە دامانت
دەبینی چیت بەسەر دێنم، دەکەویە ڕەوتی دۆمانە